دەریاچەی ورمێ لە مەترسی لە ناوچووندایە

دەریاچەی ورمێ بە لەدەستدانی بەشێکی گەورەی ئاوەکەی، بەهۆی بەڕێوەبردنی نادروست، دروستکردنی بەنداو و کشتوکاڵی، ڕووبەڕووی لەناوچوونی تەواو بووە.

مەهتاب شەریفی

 

ورمێ- دەریاچەی ورمێ کە گەورەترین دەریاچەی خوێیە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوای لەدەستدانی زیاتر ٩٥%ی قەبارەی ئاوەکەی، ئێستا لە لێواری وشکبوونەوەدایە، هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و دروستکردنی بەنداوی زۆر و کشتوکاڵی بێ جیاوازییە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی هاتنی ئاو بۆ ناو دەریاچەکە، لە کاتێکدا کە پڕۆژەکانی وەک گواستنەوەی ئاو لە زابی بچووکەوە بۆ نۆژەنکردنەوە جێبەجێ کراون، ئەم ڕێکارانە جگە لە ناکارایی، کێشەی نوێی ژینگەیی لێکەوتووەتەوە.

 

کەمبوونەوەی ئاستی ئاو و دۆخی ناجێگیری دەریاچەی ورمێ

دەریاچەی ورمێ کە سەردەمانێک گەورەترین دەریاچەی ئاوی خوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئێستا بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان و زیادەڕۆیی لە ئیستغلالکردنی سەرچاوە ژێرزەمینییەکان و گەشەپێدانی کشتوکاڵی، زیاتر لە ٩٥٪ی قەبارەی ئاوەکەی لەدەستداوە، ئاستی ئاوی دەریاچەکە گەیشتووەتە کەمتر هەزارو ٢٧٠ مەتر سێجا لە کاتێکدا ئەم بەهایە لە دەیان ساڵی ڕابردوودا زیاتر هەزارو ٢٧٨ مەتر سێجا بووە.

 

هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی دەریاچەی ورمێ

دروستکردنی پردی "کەلانتەری" کە ورمێ بە تەبرێزەوە دەبەستێتەوە، بەیەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی دەریاچەی ورمێ ناسراوە، ئەم پردە لەبری پابەندبوون بە ستانداردە پێکهاتەیی و دروستکردنی پردەکان، بە پڕکردنەوەی بەشێک لە دەریاچەکە بە کەرەستەی قورس وەکخۆڵ دروستکراوە، ئەمەش بووە هۆی گیرانی ڕۆیشتنی ئاوی سروشتی لە نێوان بەشەکانی باکوور و باشووری دەریاچەکەدا و زیادبوونی هەڵمبوون.

 

دروستکردنی بەنداوی بەرفراوان لە ناوچە ئاوییەکان

لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا، دروستکردنی دەیان بەنداو لە ناوچەی حەوزی دەریاچەکەدا،ڕۆیشتنی سروشتی ڕووبارەکانی بەرەو دەریاچەکە زۆر سنووردار کردووە، ئەم بەنداوانە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵی و کۆنترۆڵکردنی لافاو دروستکراون، نەک هەر ڕێڕەوی ئاوی هاتوویان گرتووە، بەڵکو ئاستی ئاوی دەریاچەکەیان زۆر کەمکردووەتەوە و بووەتە هۆی ئەوەی کەئاوی کەمتر بگاتە دەریاچەکە، کەمبوونەوەی سەرچاوەکانی هاتنە ژوورەوەی ئاو، بەتایبەتی لە ماوەی وشکەساڵیدا، توندی قەیرانەکەی زیادکردووە.

