ژینگەی هەرێمی کوردستان بەرەوکوێ دەچێت؟...١

دەوڵەتە داگیرکەرەکان هەمیشە ئامانجیان لەناوبردنی گەلی کوردبووە، لەڕێی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و جۆرە چەکە قڕکەرەکانى دیکەوە دەیانەوێت ژینگەى کوردستان وێران و ژەهراوی بکەن کە سەدان ساڵی دیکەى پێ دەچێت تا سەوزبێتەوە.

هێرۆ عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- ئێمەی کورد نەتەوەیەکی وڵات داگیرکراوین، دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە داگیرکەرانی کوردستان بێجگە لەوەی بەردەوام هەوڵی لەناوبردنی هزر و زمان و جەستەی تاک بە تاکی مرۆڤی کوردیانداوە، لە ئێستادا لە ڕێگەی لەناوبردنی ژینگە و وێرانکردنی سروشتمانەوە ژەهری خۆیان دەڕێژن.

 

ژینگە ناوەندێکە زیندەوەران تێیدا بە هاوسەنگی ژیان دەکەن، لە کۆمەڵێک هۆکار و گۆڕانکاری کیمیایی، فیزیایی و بایۆلۆجی پێکدێت کە ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئەو زیندەوەرانەی تێیدان، چەندە ژینگەیەکی تەندروست و سروشتی هەبێت ئەوەندە زیندەوەران تەندروست دەبن.

 

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گۆڕان لە کەشوهەوا و ئەو شەڕانەی کە لەنێوان دەوڵەتاندا ڕوودەدات، سەرتاسەری جیهان گۆڕانی کەشوهەوای بەسەردا هاتووە، کە ئەمەش ئاسایشی گشتی جیهانی خستۆتە بەرهەڕەشە و مەترسییەوە، چونکە ئەمانە دەبنە هۆکاری پیسبوونی ژینگە کە سنورە سیاسی و ئیدارییە دەستکردەکان ناناسێت، بۆیە پابەند نەبوونى وڵاتان و کۆمپانیا و گروپ و ڕێکخراوە جیاوازەکان بە ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان و پاراستنى زیاتری ژینگە، وایکردوە هەوڵەکانی وڵاتانى زلهێز بۆ بەرگرتن بە کارەساتە ژینگەییەکان شکست بهێنێت.

 

هەروەها ژینگەى باشووری کوردستانیش هاوشێوەى ژینگەى زۆرێک لە وڵاتانى جیهان بەردەوام لەبەردەم پیسکردن و تێکدان و وێرانکردندایە، هۆکارەکانى ئەم وێرانکردنەش هەمان ئەو هۆکارو ئامڕازانەن کە ژینگەى جیهان بەدەستییەوە دەناڵێنێت.

 

بە درێژایی مێژوو باشوور کوردستان شەڕ و ململانێی زۆی بە خۆوە بینیوە، کەئەمەش زیانی زۆری بە ژینگەی باشووری کوردستان گەیاندووە، یەکەم هەنگاوییش بۆ وێرانكردنی ژینگەی باشووری کوردستان لەساڵانی هه‌شتاكانەوە ده‌ستیپێكرد، کاتێک ڕژێمی بەعس دەستیکرد بە ڕاگواستنی گونده‌كان و ناونانییان به ناوچەی قه‌ده‌غه‌كراو، به تایبه‌تیش دوای ساڵی ١٩٨٨، کە شاڵاوەکانی ئەنفال بەڕێوەچوو و بووەهۆی خاپووركردنی ٤٥٠٠ گوند، کە بەشێکی زۆری كانی و سه‌رچاوە ئاوییەکان وشککران، هەروەها ژمارەیەک لە ڕه‌ز و باخی چێنراو و سرووشتی لەناوچوون، بۆیە ئەمانە یه‌كه‌م هەوڵ و هه‌نگاوبوون بۆ وێرانكردنی ژینگەی باشووری كوردستان.

 

لە دوای ساڵی ١٩٩٢، لە هەرێمی کوردستان وەزارەتێکی تایبەت بە پاراستنی ژینگە یان دەستەی پاراستنی ژینگە نەبوو، تاوەکو ساڵی ٢٠٠٨، کە بەپشت به‌ستن به‌ حوكمی بڕگەی ‌(١ و٥) له‌ مادده‌ی(٥٦) له‌ یاسای ژماره‌ (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هه‌مواركراو و له‌سه‌ر داوای ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ـ عیراق، ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردسـتان – عێراق له‌ دانیشــتنی ئاســایی ژماره‌ (٢٧)، لە ڕۆژی ١١ی حوزەیرانی ٢٠٠٨دا، یاسای ژماره‌ ٨ی ساڵی ٢٠٠٨، یاسایی پاراستن وچاككردنی ژینگه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان – عیراق دەرچواند.

