بەشداری ژنان لە وەرزشدا بە خەباتی ڕەوای ژنان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە
بەراورد بە ڕابردوو بەشداری ژنان لە وەرزشدا گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، ئەمەش بەهۆی خەباتی ژنان خۆیان بووە، کە توانییان گۆرانکاری هەم لەناو خێزانەکانیان و هەم کۆمەڵگەکەیاندا بکەن.

هێرۆ عەلی
ناوەندی هەواڵەکان- وەرزش، واتە چەندین جووڵەی فیزیایی، کە پێکدێت لە کۆمەڵێک یاری کە بە شێوەیەی کۆمەڵ یان تاک ئەنجامدەدرێت، هەروەها هەندێک کەس وەرزش دەکەن بە پیشە بۆخۆیان و هەندێک کەسیش بۆ تەندروستی خۆیان وەرزش ئەنجامدەدەن، خەباتی ژنانیش بۆ دەستکەوتنی مافەکانیان مێژوویەکی درێژی هەیە، نایەکسانی بەرامبەر بە ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا کراوە، کە لایەنی ئابووریی و سیاسیی و یاسایی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی گرتۆتەوە، هەروەها لایەنێکی تری گرنگیش کە مافی ژنانی تێدا پێشێلکراوە لایەنی وەرزشە، لەم لایەنە گرنگەی ژیانیش هەمووکاتێک ژنان چەوساونتەوە، تەنانەت لەبەشێکی زۆری کۆمەڵگە دواکەوتوەکاندا هەتاوەکو ئەمڕۆش زۆر وەرزش هەیە ناهێڵن ژنان بەشداری تێیدا بکەن و وەرزش کردن بۆ ژنان بە شتێکی خراپ یان حەرام دادەنێن، هەروەها لەو کۆمەڵگانەشی کە ئەمڕۆ ڕێگە بە ژنان دەدەن وەرزش بکەن، ئەوانیش پێشترڕێگەیان بە ژنان نەداوە کە وەرزش بکەن، بەڵام بەهۆی گۆرانکارییە مێژووییەکان و خەباتی رەوای ژنان، توانیویانە بگەنە ئەم رۆژانە و ژنانیش بۆیان هەبێت بەشداری هەموو یاریی و ئۆڵۆمپیاتەکان بکەن.
ژنان لە ٣٠٠٠ی پێش زایینەوە، بەشداری وەرزشیان کردووە، زۆربەی ئاماژەکان بۆ وەرزشی ژنان لە کۆندا یان لە ڕێگەی هونەری مینۆکانی سەردەمی برۆنزی، یان فیگەرە یۆنانیەکانەوە گیراوە، ئەم کارە هونەرییانە بەو شێوەیە لێکدەدرێنەوە کە ژنان لە یۆنانی کۆن ڕووبەڕووی سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی بونەتەوە، کە بە پلەی یەکەم لە ڕۆڵی ناوماڵدا قەتیس بوون، بەڵام بەشداریکردنیان لە وەرزشدا لە سەرانسەری شارەکاندا جیاواز بووە.
لە یۆنانی کۆندا ژنان دەیانتوانی لە هەندێک فێستیڤاڵدا بەشداری پێشبڕکێی پێ بکەن وەکو پێشبڕکێی سوارکاری، کە دەیانتوانی لە ڕێگەی ئەو پێشبڕکێیەوە سەرکەوتنی ئۆڵۆمپیاد بەدەستبهێنن، بەڵام هەموو پێشبڕکێکانی تری ئۆڵۆمپیادیان لێقەدەغەکرابوو، بەڵام ژنانی سپارتا وەک پیاوان بەشدارییان لە وەرزشدا کردوە، وەک وەرزشەکانی: زۆرانبازی، فڕێدانی شمشێر، پێشبڕکێی پێ، کە هەموویان ستاندارد بوون بۆ ئەوەی ژنان بەشداریان تێدا بکەن.
