زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان هەڕەشەیە بۆ ژیان لەسەر زەوی

سروشتی زەوی توانای خۆڕاگری و زیندوو مانەوەی هەیە، لە ئێستاشدا زەوی لە ژێر هەڕەشەی لەناوچوندایە بەهۆی زۆری ڕێژەی دانیشتوان و خراپی سیستەمی سەرمایەگوزاری و جەنگەکان.

سروشتی زەوی توانای خۆڕاگری و زیندوو مانەوەی هەیە، لە ئێستاشدا زەوی لە ژێر هەڕەشەی لەناوچوندایە بەهۆی زۆری ڕێژەی دانیشتوان و خراپی سیستەمی سەرمایەگوزاری و جەنگەکان.

 

ناوەندی هەواڵ

لە ئێستا ڕێژەی دانیشتوان بە شێوەکی مەترسیدار لە گەشەکردندایە و کاریگەری زیانبەخشی لەسەر زەوی بە جێهێشتووە، زانایان هۆشیاری لەسەر زیادبوونی ئەگەرەکانی لە ناوچوونی زەوی و مرۆڤایەتی بەهۆی پەستانی دانیشتوان و خراپی سیستەمی سەرمایەداری دەدەن.

 

لە ماوەی تەنها ٣ ساڵدا ٢٥٠ ملیۆن کەس زیادی کردووە لە جیهاندا

جووڵەی سروشتی دانیشتوان، لە ئەنجامی جیاوازی ژمارەی لە دایكبووان و مردووان دێتە كایەوە، لە ڕابردوودا ژمارەی ئەوانەی دەمردن، لە ژمارەی ئەوانەی لە دایکدەبوون زیاتر بوو، بۆیە دانیشتوانی گۆی زەوی زۆر بەکەمی گەشەی دەکرد هەندێک کاتیش هیچ گەشەی نەدەکرد، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا و برسێتی و شەڕەوە، بۆ نمونە ژمارەی دانیشتوانی جیهان تاوەكو ساڵی یەكەمی زایینی بە ٢٥٢  ملیۆن كەس مەزەندە كراوە، بەڵام پاش هەزار ساڵ، واتە لە ساڵی ١٠٠٠ ی زاینی هەر لەدەوروبەری ٢٥٣ ملیۆن كەسدا بووە، بەڵام لەم سەردەمەدا لە ماوەی تەنها سێ ساڵدا ژمارەی دانیشتوان ٢٥٠ ملیۆن كەس زیاد کردووە.

 

لە ساڵی ٢٠١٩ دا، ژمارەی دانیشتوانی گۆی زەوی گەیشتە ٧،٥٧٧،١٣٠،٤٠٠ ملیار كەس، چاودێرانو پسپۆڕانی بواری دیمۆگرافیا هێندەی تر زەنگی مەترسیەكانی گەشەكردنی خێرا و لە ڕادە بەدەری دانیشتوانی جیهانیان ئاماژە پێدا، چونكە دەركەوت تەنها لە ماوەی سەدەی بیستەمدا دانیشتوانی جیهان نزیكەی ٤.٥ ملیار كەس زیادی كردووە و لەساڵێكدا نزیكەی ٨٤.٣ ملیۆن منداڵ لەدایک دەبێت.


كەواتە گۆی زەوی لەسەریەتی ساڵانە بەشی ئەو ٨٤ ملیۆن كەسە، خۆراك، ئاوی پاك، رێگەوبان، نیشتەجێبوون، پاركو جێگەی حەوانەوە، دامەزراوەی پەروەردەییو تەندروستی...، دابین بكات.

 

سەرەڕای زیادبوونی قورسترین جەنگەکان و کوشتاری، لە عێراق لەساڵێکدا یەک ملیۆن کەس زیاد دەبێت

بە پێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠١٧ ژمارەی گشتی دانیشتوانی عێراق ٣٧.١ ملیۆن كەس بووە، هەرچەندە خاکەکەی بە پیت و دەوڵەمەندە، بەڵام بارودۆخی عێراق نائارامە و هەلومەرجی ژیان ئاسان نییە بە جۆرێک ڕێژەی بێکاری، برسی بوون، بازرگانی کردن بە جەستەی ژنان، کارکردنی منداڵان و کەمی خۆراکی تەندروست کێشەیەکی بەرچاون، ژمارەی دانیشتوانی عێراقیش لە ساڵی ٢٠٢٠دا گەشتووەتە ٤٠ ملیۆن و ٢٢٢ هەزار و ٤٩٣ کەس، سەرەڕای زیادبوونی قورسترین جەنگەکان و کوشتار لە عێراق ئەم ڕێژەیە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

 

بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە چی ئاستێکدایە؟

 لە ساڵی ١٩٨١دا دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ٣ ملیۆن كەس بوو، تا ساڵی ٢٠١٨ دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بووە ٧ ملیۆن و ٢٨٣ هەزار كەس زیاتر و پێشبینیش دەكرێت لە ساڵی ٢٠٣٥، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان بگاتە ١٢ دوازدە ملیۆن كەس، ئەگەر بەراوردی هەرێمی كوردستان لە ئاستی جیهانیدا بكەین، ئەوا هەرێم لەو وڵاتانەیە بە خێرایی ژمارەی دانیشتوانەكەی گەشەی كردووە، لەگەڵ بوونی ئەم ڕێژە زۆرە لە هەرێمی کوردستان کەموکوڕتی بەرچاو لە سیستەمی بەڕێوەبەیدا هەیە لەگەڵ کێشەی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست.