 

لە ٢٠١٨ەوە تورکیا دەستی بە بڕینەوەی دارەکانی باشوور کردووە

بەڵام سەرباری هەبوونی یاسا و ڕێکەوتن و پەیماننامە نێودەوڵەتیەکان دەوڵەتی تورک لە ساڵی ٢٠١٨وە، دەستی بە پرۆسەی بڕینەوەی دارەکان و تێکدانی دیموگرافیای دارستانەکانی باشووری کوردستانی کردووە، سەرەتای پرۆسەکە لە ساڵی ٢٠١٨، لە ناوچەی دووتازەی هاوسنوور لەگەڵ ناوچەی چەلێی باکوری کوردستان دەستیپێکرد، سوپای تورکیا لە چەلێوە ڕێگای دروستکرد تا شارەدێی دووتازەی باشوری کوردستان، بۆ دروستکردنی ڕێگاکەش دەستی بە داربڕین کرد بە پانیی ٨ مەتر و درێژایی پێویستی خۆیان، بەڵام کە هاتنە ناو خاکی باشووری کوردستان، هەموو دارەکانیان بڕیەوە.

 

قۆناغی دووەم ساڵی ٢٠٢٠ لە هەفتانینەوە دەستیپێکرد، بەشێکی زۆری دارەکانی ئەو ناوچانەیان بڕییەوە، بەشێوەیەک ڕۆژانە ٣٥٠ بۆ ٤٠٠ تۆن دار دەگواسترایەوە بۆ باکوری کوردستان، دواتر دەوڵەتی تورک بەهۆی کاردانەوەکانەوە بڕینەوەی دارەکانی کەمکردەوە و پیلانێکی نوێی خستەگەڕ کە ئەویش سووتاندنی دارستانەکان بوو، کە بەردەوام لە هێرشەكانیدا بۆ سەر باشووری كوردستان پوش و پاوان و ڕەز و باخی هاوڵاتیان و دارستانەكان دەكاتە ئامانج، بەوەش ژینگەی باشووری كوردستان وێران دەكات.

 

سەرەتاش لە سنووری مەتینا دەستی بە سووتاندنی دارستانەکان کرد، ئەویش بەشێکی زۆری لەڕێگەی تۆپباران و بۆردوومانە بەردوامەکانیەوە بوو، بەشێکی دیکەشی لەڕێگەی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچە سنوورییەکان دەکرا، کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامی هەیە.

 

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، لە ئاماریکدا بڵاویکردەوە، کە بە هۆی بۆردومانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە لە یەک ساڵدا یەک ملیۆن دۆنم زەویی هەرێم زیانیان بەرکەوتووە.

 

دواتریش وتەبێژی فەرمی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا، رایگەیاند: " بە هۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە یەک ملیۆن دۆنم دارستان لە هەرێم سووتاوە".

 

لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢دا، هێزەکانی پاراستنی گەل  "هەپەگە" بڵاویکردەوە، دەوڵەتی تورک لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٢ەوە ٧٧٩ جار چەکی کیمیایی لە دژی باشووری کوردستان بە کارهێناوە، بەكارهێنانی چەكی كیمیایی جگەلەوەی دارستانەكان دەپوكێنێتەوە، ئەو ئاژەڵ و باڵندانەش قڕدەكات كە لەوناوچانەدان.

 

لە ساڵی ٢٠٢٥دا، رێکخراوی ئاشتی هۆڵەندی " PAX"، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەو زیانانە کرد کە بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی دەوڵەتی تورکەوە بە ژینگەی هەرێمی کوردستان کەوتووە، ڕایگەیاند: لە ئاکامی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان زیانی گەورە بە دارستان و زنجیرە شاخەکانی زاگرۆز کەوتووە و بە هۆی کەوتنەوەی ئاگریشەوە زیانێکی زۆری بە ژینگەی ناوچەکە گەشتووە.

 

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتی ڕێکخراوە هۆڵەندییەکەدا هاتووە کە دەرەنجامەکانی ئەم شیکارییە ئەوە دەردەخەن کە ئەگەری زۆرە لە٪٧ی زەوییە سووتاوەکان بەهۆی ڕووداوی ململانێیەوە بێت، کە زۆرینەیان دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە هێرشی ئاسمانی یان تۆپبارانی تورکیا بۆ سەر ئەو ناوچانە.

