ژنانی ڕووبەڕووی ئایدیۆلۆژیا؛ ئامادەیی نوێ لە گۆڕەپانەکانی بەرخۆدان...٣
لە کاتێکدا هەندێک لە ژنان چەکیان هەڵگرتووە بۆ بەرگریکردن لە نیشتمانەکانیان، زۆرێک لە ژنانی دیکە بەردەوامن لە خەبات بۆ دانپێدانان و دادپەروەری و ئەو پێگەیەی کە شایستەی بەرخۆدانەکانیانە, هێزەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەزموونێکی یەکسان نییە.
مالڤا محەمەد
ناوەندی هەواڵ - پرسی هێزەکانی ژنان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاڵۆز و فرەلایەنەیە، لەگەڵ توخمەکانی مێژوو و ئایدۆلۆژیا و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکان تێکەڵ بووە، بەشداری ژنان لە هێزە سەربازییەکان ڕووداوێکی کتوپڕ نەبوو، بەڵکو بەرهەمی پەرەسەندنێکی وردە وردە بوو کە ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەوە، لەوانەش سنووردارکردنی کولتووری و تێڕوانینە نەریتییەکان بۆ ڕۆڵی ئەوان لە کۆمەڵگەدا.
بۆ تێگەیشتن لەم دیاردەیە، بەس نییە سەیری ژمارە فەرمییەکان یان بڕیارەکان بکەین، شیکارییەک بۆ پاڵنەرە بنەڕەتییەکانی پشت هێزەکانی ژنان و ئەو ئامانجانەی کە دەوڵەتەکان لە ڕێگەی ئەم هەنگاوەوە هەوڵی بەدەستهێنانی دەدەن و لێکۆڵینەوەیەک لە کاریگەرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە درێژخایەنەکانی پێویستە.
”ژنانی عێراق: لە یەکپۆشی سپییەوە بۆ بەرەکانی شەڕ”
لە بەغدا قارەمانێتی تاکە دۆمەینی پیاوان نەبوو، لە ساڵانی حەفتاکان و بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٧٧دا، ژنانی گەنجی خوێندکارە پزیشکییەکان و زانستی و پەرستاری بە جلوبەرگی سەربازییەوە بە کۆریدۆرەکانی زانکۆدا دەڕۆیشتن و پلەی ئەفسەریان بەدەستەوە بوو و ئەرکەکانیان لەناو هێزە چەکدارەکاندا ئەنجام دەدا، ئەو ساتە هەنگاوێکی ڕانەگەیزندراو بوو کە ژنانی عێراق چوونەتە گۆڕەپانی دەسەڵاتەوە.
بەڵام شەڕی ئێران و عێراق لە ساڵی ١٩٨٠ بە خێرایی مێزەکانی گۆڕی، لە کاتێکدا، بڵێسەی شەڕ لەسەر سنوورەکان دەگوزەرا، ژنان بانگ دەکران بۆ هێڵی پێشەوە، پاشان بە بێدەنگی بۆ دواوە دابەزین، دواتر بڕیاری وەستاندنی پێدانی پلەی سەربازی بە ژنان درا و دامەزراندنەکانیان سنووردارکرا بۆ ڕێککەوتنە مەدەنییەکان، لە بنەڕەتدا هەرکاتێک شەڕ هەڵگیرسا، بانگی ژنان دەکرا و هەرکاتێک کەم بووەوە، لەبیر دەکران، وەک ئەوەی بەشداریکردنیان کاتی و مەرجدار بێت و تەنها لە کاتی پێویستدا پێ بدرێت.
