ئەلیف محەمەد: ئاگرکەوتنەوەکەی عەفرین مەترسی لەسەر ژینگە دروست دەکات

ئەلیف محەمەد، هاوسەرۆکی دەستەی شارەوانی گەلی عەفرین-شەهبا ڕایگەیاند، ئاگر لە عەفرینی داگیرکراو مەترسی لەسەر ژینگە دروست دەکات و پێویستە ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە دژی ئەم کارە بوەستن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا-لە ٢٣ی تەمووزدا دەوڵەتی تورک و چەتەکانی ئاگریان لە زەوییەکانی نێوان گوندەکانی ئەدەما و ئەلیبیسک لە ڕاجۆی کانتۆنی عەفرینی داگیرکراو بەردا و ئەم ئاگرە گەیشتە ٩ گوند و سەرجەم ناوچەکانی سووتاند، بە مەبەستی سوتاندنی شاخ و کێڵگەی خەڵک ئاگری تێبەردرا و ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە ئاگرەکە نەکوژاوەتەوە، تا ئێستا کەس کاردانەوەی نەبووە بەرامبەر بە سووتاندنی ئەو ئاگرەی کە بە ئەنقەست کراوەتەوە، حکومەتی تورکیا لە شاخ و گوندەکانی باکوور و باشووری کوردستان سیاسەتەکانی خۆی پیشان دەدات و لە عەفرینیش نیشانی دەدات.

 

ناوی ئەو گوندانەی کە سووتێندراون بەم شێوەیەن؛ ئەدەمۆ، ئێلیبیسکە، بیلیلکۆ، چەلا، چیلالکۆ، کۆسا، شەنگێلێ، بێراڤا و گوندی دێروێشە، لە ئەنجامی ئەم ئاگرکەوتنەوەدا هەزاران درەختی گەورە و بەرهەمدار وەک زەیتون، گوێز، هەنار، هەجیر هەروەها دارستانەکانی قەزاکە سووتاون، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین-سووریا، لە سەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٩١ هەزار نەمام سووتاون، لەگەڵ ١٢ هەزار هێکتار زەوی کشتوکاڵی، ٥٠٠ هەزار دار زەیتون و زیاتر لە ٢١ ملیۆن نەمامی دیکە بڕاوە.

 

ئەلیف محەمەد، هاوسەرۆکی دەستەی شارەوانی گەلی عەفرین شەهبا باسی ئەو ئاگرە کرد کە لە عەفرینی داگیرکراو ڕوویدا و خەریکە مەترسی لەسەر ژینگە دروست دەکات.

 

"لە هەرێمە داگیرکراوەکاندا تەنها کردەوەی دڕندانە ئەنجام دەدرێت"

ئەلیف محەمەد تیشكی خستەسەر ئامانجی لەناوبردنی ناسنامەی کوردو دەستی بە قسەکانی کرد: لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ، ئەو هێرشانەی کە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەستی پێکرد و کۆماری تورکیا گرتییە دەست بەردەوامن، لە هەموو هاوپەیمانییەکانیاندا، چاوەڕێی جینۆسایدی کوردەکان دەکەن، هەمیشە سیاسەتی جینۆساید و ستەمکاری لەسەر گەلی کورد ئەنجام دەدەن، ئامانجی سەرەکی ئەوان فراوانکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی خۆیانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها داگیرکردنی عەفرین یەکێک بوو لە بڕیارە جیهانییەکان بۆ ئامادەکاری بۆ میلیشیا و تەواوکردنی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ڕێگەی چەتەکانییەوە هاتە ناو عەفرین و بە هەموو شێوازە توندەکان داگیری کرد، لە ناوچە داگیرکراوەکاندا تەنها دزی و تاڵان و کاولکاری و کردەوەی دڕندانە ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ڕاستی داگیرکاری ئاشکرا دەکات، کە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی بۆ تاڵانکردن.

 

"دەوڵەتی تورکیا کوردستان تاڵان دەکات"

ئەلیف محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، کردەوە داگیرکارییەکان لەسەر سروشت بەهەمان شێوە ئەنجام دەدرێن و وتی: دەوڵەتی تورکیا تا ئێستاش داگیرکاری لە عەفرین ئەنجام دەدات، کۆمەڵگای دانیشتووی عەفرین لە ڕەوشت و کولتوور و مێژوو بێبەش کراوە و تاڵانیان کردووە، لەم دواییانەدا سروشت و مێژووی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و چەتەکانییەوە سووتێندراو لەناو دەچێت، ئەو ئاگرەی لە عەفرین داگیرساوە بە ئەنقەست بووە، بۆیە تا ئێستا نەکوژاوەتەوە، ئامانجی سەرەکییان لەناوبردنی سروشتی ناوچەکەیە بۆ ئەوەی مێژووەکەی نەمێنێت، هەزاران داری زەیتون، کە عەفرینی پێ اسراوە، سووتێندران و بڕدراون، ئەمە ڕاستی دەوڵەتی تورکیایە کە لە باکوور و ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان کارەکانی ئەنجام دەدات و دارستانەکان دەسووتێنێت، جیهان لە بەرامبەر ئەم کردەوانە بێدەنگە، داری زەیتونەکان دەفرۆشرێت و بازرگانی پێوە دەکات، ئەمە ئازاربەخشە چونکە ئەم درەختانە بە کاری دایکان و داپیرەکانمان چێندراون.

 

"ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە پێویستە چالاک بن"

ئەلیف محەمەد لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بەم سووتاندنە نەک تەنها عەفرین، جیهانیش دەکەوێتە مەترسییەوە و زیانێکی زۆر بە ژینگە دەگات، بەهۆی ئەوەی سروشت بە سووتاندنی دارستان و کێڵگەکانی عەفرین تاڵان دەکرێت و لەناو دەچێت، زیانێکی زۆر بە جیهان دەگەیەنێت، ئەمەش مەترسی لەسەر ژیانی مرۆڤ دروست دەکات، پێویستە ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان و ئەوانەی ژینگە دەپارێزن، پێویستە بە خێرایی هەنگاو بنێن بەرامبەر بەم کارانەی کە سروشت پێیدا تێدەپەڕێت، ئێمەی ژنانی عەفرین هەرگیز لە بەرامبەر ئەم کارانە بێدەنگ نابین و جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە عەفرین و داری زەیتون دەچێنین.