گۆڕانی کەشوهەوا، ئاسۆی بینینی ئەندازیاران فراوان دەکات

گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا ئاسۆی بینینی ئەندازیاران فراوان دەکات، لە وڵاتانی جیهان دامەزراوە حوکمی و ناحوکمییەکان پلان دادەڕێژن بۆ گونجان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا بۆ ڕێگەگرتن لە دروستبوونی زیان بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان.

 

بێریڤان کەمال

ناوەندی هەواڵ- لە وڵاتانی جیهان دامەزراوەکان بە هاوکاری ئەندازیاران پلان و بەرنامەی تایبەت دادەڕێژن بۆ ڕێگە گرتن لە زیانەکانی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و کارەساتە سروشتییەکان بۆسەر ژیانی هاوڵاتیان، لە ڕێگەی تەکنیکی تازەوە هەوڵ دەدەن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێن.

 

گۆڕانی کەشوهەوا لە جیهاندا ئاسۆی بینینی ئەندازیارەکان فراواندەکات بۆ بنیاتنانی پڕۆژە و باڵەخانەکان بە گونجان و یەکخستنی گۆڕانی کەشوهەوا لە "دیزاین- بنیاتنان" و بارودۆخی ئابووری و سیاسی داهاتووی جیهان.

 

باڵەخانەکان دەبێت بەشێوەیەک دیزاین بکرێن کە دەرچوونی گازی ناو خانووبەرەکان کەمبکرێتەوە و پارێزگاری لە پلەی گەرمای ناوەوەی بکات و پێویستە بە شێوەیەک بێت بگونجێت لەگەڵ کاریگەریەکانی کەشوهەوا لە دەیان ساڵی داهاتوودا.

 

ئەندازیارەکان ناچارن لەگەڵ بارودۆخی تازەی کەشوهەوا بگونجێن

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا لە جیهاندا، ئەندازیار و تەلارسازەکان ناچارن لەگەڵ واقیعێکی تازەی کەشوهەوا بگونجێن، لە نوێترین ئەو پرۆژانەی لەسەر لافاو دروستکراوە لە ویلایەتی سان فرانسیسکۆی ئەمریکا ناوچەی ئێمبارکادێرۆیە، یەکێکە لە شوێنە مێژووییە مەترسیدارەکانی ئەمریکا چونکە بەردەوام ڕووبەرووی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا دەبێت و ئەندازیارەکانیش بۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو بارودۆخە بیریان لە ڕێگەی نوێ کردووەتەوە وەک چارەسەری.

 

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩ گۆڕانی کەشوهەوا وا لە شارەکان دەکات کە زیاتر تووشی لافاو ببن، هەروەها پێشبینی دەکرێت ئاستی دەریای جیهانی لە نێوان دوو بۆ حەوت پێ بەرزبێتەوە لە ماوەی ئەم سەدەیەدا، واتە  تا ساڵی ٢١٠٠ بەلایەنی کەمەوە ١٩٠ ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە بەرزترین ئاستی ئاوی دەریای هەیە.

 

توێژینەوەکان هۆشداری دەدەن کە پێویستە کۆمەڵگا کەنارییەکان لە جیهاندا خۆیان ئامادە بکەن بۆ داهاتوویەکی قورستر لەوەی کە ئێستا پێشبینی دەکرێت، هەر بۆیە هەڕەشەی لافاو گۆڕینی شێوازی بنیاتنانی شارەکانە و تەلارسازان دیزاینەکانیان لەگەڵ واقیعێکی تازەی کەشوهەوادا دەگونجێنن.

 

توێژینەوەیەکی دیکە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەگەر جیهان هیچ شتێک نەکات بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرزبوونەوەی ئاوی دەریا، لافاوی کەناراوەکان لەوانەیە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە بەهای ٢٠٪  بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیی تا ساڵی ٢١٠٠.