پاشان ساڵانی نەوەدەکان هاتە ئاراوە، دەیەیەک کە تێیدا ژنان ڕەتیانکردەوە تەنها تێبینی بن لە گێڕانەوەی بەرگری نیشتمانیدا، لە ساڵی ١٩٩٣ یەکەم یەکەکانی سەربەخۆی ژنان سەریان هەڵدا، دابەشکارییە سەربازییەکان بە سەرۆکایەتی ژنان، دوور لە کۆنترۆڵی پیاوان، ئەو ساتە لەدایکبوونەوەی بوو، بە پێچەوانەی هەر شتێک کە پێشتر هاتبوو، مەشقی شەڕ و ئەرکی تاکتیکی و گەشەسەندنی هۆشیاری کە ژنان نەک هەر بەتوانا بوون بەڵکو ئامادەکاریشیان هەبوو، بەڵام ئەم یەکانە وەک یەکەیەکی درێژخایەن و سەربەخۆ بەرگەیان نەگرت، زیاتر هاوشێوەی دەستپێشخەرییە تایبەتەکان بوون کە پەیوەست بوون بە بارودۆخی سزا و شەڕەکانەوە، دوای ٢٠٠٣ ئەو ئەزموونە کاڵ بووەوە، لە دوای هەڵوەشاندنەوە و داڕشتنەوەی سوپای عێراق، بەشداریی تاکەکەسی یان سنووردار جێگەی گرتەوە، بوونی ژنان کەم بووەوە بۆ ڕۆڵی سنووردار، زۆرجار بەڕێوبەری یان پزیشکی، لەگەڵ نەبوونی تەواوەتی یەکەکانی شەڕی سەربەخۆی ژنان.
ساڵی ٢٠٠٥ دیسان بانگەوازی ژنان کرا بۆ خۆبەخشی بۆ هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەڵام دەرفەتی بەرچاویان پێنەدرا، زۆرجار ژنان لە ڕۆڵی پزیشکی و بەڕێوبەری و ڕۆڵی دیکەی بیانی شەڕدا دەستنیشان دەکران، ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژنان لە سوپای عێراق هێشتا ڕووبەڕووی کەلێنی بەرچاوی کەم نوێنەرایەتی دەبنەوە، بەتایبەتی لە پۆستەکانی سەرکردایەتی و مەشق و ڕۆڵی تاکتیکیدا، ئەم نەبوونی کاریگەریە ڕاستەوخۆی لەسەر کاریگەری هێزەکان هەیە لە چارەسەرکردنی پرسەکانی وەک پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی یان ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ڕەگەزی.
سەرەڕای پاشەکشە دامەزراوەییەکان، چیرۆکی تاکەکەسی سەبارەت بە بەدەستهێنانی دەستکەوتی سەرنجڕاکێشی ژنان سەریان هەڵداوە، بۆ نموونە ئەنغام تەمیمی بووە یەکەم ژنی عێراقی کە پلەی فرقەی لە سوپای نوێدا بەدەست هێنا، دەستکەوتێکی سیمبولی کە ڕەنگدانەوەی توانای ژنانە بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بێت بۆ گەڕانەوە بۆ یەکەکانی ژنانی سەربەخۆی ساڵانی نەوەدەکان.
لەگەڵ لەشکرکێشی داعش بۆ سەر شارەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٤، دژایەتیەکی نوێ سەریهەڵدا: دەوڵەت یەکەکانی ژنانی زیندوو نەکردەوە، بەڵکو ژنان دەستپێشخەریی خۆجێیی سەربەخۆیان دامەزراند، دیارترینیان یەکینەکانی ژنانی ئێزیدخان لە شنگال لە ساڵی ٢٠١٥ بوو، کە دوای کۆمەڵکوژییەکان چەکیان هەڵگرت بۆ بەرگریکردن لە کۆمەڵگەکەیان، ئەم ئەزموونە توانای ژنانی بۆ بەرخۆدان نیشان دا، بەڵام لە دەرەوەی دامەزراوەی سەربازی فەرمی مانەوە، ئەمەش زیاتر پشتڕاستی کردەوە کە بوونی ژنان لە بەرگریی عێراقدا بە هەلومەرجەوە دەمێنێتەوە، کە پەیوەستە بە قەیرانەکانەوە نەک سیاسەت.
ئەمڕۆ داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ژنان لە ٥٪ زیاتری هێزە چەکدارەکان پێکناهێنن، کە زۆربەیان لە بوارەکانی ڕاگەیاندن و پزیشکیدان، لەکاتێکدا سەرکردایەتیکردن وەک خەونێکی دوور دەمێنێتەوە.