سپارتا هانی ڕاهێنانی جەستەیی ژنانی دەدا، پێیانوابوو کە ژنانی بەهێز و وەرزشوان نەوەیەکی تەندروستردەهێننە دونیاوە، لە کاتێکدا ئەسینای پایتەخت بە گشتی ژنانی لە پێشبڕکێکان دووردەخستەوە، بەڵام لە یارییەکانی هێرای کە بۆ ڕێزلێنان لە خوداوەند هێرا بەڕێوەدەچوو، تێیدا بەشداری پێشبڕکێی پێی بۆ ژنانی گەنج ڕەخساندبوو، وەکو پێشبڕکێی سوارکاری، کە دەیانتوانی لە ڕێگەی ئەو پێشبڕکێیەوە سەرکەوتنی ئۆڵۆمپیاد بەدەستبهێنن، هەروەها سینیسکای سپارتا، یەکەم ژن بووە کەبۆتە براوەی پاڵەوانێتی ئۆڵۆمپیاد لە ساڵی ٣٩٦ پێش زایین، کە لە پێشبڕکێی گالیسکەی چوارئەسپیدا ڕاهێنانی کردوە و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، سەرکەوتنەکەشی تەحەدای ئەو تێڕوانینەی کردوە کە تەنها پیاوان دەتوانن شکۆمەندی وەرزشی بەدەست بهێنن، هەروەها بۆتە هۆی دروستبونی مشتومڕ لەسەر پێگەی ژنان لە کۆمەڵگەی یۆنانیدا.
دواتریش یوریلیۆنیس لە سپارتا، دووجاربۆتە پاڵەوانی ئۆڵۆمپیاد لە پێشبڕکێی گالیسکەی دووئەسپدا، کە شوێنپێی سینیسکای گرتەوە و زیاتر لێهاتوویی ژنانی لە پێشبڕکێکانی سوارکاریدا سەلماند.
دواتر لە سەدەی هەژدەهەم و نۆزدەهەمدا بەشداری ژنان لە وەرزشدا زیادیکرد، لە ١٩٧٤دا، دامەزراوەی وەرزشی ژنان لەلایەن بیلی جین کینگ لە ئەمریکا دروستکرا، کە رێکخراوێکی پەروەردەیی خێرخوازیبوو کە تایبەبووبە زیادکردنی بەشداری ژنان لە وەرزش و دروستکردنی جەماوەرێکی خوێندەوار کە پشتگیری لە یەکسانی ڕەگەزی بکات لە وەرزشدا.
لە ساڵی ١٩٧٦دا، تۆپی دەستی ژنان لە ئۆڵۆمپیادی هاوینەی ١٩٧٦ زیادکرا، لەساڵی ١٩٨٧یش، یەکەم پاڵەوانێتی جیهانی ژنان لە بەرزکردنەوەی قورساییدا بەڕێوەچوو، هەروەها لەساڵی ١٩٩٦، یەکەم کۆنفرانسی ئاسیا سەبارەت بە ژنان و وەرزش لە شاری مانیلا لە فلیپین بەڕێوەچوو، کە نزیکەی ١٥٠ بەشداربوو لە ١٢ وڵاتی ئاسیا بەشدارییان لە کۆنفرانسەکەدا کرد، کە تێیدا گفتوگۆکان دەربارەی جاڕنامەی مانیلا سەبارەت بە ژنان و وەرزش گەیشتە لوتکە، کە پشتگیری بۆ ژنان لە وەرزشدا ڕاگەیاند.