 

کشتوکاڵی زۆر و بەرهەمە ئاوچڕەکان

پەرەسەندنی بەرفراوانی کشتوکاڵ و چاندنی بەروبوومی بەکارھێنانی زۆر وەک سێو و چەوەندەر لە ناوچەی ھەڵگرتنی دەریاچەی ورمێ فشارێکی زۆری خستووەتە سەر سەرچاوە ئاوییەکانی ناوچەکە، ئەم بەرهەمانە کە پێویستیان بە ئاوێکی زۆر هەیە، سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوییان بە توندی کەمکردۆتەوە و قەبارەی ئاوی چوونە ناو دەریاچەکەیان کەمکردووەتەوە، شێوازە تەقلیدییەکانی ئاودێری و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی بۆ دابینکردنی پێداویستی ئاوی ئەم بەروبوومانە ئاستی ئاوی ژێرزەوی و سەرچاوەی ئاوی ژێر زەوی لە ناوچەکەدا کەمکردووەتەوە.

 

ڕێوشوێنی وەرگرتنەوە و ئەو تەحەددایانەی کە بەهۆی گواستنەوەی ئاوی بچووکی زابەوە دروست دەبن

هاوتەریب لەگەڵ هەوڵەکانی زیندووکردنەوەی دەریاچەکە، پڕۆژەی گواستنەوەی ئاویڕووباری بچووکی زاب کە لە چیای قەندیلەوە سەرچاوە دەگرێت، خرایە بەرنامەی کار، ئەم ڕووبارە کەڕێڕەوی سروشتی بەرەوڕووباری دیجلە و پاشان بەرەو کەنداوی فارس دەڕوات، لەڕێگەی تونێل و کەناڵە دەستکردەکانەوە بەرەو دەریاچەی ورمێ ئاڕاستە کراوە، هەرچەندە ئەم پلانە وەک یەکێک لە چارەسەرە فریاگوزاریەکان دادەنرێت بۆ زیادکردنی قەبارەی ئاوی دەریاچەکە، بەڵام کێشە و تەحەدای لە ناوچەکانی خوارەوەی دەریاچەکەدا دروستکردووە، گواستنەوەی ئاو لە زابی بچووکەوە، بەهۆی گۆڕانی ڕێڕەوی ڕووبارەکە و بەکارهێنانی ئەم سەرچاوەیە، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەردەستبوونی ئاو لە ناوچەکانی خوارەوە و کێشەکانی وەک بیابانبوون و کەمیی ئاوی لەو ناوچانە قورستر کردووە.

 

دەرئەنجامە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانی وشکبوونەوەی دەریاچەکە

جگە لە وێرانبوونی ئیکۆسیستم، وشکبوونەوەی دەریاچەی ورمێ، کێشەی جددی بۆ دانیشتووانی نزیکی لێکەوتووەتەوە، جێگەی وشک و خوێی دەریاچەکە بە دروستکردنی زریانی خوێ و تۆز، مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵک و ژینگەی ناوچەکە دروست دەکات، تۆز و خۆڵ کە بەهۆی خوێ و کانزا قورسەکانەوە لە بنی دەریاچەکەدا دروست دەبێت، نەک هەر کێشەی هەناسەدانی لێکەوتووەتەوە، بەڵکو زیانی بە زەوییە کشتوکاڵییەکان و ئاژەڵەکانیش گەیاندووە، هەروەها شۆری خاک، کشتوکاڵی ناوچەکەی پەکخستووە و دانیشتوانی ناوچەکەی ناچار کردووە زەویەکانیان بەجێبهێڵن، ئەمەش لە بەرامبەردا بووەتە هۆی کۆچی زۆرەملێ و چۆڵکردنی گوندەکان.

پێشنیارەکان بۆ بوژانەوەی دەریاچەی ورمێ

کۆنتڕۆڵکردنی دەردانی ئاو لە بەنداوەکانەوە، گۆڕینی شێوازی چاندن بۆ بەرهەمگەلێک کە کەمئاوی پێویست بێت، پێداچوونەوە و چاککردنەوەی پردی ئۆڤەرپاسی "کەلانتەری"، هۆشیارکردنەوە و بەشداریکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و دابینکردنی هەلی کاری بەدیل بۆ جووتیاران ئە ڕێکارانەن کە دەتوانن ببنە هۆی بوژانەوەی دەریاچەی ورمێ.