وەرشەیەکی ریسایکلین بۆ ماددەی پلاستیک لە هەڵەبجە کرایەوە

بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەڵەبجە و پاککردنەوەی هەڵەبجە لە ماددە پلاستیکیەکان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە، چەند ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کەمپینی "هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە"یان ڕاگەیاند.

هەڵەبجە

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکان بۆ یادی ٣٤ەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە کەمپەینێکی هاوبەش لە نێوان شارەوانی هەڵەبجە، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی و ڕێکخراوی نوێ ڕاگەیەندرا و وەرشەیەکی ریسایکلینی پلاستیک و باخچەیەکیش بۆ سەوزکردن و پاراستنی ژینگەی هەڵەبجە کە بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە، کرایەوە.

 

سارا سەلام، لێپرسراوی بەشی ژینگەی ڕێکخراوی نوێ، بەیاننامەی هاوبەشی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا شاری هەڵەبجە بەهۆی کیمیارانەوە زیانی زۆر بەر ژینگەکەی کەوتووە، ئێستاش بەو هۆکارە ناوچە سەوزاییەکانی هەڵەبجە لە وشکبوون و زەردبووندایە لە ڕووی مرۆیی و تەندروستی و ژینگەیییە، وتیشی: ئەمرۆ گروپێکمان لەژێر ناونیشانی "کەمپینی هەڵەبجە دۆستی ژینگەیە"، بە مەبەستی خزمەتکردنی هاوڵاتیان لەلایەن هاوڵاتیانەوە.

 

سارا سەلام ئەوەشی خستەڕوو کە وەرشەیەکی ریسایکلین بۆ ڕزگاربوون لە ماددەی پلاستیک کرایەوە بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان و بەکارهێنانەوەی ماددە پلاستیکییەکان، داواشی لە هاوڵاتیان کرد هاوکار بن بۆ سەوزکردنی باخچەکەیان.

 

وەرشەی ڕیسایکلینی هەڵەبجە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوەی ماددەی پلاستیکی کرایەوە، شنیار یادگار، سەرپەرشتیاری پرۆژەکە وتی: ئامانج لەم پرۆژەیە پاککردنەوەی شاری هەڵەبجەیە لە ماددەی پلاستیک بە ڕێژەی ٨٠٪، بیرۆکەی وەرشەکە لەلایەن دوو گەنجەوە بووە و ئەو ماددانەی دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە بریتییە لە پلاستیک و نایلۆن کە دووبارە بۆ دروستکردنەوەی کورسی و مێز بەکاردەهێنرێن.

 

ت.پ