بڕیارە نەمامگە حکومەییەکان بدرێتە کەرتی تایبەت
ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی ئیدانەی پێدانی نەمامگە حکومییەکان بە کەرتی تایبەت دەکەن، ڕاشیانگەیاند لەو حاڵەتەدا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەوە هاوڵاتیان توانای کڕینی نەمامیان نابێت.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، پارتی سەوزی کوردستان بە هاوبەشی چەند ڕێکخراوێکی ژینگەیی ئیدانەی پێدانی نامامگە حکومییەکانیان بە کەرتی تایبەت کرد و ڕاشیانگەیاند کە نابێت چیتر وێرانکردنی ژینگەی کوردستان لەلایەن تورکیاوە قبوڵ بکرێت.
لە کۆنگرەکەدا ملکۆ بازیانی، سەرۆکی پارتی سەوزی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، سەبارەت بەوەی کە نەمامگە حکومییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، بدرێن بە کەرتی تایبەت، کە لە پارێزگای هەولێر پێنج نەمامگە و پارێزگای سلێمانی شەش نەمامگە دهۆک چوار نەمامگە، هەروەها پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان-یش هەریەکە و نەمامگەیەکیان دەدرێتە کەرتی تایبەت لەگەڵ باخێکی زەیتون لە گەرمیان.
هەروەها وتیشی: وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ئێستادا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ خەمڵاندنی نەمامگەکان، بۆیە ئێمە وەک پارتی سەوزی کوردستان دژی ئەو بڕیارە دەوەستینەوە و داوای دەستبەجێ ڕاگرتی بەکرێدانی نەمامگە حکومییەکان دەکەین بە کەرتی تایبەت، چونکە پێمانوایە خەڵک و ژینگە زەرەرمەندی یەکەمن لەو نێوەندەدا.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە باشوری کوردستان، مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، بەژمارە (٥٥٣٢) نوسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ڕەزامەندی دەربڕین لەسەر بە تایبەتکردنی نەمامگە حکومییەکان.
ت.پ