گەشتیاران شوینە سروشتیەکان و سەیرانگاکان پیس دەکەن و ژنان داوای پاراستنی دەکەن
لە باشووری کوردستان بەهۆی بوژانەوەی کانی و ڕووبارەکان، سروشت دیمەنێکی جوانی پەیدا کردووەو گەشتیاران رووی تێدەکەن، بەڵام بەهۆی نەپاراستنی ژینگەوەو شوێنەکان بەرەو پیس بوون دەڕۆن، لە بەرامبەردا ژنان داوای پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان دەکەن.
شیا کۆیی
کۆیە-هێشتا خەڵک ئەوەندە هۆشیار نییە و لایەنى پەیوەندیدار پلانێکیان نییە بۆ ئەوەى چۆن پارێزگارى بکەن لە ژینگەو گەشتیارانى ناوخۆ ودەرەکى ڕابهێندرێت لەسەر ئەوەى شوێنە گەشتیاریەکان پیس نەکەن، چونکە جگە لە دیمەنە ناشیرنەکەى خەرجیشى پێویستە بۆ پاکردنەوە هیشتنى
بەهۆى ئەوەى زستانى ئەمساڵ پر باران و بەفر بوو زۆربەى کانیاوو ڕووبارەکان ژیانەوە و ئەوەش واىکردووە خەڵک ڕوو لە شوێنە گەشتیاریەکان و سەیرانگاکان بکەن، بەداخەوە هەرلە ئێستاوە ئەو سروشتە جوانەو ڕووبارو کانیاوانە پڕ بوون لە مادەى پلاستیک و شوشەو قوتو خۆڵ و خاشاک، دیمەنێکى ناشرینە، هاوکات زیانى زۆر بە بەخاک و سروشت دەگەیەنێت، گەشتیارانى ژن داوادەکەن کە خەڵک هۆشیار بن و هەریەکەو هەست بە بەرپرسیارێتى بکات و ژینگە بە ماڵى خۆى بزانێت.
"تکا دەکەم گەشتیاران شت فرێ نەدەن"
شەهێن ئیبراهیم، پیشەى مامۆستایە سەبارەت بەوەى خەڵک بۆچی سروشت پیس دەکەن وتى: سوپاس بۆخوا ئەمساڵ بارانێکى زۆر باریوە بۆتە هۆى جوانى سروشت و ژیانەوەى تاڤگەو کانیاوەکان و زۆر دڵخۆشم بەو دیمەنانە، بۆیە پێویستە خەڵک ئەو ژینگە جوانە بپارێزن و پیسى نەکەن کاتێک دێنە دەرێ خۆڵ خاشاکەکە لەگەڵ خۆیان هەڵبگرنەوە، تکا لە گەشتیاران کە شت فڕێ نەدەن بەتایبەت ئەو ماددە پلاستیک و قوتوانە کە چەندین ساڵیان پێویستە تا شی ببنەوە ئەوەش کاردەکاتە سەر ژینگە، بۆیە داوادەکەم پارێزەرى ژینگە بین پێویستە لەسەر تاک بەتاکمان کە ژینگەى خۆمان خۆش بوێت و هۆشیار بین.
" باهەموومان هەستى بەرپرسیارێتیمان هەبێت و ژینگەمان بەپاکى ڕابگرین"
مامۆستا شەهێن وتیشى: ئێمە وەک گروپێکى تایبەت بەژنانى شاخەوانى هاتوینە دەرێ، و ئەو کەلوپەلانەى بەکارى دەهێنین کۆی دەکەینەوە لەگەڵ خۆمان دەیبەینەوە، من وەک خۆم لەناو کۆڵە پشتەکەم ئەوشتانەم هەڵگرتووە کەمادەى پلاستیکن، و ئەوانەى دەبنەوە پەین بۆخاک بەجێى دەهێڵین، تا ئەو گەشتیارەى دواى ئێمە دێن ژینگەیەکى پیسیان بۆ جێنەهێڵین لەکۆتایی دا دەڵێم باهەموومان هەستى بەرپرسیارێتیمان هەبێت و ژینگەمان بەپاکى ڕابگرین.
"ئەو سروشتەى کوردستانم زۆر لا خۆشەویستە"
ڕێزان بەکر، پیشەى مامۆستایە لەگەڵ خێزانەکەى هاتووە بۆ گەشت زۆر دڵخۆشە بەژیانەوەى ئاوەکان ودەڵێت پێناسە ناکرێت چەندە سروشتێکى دڵگیرمان هەیە هەرچى هەوڵدەدەم ناتوانم هەستى خۆم دەرببڕم لەجوانى و خۆشى ئەو شوێنە کاتێک لێرە گوێبیستى هاژەى ڕووبارو کانى و دووبارە ژیان دەستپێدەکاتەوە، ئەو سروشتەى کوردستانم زۆر لا خۆشەویستە باوەر ناکەم لەهەمو جیهان وێنەى هەبێت چونکە لاى من زۆر خۆشەویستە واى دەبینم، ئێستا بەهارە و خەڵکێکى زۆر دێنەدەرێ گەر هەریەکەو یەک بوتڵى پێبێت فڕێى بدات کارەساتە و ژینگە وێران دەکەنم بۆیە من دەڵێم جێی داخە ئەو سروشتە جوانە وێران بکەن، هەریەکەو بەرپرسە لە ئاستى خۆیى و دەبێت ژینگە پارێز بین.
مامۆستا ڕێزان دڵگرانە بە بینینى دیمەنێک وتی: مۆبایلەکەم پێ نەبوو وێنەى بگرم، خێزانێک هاتبوون بۆگەشت سفرەو هەموو شتەکانى خواردبویان لەجێى خۆی بەجێیان هێشتبوو، بۆیە من دەڵێم جێی داخە ئەو سروشتە جوانە ئەوها تێکبدەین بەدەستى مرۆڤ.
"کەلوپەلى سەفەرى وەک قاپ و پەرداخ و سفرە کە زیان بەژینگەو ئابوورى و تەندروستیمان دەگەیەنێت"
لەکۆتایی قسەکانیدا مامۆسدتا ڕێزان بەکر وتی: هەرکەسێک ببینم ژینگە پیس بکات وێنەى دەگرم و بڵاوى دەکەمەوە تا خەڵک هۆشیاربێتەوە، هەریەکەو لەئاست خۆمان پێویستە هۆشیارى بڵاو بکەینەوە، من وەک خۆم شتى خەڵکیش فڕێی بدەن ئامادەم کۆى بکەمەوە، خاڵێکى دیکەى گرنگ زۆر بەکارهێنانى کەلوپەلى سەفەرى وەک قاپ و پەرداخ و سفرە کە زیان بەژینگەو ئابوورى و تەندروستیمان دەگەیەنێت، هەر ئەو شوێنەى ئێمە هاتووین ناو تاڤگەو ڕووبارە، دیارە چەندە پلاستیک لەناوى کۆبۆتەوە چەند زیان بەژینگە دەگەیەنێت، چونکە پلاستیک ٧٠٠ ساڵى دەوێت تا شی ببێتەوە.