”ژنانی فەڵەستینی: لە نێوان سیمبول و چەک”
لە گۆشەی کامپەکاندا، لە نێوان دیوارە ڕوخاوەکان و دەنگی فڕۆکەکاندا، ژنانی فەڵەستینی بە دەنگێکی بێدەنگ بەڵام لەبیرنەکراو بابەتی قارەمانێتییان دەنووسی، کۆکردنەوەی ژنان لێرەدا هەمیشە فەرمی نەبووە، بەڵام بە قووڵی لە هۆشیاری گەلاندا چەسپاوە، کە وێنەی ژنە تێکۆشەرەکە بەستراوەتەوە بە کەرامەتی نەتەوەییەوە.
لە سیەکانی سەدەی ڕابردووەوە نیشانەکانی بەرخۆدانی ژنان لە قودس دەرکەوت، کە ژنان یەکێتییەکیان دامەزراند بۆ پشتیوانی لە شۆڕشگێڕان و قاچاخکردنی چەک، لە کاتی شۆڕشی ساڵی ١٩٣٦دا پەیام و چەکیان لە ژێر جل و بەرگەکانیاندا شاردبووەوە، لە ساڵی ١٩٤٨ حەلوا زەیدان بە چەکی هاوژینە کوژراوەکەی ڕووبەڕووی هێزەکانی ئیسرائیل بووەوە، دواجار دوای کوشتنی شەش کەسیان ژیانی لەدەستدا.
لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ژنانی گەنج پەیوەندییان بە کامپی مەشق و ڕاهێنانەوە کرد، لەنێویاندا دەلال موغرەبی، کە سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی کرد و ژیانی لەدەستدا و بوو بە سیمبولێکی نیشتمانی، لە کاتی دوو شۆڕشەکەدا، ژنان لە بەرەکانی پێشەوە دەرکەوتن، ڕووبەڕووی سەرکوت و زیندانی بوون، لەگەڵ ئەوەشدا پاشەکشەیان نەکرد.
سەرەڕای بوێرییان، سەرکردایەتی و پۆستە باڵاکان وەک دۆمەینی تایبەتی پیاوان مانەوە، تەنانەت لەناو ئەو فراکسیۆنانەی کە بانگەوازی یەکسانییان دەکرد، لە غەززە یەکەکانی ژنان لەناو حەماس و جیهادی ئیسلامیدا سەریان هەڵدا، بەڵام زۆرجار بەشداریکردنیان تەنها بۆ نمایشکردن بوو، بەهێزکردنی ڕاستەقینە نەبوو.
سەرەڕای مەشقەکانیان، ژنان لە ڕۆڵی تایبەتدا قەتیس بوون، لە کاتی پێویستدا بانگیان دەکرد و لە کاتی دانوستانەکاندا لەبیر دەکران، جیاکاری بە شێوەیەکی بەرچاو دیار بوو، هەروەها کولتوورێکی پیاوسالاری، تێڕوانینێکی نەریتی و کۆمەڵگەیەک کە هێشتا وەک سیمبولێک سەیری ژنانی دەکرد نەک سەرکردە، سەرەڕای ئەوەش، ژنانی نموونەی سەریان هەڵدا و ئەم سنووردارکردنانەیان شکاند و هەم لە سیاسەت و هەم لە بەرەکانی شەڕدا بوونی خۆیان دووپاتکردەوە.
لە شەڕی ئەم دواییەدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ژنان هێشتا لەناو کوتلە چەکدارەکاندا چەکیان هەڵگرتووە، هەرچەندە بوونی ئەوان بە بەراورد لەگەڵ پیاوان سنووردار بووە، هەندێکیان لە یەکەکانی پشتیوانی لۆژستی یان میدیای سەربازیدا کاریان دەکرد و هەندێکجاریش لە خودی ئۆپەراسیۆنە شەڕکەرەکاندا کاریان دەکرد، بەتایبەتی لە غەززە.
”لوبنان... لە پشتیوانی لۆژستییەوە بۆ وتاری سیاسی”
لە وڵاتێکدا کە پەیوەندییە خێڵەکییەکان لەگەڵ دەمانچەدا یەکدەگرنەوە و دڵسۆزیەکان لەبەردەم سنوورەکاندا دەکێشرێن، ژنانی لوبنان خەباتیان دەکرد بۆ دۆزینەوەی پێگەیەک لە گۆڕەپانەکاندا کە تەنها پێشوازییان لەو کەسانە دەکرد کە مۆری حزبییان لەسەر بوو.
