بۆری کانگا لە بامیان داهاتووی گوندنشینان تاریک دەکات
بەهاران لەهیب
بامیان – لە گوندی پەی-کۆتێل لە بامیان، زەوییە کشتوکاڵییەکان و بژێوی خێزانییەکان لە مەترسیدایە، لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانی کانگاکان. گوندنشینان لەژێر فشار و چاودێریدا ناچارن ماڵ و کێڵگەکانیان جێبهێڵن و پرسیارەکان سەبارەت بە داهاتوویان بێ وەڵام ماونەتەوە، لەسەر ڕێگای گوندی پەی-کۆتێل، زەوییە کشتوکاڵییەکان لەناو ئۆپەراسیۆنەکانی کانگاکاندا دیارە. تا ئەم دواییانە ئەم زەوییە بۆ چاندنی پەتاتە بەکاردەهێنرا کە بەشێکی گرنگی بژێوی گوندنشینەکان بوو. گوندنشینان دەڵێن، لەو کاتەوەی کە کارەکانی کانگاکان دەستیپێکردووە، داوا لە بەشێک لە خێزانەکان کراوە ماڵ و زەویەکانیان جێبهێڵن.
پەی-کۆتێل یەکێکە لە گوندەکانی دەوروبەری ناوچەی کانگاکانی بامیان. لێرەدا ژیانی خەڵک بەستراوەتەوە بە زەوی و کشتوکاڵەوە. لەو گوندەدا نزیکەی ٥٠ خێزان دەژین و ئایندەی ئەو زەوییە کە ساڵانێکە بۆ کشتوکاڵ بەکاریان هێناوە، ئێستا نادیارە.

بەربەست و ترس لە گوندنشینان
بۆ گەیشتن بە گوندەکە لە دەروازەی ناوچەکە ڕووبەڕووی هێزەکانی تاڵیبان بووینەوە، کە ڕێگەیان نەدا هیچ خەڵکی ناوچەکە بچێتە ژوورەوە. بۆیە نەدەکرا لەگەڵ گوندنشینانی تر قسە بکەین یان ڕاستەوخۆ بەشەکانی تری گوندەکە ببینین.
سەرەڕای ئەمەش جووتیارێکی گوندەکە ئامادەبوو قسە بکات ڕوونیشیکردەوە، بۆ خێزانەکانی گوندەکە ئەم زەوییە تەنها زەوی کشتوکاڵی نەبووە، بەڵکو سەرچاوەی سەرەکی داهات و بژێوی ژیانیان بووە.
ئاماژەی بە کێڵگەی پەتاتە کرد و وتی: ئێمە خەڵکی هەژارین، تاکە ئومێدمان ئەم پەتاتانە بوو، تاڵیبانیش لەناویان برد.
بە وتەی ئەو جووتیارە، ئەو خێزانە بەناچاری بەر لەوەی بەتەواوی پێبگەن، بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن. هەروەها باسی لەوەش کرد کە ناچار بوون ماڵ و زەویەکانیان جێبهێڵن.
بەڵام گفتوگۆکە پچڕا کاتێک کەسێکی چەکدار لە ناوچەکە نزیک بووەوە. جووتیارەکە کە بینیویەتی بێدەنگ دەبێت و نەیویستووە درێژە بە گفتوگۆکە بدات. هەستمان کرد کە چاودێریمان دەکرێت، دوای ماوەیەک ناوچەکەمان بەجێهێشت.
ئەم ئەزمونە مەیدانییە دەریدەخات کە کێشەی کانگا لە ناوچەکەدا تەنها بە دەرهێنانی سامانی سروشتی سنوردار نییە، بۆ خەڵکی گوندەکە کێشەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە زەوی و ماڵ و داهات و ئاسایشی ژیانیانەوە هەیە.
پەرەپێدانی کانگاکان و سیاسەتی تاڵیبان
بامیان یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی کانزاکانی ئەفغانستان و لەم ساڵانەی دواییدا زۆرێک لە پڕۆژە بۆ ئیستغلالکردنی کانزای ئاسن و کانزاکانی دیکە سەریان هەڵداوە. لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٦ وەزارەتی کان و نەوتی تاڵیبان ڕایگەیاند کە گرێبەستێکی ٣٠ ساڵەی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ناوخۆیی واژۆ کردووە بۆ بەڕێوەبردنی کانێکی کانزای ئاسن لە ناوچەی یاکاڤلانگی بامیان.
بەپێی ئاماری وەزارەتەکە، ڕووبەری کانەکە ٨٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و گرێبەستێکی لەسەدا ٢٠ی حکومەتە و سەرجەم کارەکانی بەرهەمهێنان لە ئەفغانستان ئەنجامدەدرێت.