لە عێراقیشدا لە ساڵی ١٩٥٦، جوڵەیەک بۆ دامەزراندنی لقێکی پەروەردەی وەرزشی ژنان کرا، هەروەها بۆ برەودان بە بەشداری ژنان، فیدراسیۆنی وەرزشی ژنانی عێراق لە ساڵی ١٩٩٢ دامەزرا، بە دەستپێشخەری ئەنجوومەنی وەرزشی عێراق بە ڕەزامەندی لیژنەی ئۆڵۆمپی نیشتمانی عێراق، ڕۆڵی ئەویش پەرەپێدانی وەرزشی ژنانبوو لە پارێزگاکان لەگەڵ پێکهێنانی چوار یانەی ژنانی گەنج لە ئەلئەنبار، نەجەف، کەربەلا و موسڵ، بەڵام زۆرێک لە خێزانەکان کچەکانیان لە چالاکییە وەرزشییەکان قەدەغە دەکرد، ئەویش بەو پێیەی ترسیان لە دۆخی ئەمنی و باندە چەکدارەکان و میلیشیا مەزهەبییەکان و ڕووداوەکانی ڕفاندن و دەستدرێژی سێکسی هەبوو، ئەمەش وایکردبوو بەشداری ژنان لە وەرزشدا له سەر ئاستی خوێندنگە و زانکۆکان له عێراقدا پێش ساڵی ٢٠٠٣ کەمبێت، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ڕێژەی بەشداری ژنان لە بواری وەرزشیدا کەمێک بەرزبۆیەوە، بێگومان بارودۆخی عێراق ڕۆژانە لە گۆڕانکاری بەردەوامە و لە زۆرڕووەوە ناسەقامگیرماوەتەوە، ئەو گۆڕانکارییە بەرفراوانانەی کە شەڕ و داگیرکاری لەم ساڵانەی دواییدا هێناویەتییە ئاراوە، بووەتە هۆی دابەزینی بەرچاوی وەرزشی ژنان لە عێراقدا.
لە زۆربەی کۆمەڵگەکان لەناویشیاندا کۆمەڵگەی کوردی بە دابەشکردنی چالاکییە وەرزشییەکان بەسەر وەرزشی ژنان یان پیاواندا، ژنان لە زۆرێک لە وەرزشەکان بێبەش دەکەن، لەکاتێکدا ژنان نیوەی دانیشتوانی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و بەهۆی ڕۆڵی دایکان و ژنانەوە، دڵخۆشی و زیندوویی و تەندروستی ڕۆح و جەستە بە کۆمەڵگە دەبەخشن، بۆیە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ڕەگەزی و نەهێشتنی هەڵاواردن لە دژی ژنان، کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان وردە وردە وەرزشی ژنان پێشدەخەن، ئەمەش ساڵانێکی زۆری خایاند چونکە کۆمەڵگەی پیاوسالاری تێکەڵ بە نەریت و ئەقڵیەتی کۆمەڵگەیە.
هەرێمی کوردستان لە زۆر بواردا جێپەنجەی خۆی لە مافەکانی ژنان سەبارەت بە تەحەدیاتی خۆی لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی پیاوان زاڵ کردوە لە زۆر بواردا، وەرزشی ژنانیش لەم لایەنەدا ڕۆڵی هەبووە و سەرنج و پشتیوانی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی وەرگرتووە کە پەروەردەی دروستکردنی نەوەی وەرزشی ژنانی جیاواز دەکەن.
لە ساڵی نەوەدەکانەوە لەدوای ڕاپەرین یانەکان بەڕووی ژنانیشدا کرانەوەو لە ساڵی ٢٠٠٤، یانەی تۆپی پێی کچانی چۆمان دامەزرا، کە لە ئێستادا خاوەنی ١٣ یاریزانە لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، یاریزانەکانی سەرەڕای ڕێگری و ئازارەکانیان بەردەوامن لە یاریکردن و بەدیهێنانی خەونەکانیان.
یەکەمین خوێندنگەی تۆپی پێی ژنانیش لە سلێمانی بە پاڵپشتی CCPA دانیمارک و خوێندنگەی تۆپی پێی ئاشتی لە بەغدا، بە هاوکاری یانەی پێشمەرگە بە بەشداریی هەموو تەمەنەکان و لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقەوە بەبێ جیاوازی ، بۆ دروستکردنی یانەی ژنان و هەڵبژاردن لە تۆپی پێی ژنان کرایەوە، کە زیاتر لە ١٢٥ یاریزان داواکارییان پێشکەش کرد بۆ خوێندنگەکە.
ڕیکخراوی ژیما لە ساڵی ٢٠١٦ لە کوردستان دامەزراوە، کە یەکەم ڕێکخراوبوو لەسەر ئاستی عێراق کە وەرزشی ژنانی بەرەوپێش برد و پاڵپشتی ژنانی گەنجی کرد لە ڕێگەی پەرەپێدانی بەهرەکانیان لە وەرزشە جۆراوجۆرەکان و گەیاندنیان بۆ پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، لە ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٨، بەشداریان لە پاڵەوانێتی لاوانی ڕۆژئاوای ئاسیا کردوە، کە یاریزانانی ژنان لە ڕیزەکانی ڕێکخراوەکە لە ژێر ناوی هەڵبژاردەی عێراق یارییان کردوە.
