"دەوڵەتی تورکیا ئاوی فوراتی کردووەتە چەک و جیهان بێدەنگە"
هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی فورات ڕەوشەن هاجم هەڵسەنگاندن بۆ بڕینی ئاوی فورات لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەکات.
بەیدا عوسمان
کۆبانێ- لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١وە دەوڵەتی تورکیا پشکی سوریای لە ڕووباری فورات بڕیوە، سەرەڕای ڕێککەوتننامەی ١٧ی تەمموزی ١٩٨٧ نێوان سوریا و تورکیا لەسەر هاوبەشیکردنی ئاوی فورات و تۆمارکردنی لەلای نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڵام دەوڵەتی تورکیا بە فەرمی ئەو ڕێککەوتننامەیە پێشێلدەکات و ئاوی ڕووبار وەک چەکێک دژی دانیشتوانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکاردێنێت، گرتنەوەی ئاو و بڕێکی کەمی دەربازبوونی ئاو بە ڕووباری فوراتدا بەناو خاکی سوریادا زیانی زۆری کشتوکاڵی و تەندروستی و کارەبای لێکەوتووەتەوە.
ڕەوشەن هاجم، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی فورات، ئاماژەی بەوەدا کە دەوڵەتی تورک هەمیشە ئاڵۆزییەکانی تورکیا وەک دەرفەتێک بۆخۆی بەکاردەهێنێت و لەلایەکەوە هێرشی چەکداری دەکات و لەلایەکی دیکەوە گرتنەوەی ئاوی فورات وەک چەکێک بەکاردەهێنێت و یەکێکە لە شێوازەکانی شەڕی دەوڵەتی تورکیا، لە ئێستادا ٣ ملیۆن کەس لە ئاو بێبەشن و کشتوکاڵ و ئاژەڵ و کارەبا زیانیان بەرکەوتووە.
"تاوان و کردەوەکانی دەوڵەتی تورک بێ سزا ماونەتەوە"
ڕەوشەن هاجم، وتیشی: هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ئێستا هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندووە و هەموو هاوپەیمانییەکان و یاساکان پێشێلدەکات، چەندین جار وتراوە کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا سزا بدرێت، بەڵام هێشتا کرداری ئەم قسانەمان نەبینیوە، دەوڵەتی تورکیا ئێستا دەبێت سزای هەموو تاوان و پێشێلکارییەکانی بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و تەواوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش چاوێکی کوێرانە ڕێگەیان بۆ دەوڵەتی تورکیا خۆشکردووە.