قەیرانی خاشاک لە کرماشان: لە نێوان بانگەوازەکانی حکومەت و ڕاستی ژینگەیەکی تاڵ

قەیرانی خاشاک لە کرماشان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، بەڵام بانگەشەکانی حکومەت سەبارەت بە دوبارە بەکارهێنانەوەی ١٠٠% ی دورن لە ڕاستی سەر زەوی، چونکە کارگەکانی دوبارە بەکارهێنانەوە زیاتر خەمی دروستکردنی قازانجیانە بۆ خاوەن پشکەکان نەک پاراستنی ژینگە.

نەسیم ئەحمەدی

کرماشان- لەدەستدانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێر زەوی و ژێرئاو کەوتنی زەوی و پیسبونی ژینگە و لەناوچونی جۆرەکانی ئاژەڵ هەموو ئەو مەترسیانەن کە ساڵانێکە چالاکوانانی ژینگەپارێزی هۆشداریان پێداوە و لێکەوتەی ترسناکیشی لێدەکەوێتەوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئەو هۆشداریانەیان پشتگوێ خستوە و هەوڵیان داوە نکۆڵی لە ڕاستیەکان بکەن، چونکە بناغەکانی ئەم سیستەمە لەسەر خاکێک بونیاد نراوە کە تا وشکتر بێت سودی زیاتری بۆ بڕیاردەران دەبێت.

 

لەم ساڵانەی دوایدا ژینگەی ئێران ڕوبەڕوی چەندین قەیران بوەتەوە، ئەگەر سەرنج بخەینە سەر پارێزگای کرماشان و لە تاکە پرسێک بکۆڵینەوە، قەیرانی کەڵەکەبونی خاشاکە، قەیرانێکە کە دەکرێت لێکەوتەی قەرەبو نەکراوی بۆ ژینگەی پارێزگاکە هەبێت، سەرەڕای نەبونی کەلتوری ڕیزکردنی خاشاک لە سەرچاوەکەیدا، حکومەت هیچ چارەسەرێکی دانەناوە بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕیەکانی بەڕێوەبردنی پاشماوە و دوبارە بەکارهێنانەوەی.

 

"زیادبونی بەرهەمهێنانی خاشاک و ئاماری دژ بەیەک"

بەپێی ئامارە بەردەستەکان، بەرهەمهێنانی خاشاک لە کرماشان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردودا لە ٦٠٠ تۆن لە ڕۆژێکدا بۆ هەزار و ٥٠٠ تۆن زیادی کردووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی خاشاک لە کرماشان بەردەوام لە زیادبوندایە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی ورد و متمانەپێکراو بۆ دوبارە بەکارهێنانەوەی ئەم بڕە خاشاکە نییە.

 

ئاژانسەکانی ڕاگەیاندنی سەر بە حکومەت لە ساڵی ٢٠١٩دا باسیان لەوە کردوە، کە ڕۆژانە ٧٠٠ تۆن خاشاک لە کرماشان دوبارە بەکارهێنانەوەیان بۆ دەکرێت و هەمان سەرچاوە حکومیەکان لە شوێنەکانی دیکەش باسیان لەوە کردوە کە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی خاشاک لە کرماشان ٦٠٠ تۆن بوە، ئەم دوو ڕاپۆرتە ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی لە ١٠٠%ی خاشاکی بەرهەم هێنراو لە کرماشان دوبارە بەکاردەهێنرێتەوە، تەنانەت وڵاتانی پێشەنگی دوبارە بەکارهێنانەوە هەرگیز بانگەوازی ئەوە ناکەن کە لە ١٠٠%ی خاشاکەکانیان دوبارە بەکاردەهێننەوە، ڕێژەی دوبارە بەکارهێنانیان لە نێوان ٦٠% بۆ ٩٠% یە لە کەرتە جیاوازەکاندایە.

 

لەسەر بنەمای ئەم بانگەشەیە، پارێزگای کرماشان بە تەنها لە بواری دوبارە بەکارهێناندا وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، نەمسا و بەلجیکای تێپەڕاندوە، ئەم بانگەشەیە لە کاتێکدایە کە حاویەکانی سەر شەقامەکانی کرماشان بە خاشاک پڕن و بە وتەی زۆرێک لە دانیشتوانی ئەو شارە زۆرجار ئەم حاویانە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەتاڵ ناکرێن.

