"دۆخی سیاسی و ئابوری ئینتیمای خەڵکی بۆ ژینگە نەهێشتووە"

وەرزی بەهار، وەرزی ژیانەوە و جوانی سروشتە، بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنیدا بەهۆی سەیران و بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەوە، خۆڵ و خاشاک بەرزدەبێتەوە و لایەنی بەرپرسیاریش لە ئاستی پێویستدا گرنگی بە پاکوخاوێنی ژینگە نادات.

شنیار بایز

سلێمانی- لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا، گەشت و سەیران دەستپێدەکات و فێستیڤاڵ ڕێکدەخرێت، بەهار لە سروشتە جوانەکەی و ژیانەوەکەیەوە دەبێتە پارچەیەک لە خاشاک و وێنەی بەهار، ژینگە و سروشت وێنەیەکی دیکە بەخۆیەوە دەبینێت.

 

کاتێک سەیری دیمەنی پاش سەیرانکردن و فێستیڤاڵەکان دەکەیت، تێدەگەیت ئێشتا تاک وەک پێویست هۆشیاری لەبارەی پاک ڕاگرتنی ژینگەوە نییە و خۆیان بەرپرسیاری ئەم ژینگە و سروشتە نابینن، ئاژانسی نوژنها دەچێتە هەمان جێگەی فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف کە لە ١ی نیسانی ئەمساڵ لە گوندی باخانی سەر بە قەرەداغ بەڕێوەچوو.

 

فێستیڤاڵێکی لەو شێوەیە بە هەزارەها دۆلاری بۆ دابینکراوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیەی بۆ پاککردنەوەی پاش فێستیڤاڵەکە دابینکراوە، تەنها ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار دینارە، لە پاش تێپەڕینی یەک هەفتەش بەسەر فێستیڤاڵەکەدا ژینگەی ناوچەکە بووەتە زبڵخانە و زیانی گەورە بەر دەشتودەر کەوتووە.

 

حەبیب محەمەد جاف، ئەندامی دەستەی باڵای فێستیڤاڵەکە دەربارەی لایەنی پاکوخاوێنی فێستیڤاڵەکە بۆ نوژنها ئاماژەی بەوەدا لە ساڵانی ڕابردوودا لە دوای فێستیڤاڵەکە لە ماوەیەکی کەمدا پاک کراوەتەوە، "بەڵام لەمساڵدا شارەوانی قەرەداغ پێی ڕاگەیاندین کە تێچووەکەی بدەینە ئەوان و خۆیان پاکی دەکەنەوە و بڕی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزاریان وەرگرتووە، بەڵام بەداخەوە شارەوانی داوایانکرد کە خۆیان پاکی بکەنەوە و تا ئێستاش بە باشی پاک نەکراوەتەوە".

 

ئەو ڕێکخەرە ئاماژەی بەوەشدا، "لە ساڵانی ڕابردوو کۆمپانیا ئەرکی پاککردنەوەی گرتە ئەستۆ و لە ڕۆژێکدا تەواویان کرد، بەڵام بەداخەوە ئەمساڵ کارەکە درایە دەستی حکومەت و کارەکەشیان بە باشی بەڕێوەنەبرد".

 

"مرۆڤ ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە پیسبوونی ژینگە"

ڕۆژان فەرەیدون، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕ لە بواری ژینگە و پیسبوون، دەربارەی پیسبوونی ژینگە بە هۆکاری مرۆیی بۆ نوژنها دوا و ئاماژەی بەوەدا هۆکاری سروشتی و مرۆیی هەن بۆ پیسبوونی ژینگە، هۆکارە سروشتییەکان، سروشت خۆی چاکی دەکاتەوە، بەڵام ئەوەی ڕۆڵی سەرەکی لە پیسبوونی ژینگەدا هەیە مرۆڤە، چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تواناکانی زیاتر دەبێت بە تایبەت بەهۆی ئەو پێشکەوتنانەی هەن لە بواری کشتوکاڵ بێت یاخود پیشەسازی، ئۆتۆمبێل و گواستنەوە، بەکارهێنانی مۆبایل، ماددەی پلاستیکی یاخود کەلوپەلی ڕۆژانە، "بۆیە دەتوانین بڵێین بەهۆی ژمارەی زۆری مرۆڤ لەسەر زەوی، ژینگە و سروشت تا دێت پیستر دەبێت.

 

"هەرێمی کوردستان لە ئاستی پیسبوونی مەترسیدار دایە"

ئەو مامۆستایە ڕوونیکردەوە، لە بنچینەدا سێ پلەی پیسبوون هەیە ئەوەی لە ئێستادا لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەیە لە ئاستی پیسبوونی مەترسیدار دایە، چونکە ماددە پیسکەرەکان لە سنوری ستاندارد بۆ پیسبوونی ژینگە دەرچوون، هەروەها هەنگاو دەنێن بەرەو دروستبوونی کاریگەری مەترسیدارتر، واتە کاریگەری تەنها لەسەر مرۆڤ نا بەڵکو لەسەر زیندەوەرانی دەوروبەر، ئاژەڵی کێوی و ڕووەک و سروشت.

