بۆچی دەوڵەتی تورک ژنان دەکاتە ئامانج؟

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بە هۆی هێڕشە سەربازییەکانی دەوڵەتی تورک لە ڕێگای ئاسمانی و زەمینی و بەکارهێنانی فرۆکەی بێفرۆکەوان چەندین ژن شەهید و بریندار بوون و بەوەش دووبارە ئەو پرسە دێنێتە پێشەوە ئایا تورکیا بۆچی ژنان دەکاتە ئامانج؟

هێڤی سەڵاح 

 

ناوەندی هەواڵ_چەندین ساڵە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامی هەیەو بە درێژای چەندین کیلۆمەتر لە خاکی باشوور بنکەی سەربازی دروستکردووە، هاوکاتی هێرشە سەربازییەکان دەوڵەتی تورک بە درێژای مێژوو تا ئێستا دەستی نەپارستووە لە بە ئامانج گرتنی ژنان  و بەتایبەت ژنانی چالاکوانی سیاسی و ڕۆژنامەنووس، و بە شێوەی ڕاستەوخۆ  ژنانی کردۆتە ئامانج و زۆرینەی کات هێرشەکان لە ناوجەرگەی شار و شوێنە مەدەنیەکاندا رووی داوە وەک گوند شوێنی کار یان ئۆتۆمبێلی  تایبەت. 

  

ئامانجی هێرشەکان شکاندنی هێزی ژنانە 

بە ئامانج گرتنی ژنان تەنها کوشتن یان لەناوبردنی تاکێک نییە، بەڵکو هێرشکردنە سەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەداو هەوڵێکە بۆ ترساندن و شکاندنی هێزی ژنان لە چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەیامێکی ناڕاستەوخۆیە بۆ کۆمەڵگە کە بەشداری ژنان لە بەرپرسیارێتی و گۆرانکاریدا قبوڵ ناکەن، لە لایەن دەوڵەتانی داگیرکەری تورك و دەسەڵاتداران بە ئامانجگرتنی ژنانی سیاسەتمەدار و چالاکوانان بەردەوامە و هەر ساڵێک بە شێوازی جیاواز ژنانی شۆڕشگێری کورد لەو کاتەدا بە ئامانج دەگرێت. 

  

 

کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس لەناوجەرگەی دیموکراسیدا ڕوویدا 

کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس لە ٩ ی کانونی دووەمی ٢٠١٣ ساکینە جانسز "سارا" و فیدان دۆغان "ڕۆژبین" و لەیلا شایلەمەز ڕوناهی" لە پاریس شەهید کران ، کۆمەڵکووژیەکە لە ناوجەرگەی دیموکراسیدا ڕوویدا ئەمە بووە هۆی نیگەرانی نێودەوڵەتی و زۆر لە چالاکوان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هاتنە دەنگ و وتیان کە بە ئامانج گرتنی ژنان و هۆکاری سیاسی بوونەتە هۆی شەهید کردنی ساکینە جانسز و هەڤالانی. 

  

لە کۆمەڵکوژی یەکەمەوە بۆ کۆمەڵکوژی دووەم 

لە دوای کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس دووبارە پاریس بوویەوە شوێنی هێرشێکی خوێناوی دژ بە کۆمەڵگەی کورد، ڕووداوەکە وەک کۆمەڵکوژی دووەمی پاریش ناسرا، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ دام هێرشێکی چەکدارانە لە نزیک ناوەندی کولتووری کوردی لە پاریس ڕوویدا و هەریەک لە ئەڤین گۆیی، ئەندامی ئەنجومەنی جێبەجێکاری کەجەکە، عەبدولڕەحمان کزل، وڵاتپارێز و میر پەروەر، هونەرمەند شەهید کران، ئەم هێرشە دوای ساڵانێک لە کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس ڕوویدا نیگەراننیەکی قوڵی لەسەر ئاسایشی کوردستان و پاراستنی چالاکوانی سیاسی و ژنان دروست کرد. 

  

لە بەرامبەر بەئامانج کردنەکان ژنان زیاتر ئەرکدارن 

ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ بە بانگەوازێک بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراسی دەستیپێکرد  و لە ئیستادا پرۆسەیەکی قوڵی گۆڕانکاری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان دەستی پێکردووە و دەکرێت ئەم پرۆسەیە بەگوێرەی بەرژەوەندی هاوبەشی گەل و ژنان هەڵسەنگێندرێت، بەڵام بۆ ئەمەش ئیرادەیەکی چالاک و یەکلاکەرەوە و بونیادنەر پێویستە، ڕێبەر هەمیشە ژنانی خستووەتە ناو چەقی خەبات و لەم پرۆسەی ئاشتییەدا ئەرکدار کراون کە ڕۆڵی ئاشتییانەی خۆیان بگێڕن. 

 

بۆچی لەیلا زانا؟ 

 لەگەڵ ئەوەی هەوڵەکان بەردەوامی هەیە بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرامبەردا هێزە کۆنە پەرستەکان بەردەوامن لە کارکردن دژی ئەو پرۆسەیەو بە ئامانج گرتنی ژنان و بەردەوام کار دەکەن بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی داهاتووی گەلی کورد و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمەڵە کەسێکی ڕەگەزپەرست، هەڵمەتێکی دوژمنکارانەیان دژی ژنە تێکۆشەر لەیلا زانا دەستپێکردووە، ئەم بێڕێزییە سەرەتا لە ناو هاندەرانی یارییەکی تۆپی پێ دەستیپێکرد و دواتر تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنییەوە، کە ئامانجیان تێکدانی زمانی ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلانە.  

 

دوا بە دوای ئەوە لە هەموو بەشەکانی کوردستان و کوردانی ئەوروپا ئەو هێرشە ڕەگەز پەرستییەکان بۆ سەر لەیلا زانا بە شێوازی جیواز شەرمەزار کرد و هەر یەک لە پلاتفۆڕمی ژنانی باشووری کوردستان و ئەنجومەنی عەشتاری مەخموور، کەژەکە،و چەندین دەزگاو ڕێکخراوی دیکە بە شێواز و چالاکی جیاواز ئەو هێرشەیان شەرمەزار کرد. 

  

لەیلا فەخرەدین داغلى، ناسراو بە لەیلا زانا، یەکێکە لە ژنە سیاسەتمەدارە ناسراوەکانی باکووری کوردستان کە ساڵانێکی زۆر لە زیندانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا ماوەتەوە،. 

 

 لە ٣ی ئایاری ١٩٦١ لە گوند باخچەى شاری فارقینی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە، ژنە سیاسەتمەداری کورد و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا زیندانی کراوە، هەمیشە بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانییەوە ڕووبەڕووی فشار و هێرشی ڕەگەزپەرستی پەرلەمان و دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بووەتەوە لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا ژیانی هاوژینی لەگەڵ مەهدی زانا سەرۆکی گەورە شارەوانیی پێشووتری ئامەد پێکهێنا.  

 

بە ئامانجکردنی ژنان و لەم دواییانەدا لەیلا زانا، کە لە سەروبەندی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیموکراتیکدایە، دەرخەری ئەوەیە نەیارانی کورد هەمیشە لە ڕۆڵ و دەنگی ژنان دەترسێت و هەمیشە لەڕێگەی گیانی و دەروونییەوە هەوڵی بەئامانج کردنیان دەدات.