ئاوی ئامەد لە مەترسیدایە... بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆ هیچ سکاڵایەکی یاسایی تۆمار نەکردووە

لە کاتێکدا، پلانی فراوانکردنی کانێک لە ناوچەی پیران (دیجلە) بە نزیکەی پەنجا ئەوەندەی قەبارەی ئێستای لە ئارادایە، ئێستا ئەو سەرچاوە ئاوانەی کە خۆراک دەدەن بە ڕووباری دیجلە و کۆگاکانی ئاوی خواردنەوە، مەترسییان لەسەرە.

ئەکین ستێرک


ئامەد-پرۆژەی کۆمپانیای "ئۆلمەز بۆ کانگا" بۆ فراوانکردنی کارەکانی کانزاکانی لە گوندەکانی پیرەجەمان (کورشونلو) و هیریداین(قرق بينار) لە پارێزاگای پیران (دیجلە) نیگەرانی جددی لای دانیشتووان سەبارەت بە سەرچاوەی ئاو و بارودۆخی ژیان و تەندروستی گشتی دروست دەکات.

 

لە کاتێکدا کە پڕۆژەکە کاریگەری لەسەر ئاوی ڕووباری دیجلەو سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوەی ئامەد دەبێت، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی دەوڵەت هیچ داواکارییەکی یاسایی سەبارەت بەو ناوچانە تۆمار نەکردووە.

 

کۆمپانیاکانی ناسراو بە پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ حکومەت بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکانی باکووری کوردستان، لە گوندەکانی پیرەجەمان و هیریدان، لە پارێزگای پیران سەر بە ئامەد، ڕۆژانە ناڕەزایەتییەکان لە دژی پڕۆژەی زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی کۆمپانیای "ئۆلمەز بۆ کانگا"، کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە لە ناوچەکەدا کاردەکات، پەرەدەستێنێت.

 

لە ئێستادا، چالاکییەکانی کانگا لەسەر ڕووبەری ٢٤.٩٤ هێکتار ئەنجام دەدرێت، بەڵام ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (ÇED) کە بۆ پڕۆژەکە ئامادەکراوە ئامانجی فراوانکردنی ئەم ڕووبەرەیە بۆ ٥٣٢.٧٧ هێکتار، بەپێی پڕۆژەکە، پلانی هەیە ناوچەی کانگاکە نزیکەی پەنجا هێندە فراوانتر بێت بە بەراورد بە قەبارەی ئێستای، ئەم فراوانکردنە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گوندەکانی نیشتەجێبوون و سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و گرنگترین ئاوی ناوچەکە دەبێت.

حەوزەکانی ئاو لە مەترسیدایە

ناوچەی پڕۆژەکە دەکەوێتە یەکگرتنی حەوزی ڕووباری فورات و دیجلە، لەگەڵ جێبەجێکردنی پڕۆژەی فراوانکردنەکە، ماڵەکانی گوندەکان، سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە، کانیاوەکان و ناوچە پارێزراوەکانی ڕووباری دیجلە و حەوزەکانی دیبنی و قەرەکیزی، لە گرنگترین یەدەگی ئاوی ستراتیژیی ناوچەکە، دەچنە ناوچەی کاریگەری ڕاستەوخۆی کارەکانی کانگاکان.

 

هەروەها پێشبینی دەکرێت ڕووبارەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئامەد لە گوندی هیریدان بە تایبەتی کاریگەری پڕۆژەکەیان لەسەر بێت، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست خەڵکی گوندەکە کەوتوون.

 

هەروەها ڕاپۆرت کراوە، کە ڕووبەرێکی نزیکەی ٢٥٠ هێکتار، کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئامەد(DİSKİ) وەک حەوزی ئاو دیاری کراوە، لە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (ÇED)دا هاتووە. جگە لەوەش دەوترێت سەرچاوە ئاوییەکانی گوندەکانی کایاش و هیریدان دەڕژێنە ناو ڕووباری دیجلە.

 

ئەو بەنداوانەی پێشتر باسمان کرد بە سەرچاوەی ستراتیژی دادەنرێت کە گرنگییەکەی تەنها لە گوندەکانی دەوروبەری سنووردار نییە، بەڵکو ئاوی خواردنەوەش بۆ شاری ئامەد دابین دەکات، گوندنشینان هۆشداری دەدەن لە ئەگەری فراوانبوونی چالاکییەکانی کانگاکان، سەرچاوەکانی ئاو ڕووبەڕووی مەترسی پیسبوون و وشکەساڵی دەبنەوە.