 

خوێندن و دامەزراوەی تەندروستی، دابینکردنی جێگای نیشتەجێبوون و حەوانەوە، ڕێگەوبان و ئاوەڕۆ مافی سەرەتایی هەر تاکێکە  بە پێی ئەو ئامارانەی کە ئاژانسی نوژنها لە بەڕێوەبەری پلاندانانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی بەدەستیهێناوە، لە ئێستادا نزیەکەی نیو ملیۆن خوێندکار هەیە لەگەڵ ١٧٢٧ قوتابخانە ئەم ڕێژەیەش بە پێی پێویستی قوتابیان نییە و پێویستی بە نزیکی ٢٠٠ خوێندنگەی تر هەیە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە پلانەکان جێبەجێبکات.

 

گوندەکان ئاوەدان بکرێتەوە کێشەی زۆری دانیشتوان چارەسەر دەبێت

شارەزایان دەربارەی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان پێیان وایە ئەگەر پلانێکی باش بۆ شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیان هەبێت ئەوا بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوان هیچ کێشە و ئاستەنگیەک دروست ناکات، بە تایبەت ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و دەڵێن ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان هاوسەنگی دروستدەکات لە نێوان شارەکاندا و بەم شێوەیە کێشەی هۆسە و ئاڵۆزی دانیشتوان کەمتر دەبێت.

 

مرۆڤە بە تەمەنەکان پەشیمانن لە هێنانە دنیای منداڵی زۆر و گەنجەکانیش پێیان باش نیە لە ٣ منداڵ زیاتریان ببێت

ئەو هاوڵاتیانەی لە تەمەندان و چەند منداڵێکیان بووە لە ئێستادا پەشیمانن و دەڵێن بە پەروەردەیان ڕانەگەشتین و گەنجەکانیش پێیان باشە لە ٢ بۆ ٣ منداڵ زیاتریان نەبێت.

 

نەجیبە سوڵتان هاوڵاتیەکی بە تەمەنی شاری سلێمانیە، پەشیمانە لەوەی ٦ منداڵی هەیە و بە نوژنهای وت: "خوا منداڵەکانم لێنەسێنێت، بەڵام ئەقڵی ئێستام هەبوایە هەرگیز نەمدەهێشت لە ٢ بۆ ٣ منداڵ زیاترم ببێت چونکە پێیان ڕانەگەیشتم تێر خۆشەویستیان بدەمێ و هەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین بکەم"، ئەم ژنە پێشی وایە لەم وڵاتە تاوانە منداڵ بێتە دونیاوە و دەشڵێت لێرە هیچ مافێکی سەرەتایش نەدراوە بە منداڵەکانم، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کارێکی باشی بۆ گەنجەکان نەکردوە.

 

شیرین نەجیبە هاوڵاتیەکی گەنجە، خاوەنی ٣ منداڵە و بە پێویستی دەزانێت دایک و باوکەکان ئەوەندە منداڵیان ببێت کە بتوانن پێداویستیەکانیان بۆ دابینبکەن و دەڵیت "باش نییە لە ٣ منداڵ زیاتریان ببێت چونکە لە ئێستادا پەروەردە کردن قورس بووە."

 

ئایا چۆن ژمارەی دانیشتوان زەوی دەکاتە گۆڕستان بۆ هەموومان؟

هەر مرۆڤێک لە ڕۆژێکدا بە لایەنی کەم پێویستی بە ٦٠ لیتر ئاوی پاک هەیە بۆ دابین کردنی ژیانی، ئەمە لە ساڵێکدا دەکاتە ٢١٩ بەرمیل ئاو، لەکاتێکدا هەموو ڕووبەری زەوی تەنها ١.٥٪ ئاوی شیرینی هەیە، هەر تاکێکیش لە یەک خولەکدا ٧ بۆ ٨ لیتر هەوا هەڵدەمژێت و دەیداتەوە لە ڕۆژێکدا دەگاتە نزیکەی ١١ هەزار لیتر هەوا، کە لە ٢٠ ٪ی ئۆکسجینە.

 

لە ئێستاشدا زانایان هۆشیاری دەدەن سەبارەت بە کون یان تەنک بوونی چینی هەوای ئۆزۆن بە ڕێژەی ٤٠٪، ئەم چینە بەهۆی زۆری کارگەکان و بەکارهێنانی چەکەکانەوە شی دەبێتەوە و تیشکەکانی خۆر لە ئەنجامی شیبوونەوەیەوە دەبنە خانەی شێرپەنجەیی لە جەستەی زیندەوەرانی سەر زەویدا، هەروەها ساڵانە مرۆڤەکان زیاتر لە یەک ملیار و٢٠٠ ملیۆن تەن خاشاک لە جیهان فڕێ دەدەن.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکان هەر چوکلاتەیەک، هەر بۆنێک، هەر هەنگاوێک و هەر ئۆتۆمبێلێک گۆڕێکی درێژ مەودایە بۆ ئێمە و زەوی.

 

ت.پ