سێ‌ ناوچەی هەرێمی كوردستان مەترسی بەبیابان بوونیان لەسەرە

دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەکات، ناوچەكانی گەرمیان و ڕۆژئاوای هەولێر و باشووری دهۆك مەترسی بەبیابان بوونیان لەسەرەو داوای هاوكارییان لە نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە.

 

 

ناوەندی هەواڵ


عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا وتی: ئامارێكی دیاریكراو بۆ ڕێژەی بەبیابان بوون لە هەرێم نییە، بەڵام داوایان لە نەتەوەیەكگرتووەكان كردووە هاوكارییان بكەن لە سەوزكردنی ناوچەكانی گەرمیان، باشوری دهۆك و ڕۆژئاوای هەولێر، چونكە مەترسی بیابان بوونیان لەسەرە.


ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی كوردستان چەند دەستكەوتێك لە بواری پاراستنی ژینگە بەدەستهاتوون كە لەناوچەكانی دیكەی عیراق نین، لەوانەش بەكارهێنانی گازی هاوەڵ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا و سودوەرگرتن لە وزەی پاك بۆ هەمان مەبەست.


سەبارەت بە هەماهەنگییەكانیان لەگەڵا وەزارەتی ژینگەی عیراق وتی: لە ١٥ رێككەوتننامەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ژینگەییدا پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عیراق هەیە و نوێنەری دەستەكە لە هەموو كۆبوونەوەكانیاندا بەشداردەبێت.