 

دیزاینکردن لە هەموو جیهاندا زۆر گرنگ دەبن لە داهاتوویەک کە لافاو لەوانەیە بەربڵاوبێت، هەروەها بەکارهێنانی کەرەستەی گونجاو و تەکنیکە نوێکارەکان، چارەسەریەکی دیکەی  تەلارسازی "گوندە سەر ئاو کەوتووەکانە"  کە لەگەڵ کێشەی گەشەسەندنی لافاوی شاردا دەگونجێت.

 

خانووە نیوزیلاندیەکان ژیانی خزمەتگوزاریان بۆ زیاتر لە ٨٠ ساڵ دەبێت، هەندێکیش بۆ زیاتر لە ١٣٠ ساڵ بەردەوام دەبێت، ئەو بینایانەی کە ئەمڕۆ دروستدەکرێت دەبێت بتوانن لەگەڵ پێشبینییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا بۆ ماوەیەکی درێژ خایەن مامەڵە بکەن.

 

خانووەکان پێویستە دیزاین بکرێن بۆ:

• کەشوهەوای گۆڕاو لەگەڵ پلەی گەرمای بەرز و نزم، زیادبوونی گوڕی با و ڕێژەی باران بارین و ئەگەری زۆربوونی مەترسیەکانی وەک: لافاو و زریان، کە کاریگەری دەکاتە سەر شوێنەکانی نیشتەجێبوون، هەر بۆیە پێویستە دیزاینی باڵەخانەکان وەڵامدانەوەی گونجاو و بەرگەگرتنیان بۆ ئەو گۆڕانکاریانە هەبێت.

 

• هەوڵ بدرێت بۆ کەم کردنەوەی ئۆکسیدی کاربۆن و ئەو گازانەی کە لە کەشوهەوادا کاریگەریان هەیە لەسەر هاوسەنگی وزەی زەوی.

 

Passive Design کە یەکێکە لەو تەکنیکانەی کە بە شێوەیەکی باش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە، لە ڕیگەی کەمکردنەوەی دەرچوونی وزە و گازی ناو خانووەکان و پارێزگاری کردن لە پلەی گەرمییان بەمەش یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی ژینگەیەکی ئاسوودە و تەندروست.

 

دیزاینکردن بۆ گونجان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا

کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لە نێوان هەرێمەکان دەگۆڕێت بۆیە دیزاینەرەکان پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانە بکەن:

 

passive solar building design، واتە سود وەرگرتن لە تیشکی خۆر، پەنجەرەکان، دیوارەکان و زەوییەکان بە شێوەیەک دروست دەکرێن بۆ کۆکردنەوە، تیشکدانەوە و دابەشکردنی وزەی خۆر، کە بۆ گەرمکردنەوە لە زستاندا بەکاردێت و لە هاویندا تیشکی خۆر دەداتەوە، ئەم سیستمە پێویستی کەمدەکاتەوە بۆ گەرمکردن لە وەرزی زستان و نزمکردنەوەی پلەکانی گەرما لە هاویندا.

 

• زیادکردنی سێبەر بۆ خانووەکان لەگەڵ زیادبوونی پلەکانی گەرما، و هەوڵدان بۆ زیاتر بەکارهێنانی هەوای سروشتی لە ناو بیناکان.

• بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی باران بارین بە چڕییەکی بەرز، پێویستە دیزاینکردنی سەربانی خانوو باڵەخانەکان، بە شێوەیەک بێت ئاو و ئاوەڕۆی سەربان تیایدا نەمێنێت و بە زووی لەڕێی سیستمی ئاوەڕۆوە لێیەوە بچێتە دەرەوە.

 

• تایبەتمەندی پاشەکەوتکردنی ئاو لە ماڵەکان زیادبکرێت بۆ کەمکردنەوەی پەستان لەسەر دابینکردنی ئاوی ناو شار.

•سنوردارکردنی بنیاتنان لە ناوچە لافاواویەکان یان ناوچە کەناراوییەکان کە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا مەترسی لەسەر دروست ببێت.

 

ت.پ