بەرپرسانی تاڵیبان ئیستغلالکردنی ئەو کانانە بە بەشێک لە گەشەسەندنی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لە ئەفغانستان دەزانن. بەڵام پرسیاری بنەڕەتی بۆ خەڵکی پەی-کۆتێل جیاوازە. ئەگەر کانگا لەسەر حیسابی زەوی و ماڵی ئەنجام بدرێت، دانیشتوانی ناوچەکە چ پشکێک لەم گەشەپێدانە بەدەست دەهێنن؟

کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی لەدەستدانی زەوی
بۆ ئەو خێزانانەی لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژین، زەوی زیاترە لە تەنها پارچە زەوییەک. داهاتی زەوی، پێداویستییە سەرەتاییەکانی خێزانەکە دابین دەکات کە بریتین لە خۆراک، تەندروستی، خوێندن و پێداویستییەکانی دیکە. لەدەستدانی زەوی بە تایبەت لەو ناوچانەی کە دەرفەتی کارکردنیان سنووردارە، دەتوانێت خێزانەکان ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار ببنەوە.
لە دۆخێکی وادا پرسی قەرەبووکردنەوە زۆر گرنگە. ئەگەر خێزانێک ناچار بوو زەوی یان ماڵەکەی جێبهێڵێت، پێویستە بە ڕوونی دیاری بکرێت کە لە بەرامبەردا چی دەدرێت و ئایا قەرەبووکردنەوەکە تێچووی ڕاستەقینەی لەدەستدانی سەرچاوەی داهاتی خێزانەکە دەگرێتەوە یان نا.
پرسیارێکی تر ئەوەیە ئایا دانیشتوانی ناوچەکە سوودمەند دەبن لەو هەلی کارانەی کە بەهۆی پڕۆژەکانی کانگاکانەوە دروست دەبن، هەروەها ئایا بەشێک لە داهاتی کانگاکان بۆ باشترکردنی ڕێگاوبان و قوتابخانە و چاودێری تەندروستی و ژێرخانی دیکەی ناوچەکە خەرج دەکرێت؟
دەرئەنجامەکانی لەدەستدانی زەوی تەنها کاریگەری لەسەر پیاوان یان خاوەن فەرمی زەوییەکە نییە. هەروەها ژنانی دانیشتووی گوندنشینەکان لە بواری کشتوکاڵ و بژێوی خێزانەکانیاندا ڕۆڵیان هەیە. هەروەها لەدەستدانی زەوی دەتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتییان هەبێت.
کاتێک خێزانەکان ئاوارە دەبن، ژنان دەتوانن ڕووبەڕووی سەختی ئابووری زیاتر ببنەوە لە چاو ئەندامانی دیکەی خێزان. هەروەها منداڵان دەتوانن قوتابخانە و ماڵەکانیان لەدەست بدەن کاتێک ناچار دەبن گوندەکانیان بەجێبهێڵن.
جگە لەوەش دەنگی ژنان و ئەندامانی دیکەی خێزان کە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرە لە پرۆسەکانی بڕیاردان کە پەیوەندییان بە پڕۆژەکانی کانگاکانەوە هەیە، بە دەگمەن دەبیسترێت.
کانگا بۆ کێ دەکات؟
خەڵک دەیانەوێت بزانن ئەو خێزانانەی زەوی یان ماڵەکانیان لەدەستداوە چ جۆرە پاڵپشتییەک وەردەگرن، ئایا شوێنی ژیانی بەدیلیان بۆ دابین دەکرێت، چەند کەس لە هەرێمەوە لە پڕۆژەکاندا دامەزراو دەبن و تا چەند گوندەکان سوودمەند دەبن لەو خزمەتگوزارییە بەڵێندراوانە و وەبەرهێنانی ژێرخانی.
لە لایەکی ترەوە حکومەتەکان و کۆمپانیاکانی بەڕێوەبردن باس لەو داهات و وەبەرهێنان و هەلی کارانە دەکەن کە بەهۆی کانەکانەوە دروست دەبن. جیاوازی نێوان ئەم دوو گێڕانەوەیە پرسیارێک دەوروژێنێت کە ‘کانگاکردن گەشەپێدان بۆ کێ دەهێنێت و کێ پارەی دەدات؟’ ئەمەش لە پەی کۆتێلدا بێ وەڵام ماوەتەوە.
لە پەی کۆتێلدا نەک تەنها ڕووبەڕووی گۆڕانی دیمەنەکە بووینەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی کەسانێک بووینەوە کە بە ترسەوە باسی ئەوەیان دەکرد کە بەسەریان هاتووە.
گەمارۆدانی تاڵیبان و نزیکبوونەوەی چەکدارێک کە گفتوگۆکەمان لەگەڵ جووتیارێک پچڕاند، بە ڕوونی کەشوهەوای ناوچەکە ڕەنگدەداتەوە. ئەوە نیشان دەدات کە خەڵکی گوندەکە ناتوانن بە ئاسانی ڕوونی بکەنەوە کە چی بەسەر خاکەکەیان و ژیانی خۆیاندا هاتووە.
بۆ ئەو خێزانانەی ساڵانێکە لەسەر ئەم زەوییە دەژین، بابەتەکە تەنها دەرهێنانی ئاسن یان دروستکردنی دامەزراوەی کانگا نییە. پرسیار ئەوەیە کە چی بۆ ئەم کەسانە دەمێنێتەوە کە ئێستا زەوی و ماڵەکانیان دەگۆڕدرێن، کاتێک کارەکانی کانگا و دەرهێنانی سەرچاوە کۆتاییان دێت.
هێشتا وەڵامی ئەم پرسیارە لە پەی کۆتێلدا ڕوون نییە.