لەساڵی ٢٠١٩شدا، یانەی سیروانی نوێ فێرگەیەکی تۆپی پێی یاریگای بچوکی بۆ کچان کردەوە، کە لە ئێستادا لە ئاستێکی بەرزی وەرزشیدان.
بە پێی یاسای وەزارەت، دەبێت ئیدارەی هەموو یانەیەک ئەندامێکی ژن بێت، بەڵام پەیڕەو ناکرێت
بەپێی یاسایەک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، پێویستە ئیدارەی هەموو یانەیەک ئەندامێکی ژن بێت، بەڵام بەشێکی کەمی ئیدارەکان ژنیان تێدایە، ئەمە لەکاتێکدایە هەبوونی یەک ئەندامی ژن بۆ یانەیەک کەمە، چونکە هێندەی وەرزشوانە ژنەکان ئاستیان باشە لەسەر ئاستی عێراق، ئاستی کوڕان باش نییە، بۆیە بەشی زۆریان بۆ ئەنجامدانی یاری دەچنە دەرەوە و پێویستیشە ژنان لەناو ئیدارەی یانەکاندا زیاتر بێت لە یەک ئەندام، هەروەها ڕۆژانە دەرچووانی کۆلێژی وەرزش زیاد دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەی دانامەزرێن، بگرە لەناو یانەکانیشدا بەشداریان پێناکەن، لەکاتێکدا دەتوانن ببنە ڕاهێنەر و ناوبژیوان، هۆکارەکەشی بۆ پشتگوێ خستنی حکومەت و نەبوونی سیستمێکی ڕاستی وەرزشییە.
بۆیە بۆ باشتر کردنی دۆخی ژنان، لە بواری وەرزشی دا پێویستە فیستیڤاڵ بکرێت بۆ منداڵەکان لە منداڵیەوە، کوڕ و کچ بە یەکسانی یاری بکەن تا هەست بکەن هەردووکیان بە تواناکانیان دەتوانن وەرزش بکەن، هەروەها پێویستە ئەو فیستیڤاڵانە پەلبکێشنە ناو قۆناغەکانی ناوەندیەوە، چونکە ئەگەر تێکەڵ یەک نەکرێت لە نێوان کوڕان و کچان هەمیشە جیاوازی دروستدەبێت و هەلی زیاتر بۆ کوڕان دەڕەخسێنرێت لەبواری وەرزشدا.
بۆیە سەرباری زاڵبونی کلتور و دەسەڵاتی پیاو سالاری ژنان بەردەوامن لە بەشداریکردنیان لە بوارە جیاوازەکانی وەرزشدا، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان و هەوڵەکانە بۆ برەودان بە یەکسانیی ڕەگەزی، بەڵام بەربەست لەبەردەم بەرەوپێشچونیاندا هەیە، زۆرترین ئاستەنگ کە دێتە بەردەم ژنانی وەرزشوان، ئەوەیە لەکۆمەڵگە تانەیان لێ دەدرێت و ڕێگریان لێدەکرێت لە بەشداریکردنیان لە هەندێک جۆری وەرزش بە بیانوی ئەوەی ئەو جۆرە وەرزشانە بۆ ژنان نابن و بۆ پیاوان شیاون، هەروەها کەرتی پەروەردەش هاوکارنیە لە بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی ژنانی گەنج لە بوارەکانی وەرزشدا، کە لەهەندێک لە خوێندنگەکاندا جۆرەکانی وەرزش جیاکراونەتەوە و دابەشکراون بە پێی ڕەگەز، هەروەها دەسەڵاتیش بێباکە و هاوکارنیە لە بەرەوپێشبردنی ڕۆڵی ژنان لە کایە وەرزشیەکاندا، بۆیە پێویستە هۆشیاری کۆمەڵگە زیاتربکرێت، هاوکاری ژنانی وەرزشەوان بکرێت تاوەکو پەیامە وەرزشییەکە بگەیەنین.