پاشەکشەی نیل ئاڵەنگاری ئابووری نوێ بۆ سودان دروست دەکات

پاشەکشەی ئاوی نیل لە سودان نیگەرانیی جددی لەسەر ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ و سامانی ئاژەڵ و ماسیداری دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە داوای دیارییکردنی هۆکارەکان و چارەسەری بەپەلە بکەرێت بۆ ڕێگری لە لێکەوتە ئابووری و گوزەرانییەکان.

ئایا ئیبراهیم

 

سودان ـ لە کاتێکدا سودان ڕووبەڕووی لێکەوتەکانی ململانێی بەردەوامی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەبێتەوە لە نیسانی ٢٠٢٣وە، دیاردەی پاشەکشەی ڕووباری نیل و دابەزینی ئاستی ئاو لە چەند ناوچەیەکدا سەری هەڵداوە بۆ ئەوەی تەنگژەیەکی نوێ بخاتە سەر لیستی ئەو قەیرانانەی کە باری وڵات قورس دەکەن.

 

دەرکەوتنی ڕووبەری بەرفراوان لە بنی ڕووبارەکە و پاشەکشەی ئاو لە ناوچەی جیاوازی، بەتایبەت لەو ڤیلایەتانەی دەکەونە سەر هەردوو کەناری نیل، نیگەرانیی دروستکردووە سەبارەت بە لێکەوتەکانی ئەم دیاردەیە لەسەر ئاوی خواردنەوە، کشتوکاڵ، سامانی ئاژەڵ و ماسیداری، لەگەڵ کاریگەرییە ئابووری و گوزەرانییەکانی لەسەر هاولوڵاتییان.

 

ڕووباری نیل بە دەمارێکی سەرەکیی ژیان لە سودان دادەنرێت، چونکە چینێکی فراوان پشتی پێ دەبەستن لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و ئاودانی زەوییە کشتوکاڵییەکان و بەخێوکردنی ئاژەڵ و ڕاوەماسی، لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی بە چەند چالاکییەکی ئابووری و بەرهەمهێنانەوە هەیە، ئەمەش وای کردووە هەر گۆڕانکارییەکی دیار لە ئاستی ئاوەکەیدا جێی نیگەرانی بێت، بەتایبەت لە سایەی هەلومەرجە نائاساییەکان کە وڵاتەکە پیایدا تێپەڕ دەبێت.

 

کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر کشتوکاڵ

 

 

ڕانیا عەبدول ڕەزاق، ژنە ڕۆژنامەنووسی بایەخدار بە کاروباری ئابووری، پێیوایە کە کشانەوەی نیل زۆر کاریگەریی نەرێنی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەتایبەت لەسەر کەرتی کشتوکاڵ لە پارێزگای باکوور کە بە ڕێژەیەکی زۆر پشت بە کشتوکاڵ و ئاوی نیل دەبەستێت، وتی: کاریگەرییەکانی ئەم دیاردەیە دەستیان کردووە بە دەرکەوتن لە ژیانی ڕۆژانەی جوتیاراندا، لە ڕێگەی سەختی گەیشتن بە ڕووبارەکە و ناچاربوونی هەندێکیان بە بڕینی مەودای درێژتر بۆ گەیشتن بە سەرچاوەکانی ئاو.

 

ئەوەش دەخاتە ڕوو کە بەردەوامبوونی پاشەکشەی نیل دەکرێت ڕاستەوخۆ کار لە ئابووری بکات، وەک دەرئەنجامی زیانلێکەوتنی هەندێک لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان کە پشت بە ئاوی ڕووبارەکە دەبەستن، شانبەشانی بەرزبوونەوەی تێچووی بەدەستهێنانی ئاو، کە هاوکاتبوونی ئەم دیاردەیە لەگەڵ وەزی هاویندا ئاڵۆزییەکانی قەیرانی ئاو زیاتر دەکات.