 

دەشڵێت "هەموو پیسکەرەکان بە گوێرەی مانەوەیان کاریگەری خراپیان هەیە بەڵام ئەوەی کە لە ئێستادا کاریگەری زۆری هەیە و هاوڵاتیانی ئێمە هۆشیارییان کەمە لەبارەیەوە، ماددە پلاستیکییەکانە لەگەڵ ئەوەی کارگەی ڕیسایکلین نییە و بۆ ئەوەی ڕۆژانە بڕێکی زۆر ماددەی پلاستیکی ڕیسایکل بکات، لە بەرامبەردا کار ئاسانی زۆر کراوە بۆ بەکارهێنانی ماددەی پلاستیکی".

 

"ماددە پلاستیکییەکان ٨٠ بۆ ١٠٠ ساڵیان دەوێت بۆ شیبوونەوە"

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ماددەی پلاستیکی دڕەنگ شیبوونەوەیەتی، لە ئاودا بێت یاخود لەسەر خاک، بەلایەنی کەمەوە ٨٠ بۆ ١٠٠ ساڵی دەوێت بۆ شیبوونەوە، کاتێکیش شیدەبێتەوە کاریگەری خراپ لەسەر ئەو جێگەیە دروست دەکات کە لێی شیبووەتەوە، وەک مامۆستا ڕۆژانیش دەڵێت ئەو ماددانە کاریگەری دەخاتە سەر زیندەوەرەکانی ناو خاک، ماددە پلاستیکییەکان زۆربەیان ماددەی ژەهراوین لە کاتی شیبوونەوەیان تێکەڵدەبنەوە بە بەروبوومی کشتوکاڵی و سیستمی خۆراکی زیندەوەرەکانی دیکە، هەروەها زیاترین کاریگەری ڕێگەگرتنە لە چونەخوارەوەی ئاو بۆناو زەوی کە لە ئێستادا سەرەکیترین کێشەی هەرێمی کوردستانە بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر کۆنکرێت و قیرتاو و نەبوونی سەوزایی و زیادبوونی ماددەی پلاستیکی.

 

"دۆخی سیاسی و ئابووری هەستی بەرپرسیارێتی بەرامبەر پاراستنی ژینگە کەمکردووەتەوە"

 پاراستنی ژینگە بەس قسەکردن نییە بەڵکو پێویستە کرداریانە ئیشبکرێت، تاکی کۆمەڵگای کوردی ئەگر هۆشیاریشی هەبێت ئامادەیی تیا نییە بە کردارییانە ئیشە بکات، ئەو مامۆستایە ڕوی دەمی دەکاتە خەڵکی و دەڵێت، "مەرج نییە کە دەچیتە گەشت و سەیران ماددەی پلاستیکی بەریت، بەڵکو دەتوانین شوشە بەریت"، تاک هۆشیاری کەمی هەیە و هەست بە بەرپرسیارێتی ناکات بەرامبەر بە ژینگە، هۆکاری ئەمەشی گەڕاندەوە بۆ هەبوونی بارودۆخی سیاسی و ئابووری ئێستای هەرێمی کوردستان کە خەڵک ئینتیمای بۆ ژینگەکەی نەبێت.

 

حکومەت پێویستە وەک لایەنی جێبەجێکار هەستێت بە پاکردنەوەی ژینگە

ئەو مامۆستایە ئاماژەی بەوەدا پاراستنی ژینگە دوو لایەنە، بەشێکیان تایبەتە بە هاوڵاتیان بەشێکی دیکەی دەکەوێتە سەر حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار چونکە چەنێک هاوڵاتی هۆشیاری هەبێت و پاشماوەکەی کۆبکاتەوە دواجار پێویستە حکومەت ئەرکی گواستنەوە و لەناوبردنی بگرێتە ئەستۆ و چارەسەری پاشەڕۆکان بکات.

 

"لە هەرێمی کوردستان بنچینەی کێشەکان لە ماڵەکانەوەیە کاتێک سیستمێک دیاری نەکراوە بۆ جیاکردنەوەی پاشەڕۆکان و لەناوبردنیان لەلایەن حکومەتەوە، دەشبێت کاتێک هاوڵاتی دەچێتە گەشتێک و سندوقی ئۆتۆمبێلکەی پڕ دەکات لە خوارد بە ئەرکی خۆشی بزانێت پاشەڕۆکان لەگەڵ خۆیدا بهێنێتەوە."

 


ت.پ