 

"کەلێنی نێوان بانگەواز و ڕاستی لە دوبارە بەکارهێنانی خاشاکدا"

وێرانبونی کەشتیگەلی گواستنەوەی خاشاک، ئەو حاویانەی کە پێویستیان بە گۆڕین و چاودێریکردنی تەواو هەیە، نەبونی حاویەی تایبەت بۆ جیاکردنەوەی خاشاک لە شەقامەکانی کرماشان نیشانەی ئەوەن کە شارەکە هیچ پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بواری دوبارە بەکارهێنانەوەی خاشاکدا بەدەست نەهێناوە تەنانەت یەک هەنگاویشی لەم ئاراستەیەدا نەناوە.

 

حکومەت لە ڕێگەی "کۆمپانیای دوبارە بەکارهێنان ماددە و بەرهەمهێنانی پەین" کە لەوێ هەڵکەوتوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان پەرە بە دوبارە بەکارهێنانی خاشاکی بەرهەم هێنراو لە کرماشان دەدات، بانگەشەی ئەوە دەکات کە ئەم کۆمپانیایە لە ١٠٠%ی خاشاکی بەرهەم هێنراو لە پارێزگاکەدا دوبارە بەکاردەهێنێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە بەپێی سەردانە مەیدانیەکان و زانیاریە بەردەستەکان، ئەم کۆمپانیایە ڕۆڵێکی کاریگەری نەبوە لە کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی پیسبونی ژینگە، بەڵکو تەنها کارگەیەکە کە ئامانج لێی بەدەستهێنانی قازانجە بۆ خاوەن پشکەکانی.

 

بەڕێوبەرایەتی ئەم کۆمپانیایە بانگەشەی ئەوە دەکات کە زۆربەی ئەو خاشاکانەی لە کرماشان و شارەکانی دەوروبەری بەرهەم دەهێنرێن دوبارە بەکاردەهێنرێنەوە، بەڵام دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە ئامانجی سەرەکی دەبێت کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خاشک و پیسبوونی ژینگە بێت نەک تەنها قازانج لە لە دوبارە بەکارهێنانی خاشاک بۆ گروپێکی دیاریکراو کە لەم بوارەدا کاردەکەن.

 

"ناکارایی کارگەکانی دوبارە بەکارهێنانەوە و گرنگیدانیان بە بەرژەوەندییە کەسییەکان"

مەبەست لە وروژاندنی ئەم پرسە ئەوەیە کە بپرسین: ئەگەر ئەم کارگانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کار بۆ پاراستنی ژینگە دەکەن، بۆچی هیچ حاویەیەکی ڕیزکراو لەسەر شەقامەکانی شاردا دانانێن؟ وە بۆچی ژینگەی کرماشان و هەروەها ناوچەکانی دەوروبەری هێشتا پڕن لە خاشاک و پاشماوەی بینا؟ لە ساڵی ٢٠١٤دا کردنەوەی یەکەمین کارگەی  دوبارە بەکارهێنانانەوەی پاشماوەی بینا لە کرماشان ڕاگەیەندرا و دەوترا کە مۆدێلێکە بۆ پارێزگاکانی دیکە، بەڵام دوای ئەوەی بەڕێوەبەرەکانی بڕە پارەیەکی زۆریان لە بودجە و قەرزی زەبەلاح وەرگرت دوای چەند مانگێک داخرا.

 

ئەم کۆمپانیایە بۆ دوبارە بەکارهێنانەوەی خاشاک لە لایەن هەمان بەڕێوەبەرایەتی بەڕێوەدەبرێت کە کۆمپانیای  دوبارە بەکارهێنانەوەی خاشاک لە پارێزگای کرماشان بەڕێوەدەبات کە پێشتر باسمان کرد، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئامانجی سەرەکی ئەو دروست کردنی قازانجە بۆ خاوەن پشکەکان نەک چارەسەرکردنی قەیرانە ژینگەییەکانی پارێزگاکە، لە ماوەی ١١ ساڵی ڕابردودا کۆمپانیای دوبارە بەکارهێنانەوەی پاشماوە هیچ چالاکیەکی بەرچاوی لە بواری چارەسەرکردنی پاشماوەی بیناسازیدا ئەنجام نەداوە، بەڵکو شوێنێکی دیاری کردوە بۆ کۆکردنەوەی ئەم خاشاکە بۆ دوبارە بەکارهێنانەوە، بەڵام ئەم شوێنە شاهیدی هیچ کارێکی ڕاستەقینەی دوبارە بەکارهێنانەوە نەبوە و لەبری ئەوە بوەتە حاویە.