 

جەختی لەوە کردروە، کە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە دەست تێوەردانی لایەنە فەرمییە تایبەتمەندەکان هەیە بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زانستی و هایدرۆلۆجی بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی، دانانی چارەسەری گونجاو، بەتایبەت کە کشانەوەکە لە ماوە پێشووەکاندا پێشتر دەرکەوتبوو.

 

نیگەرانی کاریگەری لەسەر ئاوی خواردنەوە

کاریگەریی پاشەکشەی نیل تەنها کشتوکاڵ ناگرێتەوە، بەڵکو دەکرێت درێژبێتەوە بۆ کەرتی ئاوی خواردنەوە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە وێستگەکانیان پشت بە ڕاکێشانی ڕاستەوخۆ لە ڕووبارەکە دەبەستن.

 

لەگەڵ دوورکەوتنی ڕێڕەوی ئاوەکە لە شوێنی ڕاکێشانی وێستگەکانی پاڵنەر، لەوانەیە هەندێک لە وێستگەکان ڕووبەڕووی سەختی ببنەوە لە بەدەستهێنانی بڕی پێویست، یان کاراییان دابەزێت، ئەو شتەی کە دەکرێت قەیرانی ئاوی خواردنەوە قوڵتر بکاتەوە و تێچووی دابینکردنی بۆ هاوڵاتییان زیاد بکات.

 

هەروەها دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە ئەرکی زیادە دەسەپێنێت بەسەر پڕۆژە کشتوکاڵییەکان و کێڵگەکان کە دەکەونە سەر کەنارەکانی، باری سەر شانی بەرهەمهێنەران و هاوڵاتییان قورستردەکات کە ڕاستەوخۆ پشت بە ئاو دەبەستن لە چالاکییە ڕۆژانەیەکانیاندا.

 

 

لێکەوتەکانی ئەم دیاردەیە لە کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوە ناوەستن، بەڵکو درێژدەبنەوە بۆ کەرتی سامانی ئاژەڵ، هەروەها سەماح عەبدوڵا، کارمەند لە بەشی تەندروستی ئاژەڵ و نەخۆشییە بڵاوەکان لە ئەنجومەنی باڵای سامانی ئاژەڵ و ماسیداری و لەوەڕگاکانی پارێزگای باکوور، وتی: پاشەکشەی نیل کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر تەندروستی ئاژەڵ، بەتایبەت لە سایەی پشت بەستنی ڕێژەیەکی گەورە لە چالاکی کشتوکاڵی و لەوەڕاندن لە پارێزگاکەدا بە ڕووبارەکە.

 

ڕوونیکردەوە، کە زۆرینەی شوانەکان لە نزیک کەنارەکانی نیل جێگیر بوون، بەم شێوەیەش پاشەکشەی ئاو ڕاستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی ئاو بۆ ئاژەڵەکانەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کشانەوەی ئاو دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر بەرهەمهێنانی ئاوز، ئەو شتەی کە دەکرێت ببێتە هۆی دابەزینی دۆخی تەندروستیی ئاژەڵەکان و دەرکەوتنی هەندێک نەخۆشی، بە شێوەیەک کە لە بەرامبەردا کاریگەریی هەبێت لەسەر بەرهەمهێنانی شیر و گۆشت.

 

سەماح عەبدوڵڵا هۆشداری دەدات لەوەی کە ناچاربوونی بەخێوکەران بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی جێگرەوە بۆ ئاو لەوانەیە ڕایانبکێشێت بەرەو بەکارهێنانی سەرچاوەی ناپارێزراو یان پیس، و ئەمەش ئەوەیە کە دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر تەندروستیی ئاژەڵ و بەرگرییان، شانبەشانی ئەوەی گواستنەوەی ئاژەڵ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر بەدوای ئاودا لەوانەیە تووشی ماندووبوونی بکات، بەتایبەت لە ماوەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمیدا.