 

شکستی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئامەد(DİSKİ)لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی

ئاماژە بەوەشکراوە، گروپەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئامەد(DİSKİ) کە لەم دواییانەدا پشکنینی مەیدانییان لە ناوچەکە ئەنجامدا، لەگەڵیدا، ڕووپێوییەکی مەیدانییان ئەنجامدا،  گوندنشینان وتیان: ئەگەر بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئامەد(DİSKİ)دەستوەردان بکات لە پرۆسەی یاساییدا بە دیاریکردنی ناوچەکە وەک حەوزی ئاوی خواردنەوە، ئەوە دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژەکە.

 

بەڵام سەرەڕای مەترسییەکانی سەر حەوزی ئاوی ناوچەکە، وا دیارە بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی ئامەد(DİSKİ)هیچ سکاڵایەکی یاسایی بۆ هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی پڕۆژەکە تۆمار نەکردووە.

 

لە تێبینییەکی دیکەدا، باس لەوە کرا، کە ماددە هەڵکەندراوەکانی ناوچەی کانزاکانی پیرەجەمان فڕێدراونەتە ناو ڕووبارەکەوە، لە ئەنجامدا کۆمپانیاکە غەرامە کراوە.

سەدان هەزار تەن پاشماوەو بەکارهێنانی بەرفراوانی تەقەمەنی

ئامانجی پڕۆژەکە توانای بەرهەمهێنانی شەش هێندە زیاد بکات و ساڵانە بگاتە دەرهێنانی ٥ ملیۆن تەن کانزا، بەپێی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (ÇED)، پێشبینی دەکرێت ساڵانە نزیکەی ٦٤٩ گەشتی گواستنەوە ئەنجام بدرێت، لەگەڵ بەکارهێنانی ٢.٥ ملیۆن لیتر سووتەمەنی و بەرهەمهێنانی ٦٠٠ هەزار تەن پاشماوەی کانگاکان.

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە پلانی بەکارهێنانی سەدان هەزار کیلۆ تەقەمەنی لە شوێنی پڕۆژەکە دەکات.

 

بڕینی دەیان هەزار نەمام 

بەپێی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی (ÇED)، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٢٠ هەزار نەمام ببڕدرێن و ڕووبەرێکی بەرفراوان لە دارستانەکان لەناوببرێن، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ مەترسی لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی سەدان جۆری زیندوو لە ناوچەکە دروست دەبێت.

 

زیادبوونی حاڵەتەکانی شێرپەنجە

ئەو مەترسیانەی کە پڕۆژەکە دروستی دەکات تەنها لە ژینگەدا سنووردار نییە، گوندنشینەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ساڵانێکی زۆرە بەرکەوتەی ماددە ژەهراویەکان بوون، بەتایبەتی کانزا قورسەکان، هەروەها ئاماژە بە زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکانی شێرپەنجە دەکەن، جگە لەو نەخۆشیانەی کە لە ناوخۆدا بە "نەخۆشی چەمریک" ناسراون.

 

بە وتەی دانیشتووانی ئەو شارە، لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەکی زۆر خەڵک بەهۆی شێرپەنجەوە گیانیان لەدەستداوە، خەڵکی ناوچەکە داوای لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنە و سەربەخۆ دەکەن بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی ئەم کێشە تەندروستییانە.

 

سکاڵای یاسایی تۆمارکراوە دژی بڕیاری هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی

سەندیکای پارێزەرانی ئامەد و کۆمەڵەی ژینگە و دانیشتووانی ناوچەکە داوای یاسایییان لە دادگای کارگێڕی ئامەد تۆمار کردووە و داوای هەڵوەشاندنەوەی "پەسەندکردنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی کاریگەری ژینگەیی" دەکەن کە لەلایەن وەزارەتی ژینگە و پلاندانانی شار و گۆڕانی کەشوهەوا دەرچووە و جێبەجێکردنیشی ڕابگیرێت.

 

گوندنشینەکان بەرگری بەردەوامی خۆیان لە زەوی و سەرچاوە ئاوییەکان و ژینگەکەیان دووپات دەکەنەوە، داوا لە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەکەن بەرپرسیارێتی خۆیان سەبارەت بە پڕۆژەکە لە ئەستۆ بگرن.