 

"ناکارایی کارگەکانی دوبارە بەکارهێنانەوە و گرنگیدانیان بە بەرژەوەندییە کەسییەکان"

ئامانجێکی دیکەی پشت وروژاندنی ئەم پرسانە ئەوەیە کە ئەگەر کارگەیەکی دوبارە بەکارهێنانەوە بکرێتەوە، پێویستە ڕێبازەکەی لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خاشاک و پاککردنەوەی ژینگە و چارەسەرکردنی هەموو جۆرە پیسبونێکی ژینگە بێت نەک تەنها لەسەر قازانجی دارایی.

 

"کەمی بودجە و خراپی ئامێرەکان و خراپی بارودۆخی کارکردن"

بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ی شارەوانیی کرماشان بە ٨.٥ ترلیۆن تمەن دانراوە، کە هاوتایە لەگەڵ یارمەتیە نەختینەکانی ٤٥ هەزار تمەن بۆ ١٨٨ ملیۆن کەس کە نزیکەی دوو هێندەی ژمارەی دانیشتوانی ئێرانە، ئەگەر تەنها لە ٢%ی ئەم بڕە پارەیە تەرخان بکرێت بۆ کڕینی حاویەکان  و دابینکردنی بەرنامەی خولی پەروەردەیی جۆراوجۆر، دەتوانرێت بەرهەمهێنانی خاشاک و پیسبونی ژینگە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە.

 

زۆربەی کرێکارانی پاکوخاوێنی شارەوانییەکان کەرەستەی سەرەتایی وەک عەرەبانە و شۆفڵ بەکاردەهێنن بۆ کۆکردنەوەی خاشاک و زۆربەیان کەمترین موچە وەردەگرن، هەروەها ئەو جلەی کە پێویستە ڕۆژانە لەبەریبکەن زۆر جار دڕاوە، تەندروستی جەستەیی و دەرونیشیان خراپە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە شارەوانی زۆرترین کاریان بەسەردا دەسەپێنێت بە کەمترین موچە، وە هەوڵدەدات بچوکترین بودجە بۆ ئەو کارمەندە سەرەکیانەی بەرپرسیارن لە کۆکردنەوەی خاشاک لە شارەکەدا تەرخان بکات.

 

جگە لە زۆرێک لە کەلوپەل و کەموکوڕیەکانی پاکوخاوێنی لە شارەوانی کرماشان، بارهەڵگرەکانی پاشماوە وێرانە و کۆنتێنەرە زبڵەکانی دەرەوەی خزمەتگوزاری نیشان دەدەن کە ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ چارەسەرکردنی پاشماوە لە کرماشان گیراونەتەبەر تەنیا فۆرماڵیزمێکن کە مەبەست لێی پەردەپۆشکردنی ڕاستی و پاساوهێنانەوەیە بۆ کەمتەرخەمی ئاشکرای ئەم دامەزراوەیە.

 

"ڕاستی قەیرانی خاشاک لە کرماشان"

بە لەبەرچاوگرتنی شیکاریەکانی پێشوو و بارودۆخی ئێستای شەقامە خاشاکەکانی شار، دەتوانین بڵێین، بە پێچەوانەی هەموو بانگەشەکانی حکومەت سەبارەت بە چارەسەرکردنی پاشماوە لە کرماشان، قەیرانی خاشاک زۆر لەو تێڕوانینە زیاترە کە دەسەڵاتداران لە ڕێگەی ڕوبەرێکی ئەرێنییەوە هەوڵی چاندنی لە کۆمەڵگەدا دەدەن، ئەم ڕوبەرە هەرچەندە بە بانگەشەی درۆ ڕازاوەتەوە، بەڵام ناتوانێت نکۆڵی ئەو ڕاستیە بکات کە حکومەت ڕۆڵی هەیە لە گەورەکردنی ئەم قەیرانەدا.