 

هۆکاری فرەچەشن... و پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی

چەند هۆکارێک تێکەڵ دەبن لە شرۆڤەکردن و ڕوونکردنەوەی دابەزینی ئاستی نیل، لەوانە گۆڕانکارییە وەرزییەکان لە بارانبارین و هاتنەناوەوەی ئاو، گۆڕانکارییە کەشوهەوایی و هایدرۆلۆجییەکان، جگە لە سروشتی بەڕێوەبردنی ئاو و کارپێکردنی بەنداوەکان لە حەوزی نیلدا.

 

هەروەها گۆڕانکاری لە بڕی ئاوی هاتوو لە نیلی شینەوە، جیاوازی لە ڕێژەی بارانبارین لە ناوچەکانی بەنداوەکەدا، شانبەشانی کاتەکانی کۆگا کردن و دەرپەڕاندن لە سیستمی بەنداوەکاندا، دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو بڕە ئاوەی کە دەگاتە سودان، بەڵام دیاریکردنی هۆکاری ڕاستەوخۆی کشانەوە لە هەموو ناوچەیەکدا پێویستی بە پێوانەی مەیدانی و دامەی دروستی هایدرۆلۆجی هەیە، نەک گرێدانی دیاردەکە تەنها بەیەکی هۆکارێکەوە.

 

ماسی... کەرتێکی تری هەڕەشەلێکراو

 

 

ڕوەیدا عوسمان، کارمەند لە بەشی ماسی و زیندەوەرە ئاوییەکان لە ئەنجومەنی باڵای سامانی ئاژەڵ و ماسیداری و لەوەڕگاکان، ڕوونیکردەوە، کە کەرتی ماسی و ڕاوکردنی بازرگانی لە پارێزگای باکووردا بنەڕەتەن پشتی بە دەریاچەی مەروی و نوبە بەستووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە کاریگەریی کشانەوەی نیل جیاوازە لەنێوان هەردوو دەریاچەکەدا؛ دەریاچەی مەروی کاریگەر دەبێت بە دابەزینی هاتنەناوەوەی ئاو لە هەردوو نیلی شین و سپیەوە، لە کاتێکدا دەریاچەی نوبە هێشتا خاوەنی کۆگایەکی ئاوی ڕێژە بەرزە، ئەمەش وای کردووە کاریگەریی کشانەوە لەسەری تا ئێستا کەمتر بێت.

هۆشداری دەدات لەوەی کە بەردەوامبوونی ڕاکێشانی ئاو و دابەزینی هاتنەناوەوە دەکرێت ببێتە هۆی کاریگەریی داهاتوو لەسەر سامانی ماسی، ئاماژەی بەوەشکرد کە دابەزینی بڕی ماسی دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەم و نرخەکان، بەم شێوەیەش بۆ دۆخە ئابووری و گوزەرانییەکانی کارمەندانی کەرتەکە.

 

ڕوەیدا عوسمان پێیوایە کە لەنێوان چارەسەرە ڕێگەپێدراوەکاندا هاندانی سامانی ماسی دەستکرد هەیە، شانبەشانی فراوانکردنی هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکان و لایەنە پاڵپشتەکان، بە شێوەیەک کە یارمەتی کەمکردنەوەی پشت بەستن تەنها بە ڕاوی سروشتی دەدات.

 

تەنگژەیەکی نوێ لە وڵاتێکدا کە ململانێ ماندووی کردووە

لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێ و دابەزینی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی تێچووی گوزەران و زیانلێکەوتنی چینە فراوانەکانی ئابووری، کشانەوەی نیل دێت بۆ ئەوەی سودان بخاتە بەردەم تەنگژەیەکی نوێوە کە دەکرێت لێکەوتەکانی فراوان ببن ئەگەر بۆ ماوەی درێژ بەردەوام بێت.

 

کێشەکە تەنها تەنها پەیوەندی بە دابەزینی ئاستی ئاوەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە زنجیرەیەک کاریگەرییەوە هەیە کە لە ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵەوە دەستپێدەکات، درێژدەبێتەوە بۆ سامانی ئاژەڵ و ماسی، پاشان کاریگەریی لەسەر نرخەکان و داهات و هەلی بەرهەمهێنان و ئاسایشی ئاوی و خۆراکی دەبێت.