"دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ لەناوبردنی ژینگە و زیندەوەرەکان ئاگر دەکەنەوە"

گەڵاڵە محەمەدی، چالاکوانی ژینگەیی سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی زاگرۆس دەڵێت: هەموو ئەو کردەوە وێرانکاریانەی کە بە مەبەستی ئابوری و سیاسی و ئەمنی ئەنجام دەدرێن، زیانێکی قەرەبوو نەکراوە بە ژینگە و دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەگەیەنن.

ژینۆ درەخشان

 

سنە-گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکبوونەوەی ڕووەکی دارستانەکان لە سەرانسەری جیهاندا لەو شتانەن کە دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی بەرفراوان.

 

 لەم ساڵانەی دواییدا دارستانەکانی زاگرۆسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاهیدی گۆڕانکاری بوون و دواتر ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر گەورەیان لێکەوتەوە، کە بووە هۆی لەناوچوونی سامانە سروشتییەکان، ژینگە و سیستمەکەی، بەرهەمە کشتوکاڵییەکان، دارستانەکان، شوێنی کات بەسەربردن، لەوەڕگە و هتد، بەم شێوەیە پرۆسەی بە بیابانبوونی خێراتر کرد و ئەمڕۆ ئاگری دارستانەکان کە پێشتر بە ڕووداوی سروشتی پچڕپچڕ دادەنرا، زیادی کردووە.

 

"لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان حکومەت خۆی ڕۆڵی سەرەکی لە لەناوبردنی ژینگەدا دەبینێت"

چەند هۆکارێک، وەک پلەی گەرمی هەوا، کەڵەکەبوونی گەڵای وشکی دارەکان و دواتر بایەکی بەهێز، ئەو ئاژەڵانەی کە لقە نوێیەکانی دارەکان دەخۆن بۆ ئەوەی لە سووڕی ژیانیان دەریانبهێنن، هەروەها بڕینی دارەکان بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، دەتوانن گرنگترینیان بن لە هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکاندا، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لەو ناوچانەی کە بارانبارین و شێداری دەگمەنی تێدایە، بەپێی بەڵگە و ڕووداوەکانی ئاگر کوژاندنەوە، حکومەت خۆی ڕۆڵی سەرەکی لە لەناوبردنی ژینگەدا دەبینێت.

 

حکومەت ڕێگری دەکات لە کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ کوژاندنەوەی ئاگر"

 گەڵاڵە محەمەدی، چالاکوانی ژینگەیی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە ئەنقەست لە چیای زاگرۆس بووە، بەپێی زانیارییەکان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ٢٣٣ ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای سنە تۆمارکراوە، هەروەها سێ هەزار و ١٦٧هێکتار لە لەوەڕگە و دارستانەکانیان سووتاندووە و سەرجەمیان کردەوەی وێرانکاری بە پاڵنەرێکی ئابووری و سیاسی ئەنجام دەدرێت.

 

وتی: ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵانە لە کۆتایی وەرزی دروێنەکردندا بەتایبەتی گەنم، شاهیدی سووتاندنی بە ئەنقەستی پاشماوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبین، کە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، هەندێکجار ئەم ئاگرە دەگاتە کێڵگە کشتوکاڵییە دراوسێکان و دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە، بەڵام لە هەندێک دۆخدا، ئەم ئاگرکەوتنەوانە بە مەبەست ئەنجام دەدرێن و لە هەندێک ناوچەی سنووریشدا ئەندامانی سوپای پاسداران و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران ئاگر لە دارستان و لەوەڕگەکانی ئەم ناوچەیە بەردەدەن بە بیانووی ئەوەی کە دەبێتە هۆی نەبوونی کۆنتڕۆڵکردن و بینین.

 

سەبارەت بە هەڵوێستی حکومەت لەسەر ئەم ئاگرکەوتنەوانە، گەڵاڵە محەممەدی وتی: لە ئێستادا هاوڵاتیانی ناوخۆ و ڕێکخراوە ناحکومییەکان تاکە سەرچاوە مرۆییەکانن کە دەتوانن ئاگر لە دارستانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنتڕۆڵ بکەن، هەروەها حکومەت ڕێگری لە کۆمەڵە جەماوەرییەکان کردووە کە کۆنترۆڵی ئەم ئاگرانە بکەن، هەروەها بەهۆی نەبوونی دەرفەتی پێویست بە تایبەت لە کرماشان و مەریوان لە کاتی هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری دارستانەکان، زۆرێک لە خۆبەخشەکان گیانیان لەدەستدا.

 

"دارستانەکان یەکێکە لە توخمە ژینگەییەکان لە هەموو وڵاتێکدا"

 دەربارەی گرنگی ژینگە و دارستانەکان، گەڵاڵە محەمەدی وتی: دارستانەکان لە هەر وڵاتێکدا بە یەکێک لە توخمە ژینگەییەکان دادەنرێت، هەر سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ئۆکسجین نییە، بەڵکو پلەی گەرمی ژینگەی سروشتیش کۆنتڕۆڵ دەکات و کەشوهەوا دەپارێزێت، جگە لەوەش، دارستانەکان گرنگترین هۆکارن کە ڕێگری دەکەن لە دروستبوونی لافاو لە شارەکاندا لە کاتی بارانباریندا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، چالاکییەکانی مرۆڤ، گۆڕانی بەکارهێنانی زەوی، شێوازە کشتوکاڵییە نایاساییەکان، کەمی ڕێژەی بارانبارین، وشکەساڵی درێژخایەن، گۆڕانی کەشوهەوا، ناکارامەیی و بێباکیی ڕژێمی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر کێشەکانی ژینگە و نەبوونی ئامێری ئاگرکوژێنەوە و هێلیکۆپتەرەکان کە ئاو دەخەنە خوارەوە، هەروەها گۆڕینی نایاسایی بەکارهێنانی زەوی دارستانەکان بۆ زەوی کشتوکاڵی و نیشتەجێبوون دەبێتە هۆی لەناوچوونی ڕووەک.

 

لە کۆتاییشدا وتی: ئاگرکەوتنەکان لە بەرامبەردا دەبێتە هۆی زیاتر دەردانی گازی گەرمخانەیی و زیادبوونی ڕێژەی گۆڕانی کەشوهەوا، ناوچە وشکەکان زیاتر بەرەوڕووی ئاگرکەوتنەوە دەبنەوە، بەهۆی کەمبوونەوەی شێی خاک و ڕووەک بە شێوەیەکی بەرچاو، لە کاتێکدا ئەو ناوچانەی بارانبارینیان زۆرە سەرەتا ڕووەکە گەشەکردووەکان دەبینین کە لە ماوەی وشکەساڵیدا دەبنە سووتەمەنی وشک.