لە سەردەمی شەڕی ناوخۆدا ژنان بە سیمایەکی سەربازییەوە پەیوەندییان بە پارتە سیاسییەکانەوە دەکرد، وەک حزبوڵا و هێزەکانی لوبنان، نەک وەک سەرکردە، بەڵکو وەک سەربازێکی بەستراو بە دڵسۆزی، بۆ ژنانی لوبنانی، چەک دەربڕینی سەربەخۆیی نەبوو، بەڵکو دەربڕینی سەربەخۆیی بوو، زۆرجاریش کاتیی بوو، واتە بە دیدێکی فێمینیستی سەربەخۆوە نەبەسترابووەوە.
لە ماوەی شەڕی ناوخۆدا (١٩٧٥-١٩٩٠) ژنان بەشدارییان لە خۆپیشاندان و خزمەتگوزاری ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و هەندێک ئۆپەراسیۆنی سەربازیدا کردووە، ئەوان پەیوەست بوون بە فراکسیۆنەکانی وەک بزووتنەوەی ئامال و حزبوڵا، بەڵام بەشداریکردنیان هەمیشە لە سنووری پیاوسالاری سیاسیدا بوو، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی شەڕەکەش دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان پێنەدرا بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان پێناسە بکەنەوە، بەڵکو دووبارە بەکارهێنرانەوە بۆ ڕۆڵی نەریتی، وتارەکەیان ڕازاندەوە بەبێ ئەوەی کۆنتڕۆڵی بڕیاردان بگرن.
هەڵاواردن لە پلەبەرزکردنەوە و فشارە کۆمەڵایەتییەکان و دۆخێکی سستی ئەمنی هەموویان بەشداری ژنانی لوبنانی لە سوپادا دەکەنە شەڕێک کە لە خودی شەڕی سەربازی کەمتر قورس نەبێت، سەرەڕای بوونی بەرنامەی مەشق و پشتیوانی دەروونی، گۆڕانکاری بە هێواشی و لە دەستپێشخەرییەکاندا قەتیس ماوە نەک لە سیاسەتەکاندا.
پاشان جەنا سادر، یەکەم ژن بوو لە مێژووی لوبنان فڕۆکەوانی فڕۆکەی جەنگی کرد، ساتێکی مێژوویی؟ بەڵێ، خاڵی وەرچەرخانێک؟ بەسەختی، چونکە ئەو ئاسمانانەی کە جەنا سادر تێیدا بەرزبووەوە، بەس نەبوون دەرگای فەرماندەیی زەمینی بەڕووی ژناندا بکەنەوە، هەروەها ژنان لە ڕۆڵی لۆژستیدا قەتیس بوون، لە کاتی پێویستدا بانگ دەکرا و لەبیر دەکران کاتێک باس لە پلە بەرزکردنەوە دەکرا.
ڕاستە ژنانی لوبنانی توانای بەرزبوونەوەی خۆیان سەلماندووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ڕێگرییان لێدەکرێت لە نیشتنەوە لە پۆستە بڕیاردەرەکاندا، چیرۆکێکی خەباتە، نەک کەمیی قارەمانێتی، بەڵکو کەمیی ناساندن، ئایا فڕۆکەوانی فڕۆکە بەسە بۆ ئەوەی مافی سەرکردایەتیکردنت پێ بدرێت؟ ئایا شەڕکردن بەسە بۆ ئەوەی بە سەرکردە هەژمار بکرێت؟ ئەزمونی ژنان لە لوبنان گوزارشت لە ڕاستیەکت بەرفراوانتری عەرەبی دەکات، کە ژنان وەک سیمبولی پێشکەوتن بەکار دەهێنرێن بەبێ ئەوەی کەرەستەی گەیشتنیان پێبدرێت.