 

ئەمەی کە دەوڵەتی تورک دەیکات، وێرانکردنی بە بەرنامەی ژینگەی کوردستانە، کە بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان تاوانی جەنگ و دژ بە مرۆڤایەتییە، چ بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی چوارەمی جنێڤی ساڵی ١٩٤٩ مادەی ٥٣، وە پرۆتۆکۆڵی یەکەمی پاشکۆی ڕێککەوتننامەکانی جنێڤی ساڵی ١٩٧٧، لە مادەکانی ٣٥ و ٥٤ و ٥٥، ھەروەھا پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی ژینگە، وەکو:

 

پەیماننامەی قەدەغەکردنی ھەرکارێکی سەربازی یان دوژمنکاری بۆ تەکنیکی گۆڕینی ژینگە، پەیماننامەی ساڵی ١٩٨٠ تایبەت بەقەدەغەکردن و سنووردارکردنی چەکی کلاسیکی و ھەروەھا پرۆتۆکۆڵی ساڵی ١٩٩٩ پاشکۆی پەیماننامەی لاھای ساڵی ١٩٥٤، ھەموویان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پێویستە وڵاتان لەکاتی جەنگ و ململانێی چەکداری یان دەوڵەتی داگیرکەر لەکاتی داگیرکردنی خاکی ولاتێکیتردا، ژینگە و سەرچاوە سروشتییەکان بپارێزن و وێرانیان نەکەن و لەکاتی زۆر پێویستیش نەبێ نەیانکەنە ئامانجی کردەوەی سەربازی.

 

مادەی ٨ بڕگەی ٢/ب/٤ لە پەیڕەوی ناوخۆی دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتیش ئەو کردەوانەی کە زیانێکی فراوان و درێژخایەن بە ژینگەی سروشتی دەگەیەنن بە تاوانی جەنگ ھەژماری کردوون و سزای بۆداناون و بکەرەکانی ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی سزایی دەکاتەوە.

 

بەدەستی ناوخۆیییش ژینگە وێران دەرکێت

هەروەها یەکێکیتریش لە هۆکارەکانی وێرانکردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان هۆکاری ناوخۆییە، کە بەپێی ئامارەکانی دەستەی گشتیی ژینگەی هەرێمی کوردستان، ڕووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بریتیە لە ١٢.٤٪، لەکاتێکدا بەپێی ستانداردی جیهانیی ڕێژەی سەوزایی نابێت  لە ١٥٪ کەمتر بێت.

 

لەساڵی ٢٠٢٤دا، بەڕێوەبەرایەتیى گەشتوگوزارى سلێمانى لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەى بەرنامەیەکی هاوبەشی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی و ئەنجوومەنی شارەوانی سلێمانی، لە ساڵانی ڕابردوودا لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێندراوە بۆ ئامادەکردنی نەخشەی گەشتیاریی شاخی گۆیژە کە بکرێتە چەند زۆنێکی گەشتیاری و چەندین چالاکی گەشتیاری مۆدێرن و هەمەجۆر لەخۆبگرێت.

 

ئەمەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی توێژە جیاوازەکانی لێکەوتەوە، بۆئەم مەبەستە ''گروپی گۆیژە'' بپارێزە، لەپێناو بەرگریكردن لە سروشتی شاخێك دروستبوو، گروپەكە بۆ یەكەمجار لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٤، بە دەستپێشخەری تیمی ژینگەی رێكخراوی ئازادبون دامەزرا، کە ئامانجی گروپەکە دروستكردنی فشار بوو بۆ سەر دەسەڵات، تاوەكو پڕۆژەكەی سەر شاخی گۆیژە رابگیرێت‌ و ژینگە پارێزراوبێت، بەم شێوە تاوەکو ئێستا ئەو پرۆژەیە نەتوانراوە جێبەجێبکرێت.

 

ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر ژینگەی باشووری کوردستاندا دێت پێچەوانەی هەموو یاسا، ڕەوشت و بنەما ژینگەییەکانە، کە هۆکارەکەشی سیاسەتی حکومەتە، کە لە ناوخۆدا بە بیانووی جۆراو جۆردەیانەوێت ڕێژەی سەوزایی کەم بکەنەوە لە بەرژەوەندی کۆمپانیاکان، لە لایەکیتریشەوە دەوڵەتی تورک جینۆسایدی ژینگەیی لەسەر باشووری کوردستان بەڕێوەدەبات، بۆردوومان و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و هێرشی زەمینی و بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکان و پاوان و ڕەز و باخی هاوڵاتییان بوونەتە ئامانجی ئەو دەوڵەتە و حکومەت و پەرلەمانی کوردستانیش بێدەنگ و بێهەڵوێستن بەرامبەر ئەم جینۆسایدە ژینگەییە.