”شوێنپێی ژنێک لە بەرگری نیشتمانی ئوردن”
هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە یەکەم دامەزراوەکانن کە ژنان لە ڕیزەکانی خۆیاندا تێکەڵ دەکەن، دەستپێشخەرییەکە لە ساڵانی ١٩٥٠ بە ژنان وەک مامۆستا دەستیپێکرد و ڕۆڵەکانیان پەرەی سەند و کاری مەیدانی و ئۆپەراسیۆنی تایبەت لەخۆدەگرێت، لە ساڵانی شەستەکاندا پەرستارانی سەربازی مەشقییان پێدەکرا و تا ساڵی ١٩٧٣ ئەندازیاری ژن وەک ئەفسەر لە سوپادا ڕاسپێردرابوون.
لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان لە ساڵانی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، ژنان دەستیان کرد بە بەشداریکردنی زیاتر لە هێزە چەکدارەکاندا، یەکەی تایبەت بۆ ژنان دامەزران، دەرفەتی مەشقی سەربازییان بۆ ڕەخساند، شازادە عائیشە بنت حسێن بووە یەکەم ژن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ساڵی ١٩٨٧ لە ئەکادیمیای سەربازی شاهانەی ساندهێرس دەرچووە، لە هێزە تایبەتەکانی ئوردن خزمەت دەکات و پاڵەوانی ڕۆڵی ژنان بووە لەناو هێزەکەدا و پلەی مەیجر جەنەڕاڵیشی بەدەستهێناوە.
لە ساڵانی نەوەدەکاندا ژمارەی ژنان لە هێزە چەکدارەکاندا، زیادی زیاتری بەخۆیەوە بینی، لەگەڵ هێنانەکایەی بەرنامەی زیاتری مەشق و پەرەپێدان بۆ بەهێزکردنیان بۆ ئەوەی ڕۆڵی زیاتر بگرنە ئەستۆ.
لە ساڵی ٢٠٠٣دا هەنگاوێکی بەرچاو نرا کاتێک ڕێگە بە ژنان درا وەک سەرباز بچنە ناو هێزە چەکدارەکانی ئوردن، بە تێپەڕبوونی کات، ژنان دەستیان کرد بە وەرگرتنی ڕۆڵی شەڕکردن، ئەمەش بەشداری کرد لە زیادبوونی ئامادەبوونیان لە سەربازیدا، هەروەها ڕۆڵی ژنان لە بواری سەربازیدا بەردەوام بوو لە پەرەسەندن، لە ساڵی ٢٠٠٧دا پێکهێنانی نهێنی پۆلیسی ژنانی هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی پشکنین و پاراستنی دیسپلینی سەربازی پێکهێنرا، لە ساڵی ٢٠١٠ ژنان دەستیان بە کارکردن کرد لەناو بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و پاراستنی تایبەت و ئاسایشی فڕۆکەخانەکان، ڕەهەندێکی چۆنایەتی بۆ زیادکردنی چاودێری و پشکنین زیادکرد.
پەرەسەندنی خزمەتی سەربازی ژنان بەردەوام بوو، لە ساڵی ٢٠١٦دا فڕۆکەوانی ژن بۆ مەشق و بڕوانامە وەرگیران بۆ ئەوەی پەیوەندی بە گروپە نوخبەکانی فڕینی هێزی ئاسمانی شاهانەی ئوردن و فڕۆکەوانی کۆپتەر و فڕۆکە جەنگییەکانەوە بکەن، لە ساڵی ٢٠٢١ بەشی تایبەت بە ئۆپەراسیۆنی ژنان دامەزرا.
لە سێ بەشی ئەم ڕاپۆرتەدا، دەبینین کە ئەزموونەکانی کۆکردنەوە لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هەلومەرج بوون، پەیوەست بوون بە قەیران و شەڕەکانەوە، و زۆرجاریش بە بڕیاری دەوڵەت یان کوتلەکان بەڕێوەدەبرا، کە تێیدا بانگەوازی بوونی ژنان دەکرێت لە کاتی پێویستدا و پەراوێز دەخرێت کاتێک سەقامگیری جێگیر دەبێت، کە لە هەموو ڕەهەندەکانیدا تەواو جیاوازە لە ئەزموونی ژنانی کورد لە چوار پارچەی کوردستان کە ڕێگایەکی جیاوازی گرتۆتەبەر، ئەمەیە کە لە بەشی چوارەم و کۆتایی ڕاپۆرتەکەماندا باسی دەکەین.