عەزیە حەمود عەقلە؛ تەمەنی سەد ساڵە و تا ئێستاش بە دەستی خۆی ژیان دەچێنێت

لە شاری هەجین لە کانتۆنی دێرەزوور، کە بۆنی زەوی تێکەڵ بە بۆنی مێژوو دەبێت، عەزیە حەمود عەقلە ژنێکە تێیدا دەژی و تەمەنی گەیشتووەتە سەد ساڵی و تا ئێستاش نەریتێک دەپارێزێت کە لە تەمەنی گەنجیەوە هەرگیز بەجێی نەهێشتووە، ئەویش کارکردنیەتی لەسەر زەوییەکان.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزوور- عەزیە حەمود عەقلە سەدەیەک لەنێو کێڵگە و زەوییەکانی گەنم و جۆ و پەتاتەدا ژیاوە، نە بێزاری دەزانی و نە سیستی، بەڵکو نموونەی ئەو ژنە گوندنشینانەبوو ەکە ژیانی خۆی بە خاکەوە گرێدا، شکۆمەندی خۆی و نهێنی مانەوەی تێدا دەبینی، تا بوو بە هێمایەک بۆ نەوەیەک لە ژنان.

 

عەزیە حەمود عەقلە تەمەن ۱۰۰ ساڵان، لەبەردەم ماڵەکەی دادەنیشێت و دەموچاوی بە نیشانەکانی ماندوێتی چەسپاوە، دەنگێکی پڕ لە یادەوەری، وتی: پێشتر دروێنەمان دەکرد، پەتاتەمان هەڵدەگرت، مانگاکانمان دەدۆشی و شیرەکەمان بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی کەرە دروست بکەین، هەموو شتێکمان بە دەستی خۆمان دەکرد، پشوومان نەدەزانی، بەڵام دڵخۆش بووین بەو شتانەی کە هەمانبوو، ئەو بە سروشتی دایکێک قسە دەکات کە لە سەردەمێکی تردا ژیاوە، باس لەوە دەکات کە چۆن ژنان لە وەرزی دروێنەکردندا کۆدەبوونەوە، هەروەها ئێمە گۆرانیمان دەوت لەکاتی دروێنەکردندا، بە خۆشییەکەوە کارمان دەکرد کە هیچ ماندووبوونێکمان نەدەزانی، ڕۆژەکان بە خێرایی تێپەڕین وپڕبوون لە بەرەکەت و ڕازیبوون.

 

عەزیە حەمود عەقلە وردەکارییەکانی کشتوکاڵی نەریتی دەژیێنێتەوە وەک ئەوەی بە چاوی خۆی شایەتحاڵی ئەوە بێت، وتی: پێشتر بە دەستی خۆمان گەنم و جۆ و پەتاتەمان دەچاند، ژن و پیاو بە هەمان شێوە، ئامێر و تراکتۆر نەبوو، پشتمان بە ئیرادە بەستبوو، ئێمە دەمانچاند و ئاومان دەدا و چاوەڕێی باران دەبووین، هەروەها کشتوکاڵ کۆیدەکردینەوە و هاوکاریمان دەکرد و هەموو شتێکمان هاوبەش دەکرد.

 

پێی وایە کشتوکاڵ تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیان نەبووە، بەڵکو شێوازێکی ژیان و ئامرازێک بووە بۆ دروستکردنی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ئەگەر یەکێک لە ئێمە زەویەکەی چاندبا هەموومان یارمەتیمان دەدا و پێکەوە دەمانچاند و دروێنەمان دەکرد، وە بە بەخششەکەمان دڵخۆش بووین، کەس بە تەنها کاری نەدەکرد، کارمان یەکدەخست و بە ڕازیبوون هەموو هەوڵەکانمانی بەرەکەتدار دەکرد.

 

''کاری هەرەوەزی''

 عەزیە حەمود عەقلە، چاوەکانی پڕ بوون لە فرمێسک کاتێک سەیری ڕابردوو دەکاتەوە، وتی: پێشتر لە هەموو شتێکدا یارمەتی یەکترمان دەدا، لە ئامادەکردنی خواردنەوە تا دۆشینی مەڕ و ماڵات و دروستکردنی زەیتی زەیتوون، ژیان ئاسان نەبوو، بەڵام پڕ بوو لە خۆشەویستی، ئەمڕۆ هەموو شتێک گۆڕاوە، هەمووان سەرقاڵی خۆیانن، ئەو ڕۆحەش نەماوە کە ڕۆژێک ئێمەی یەکخستبوو، هەروەها کاری هەرەوەزی خوێندنگەیەکی ئارامی و بەخشندەیی بوو، وە ژنان لە ڕابردوودا بڕبڕەی پشتی کۆمەڵگەی گوندنشین بوون، هەریەکەیان ڕۆڵی خۆیان دەزانن و هەموومان تەواوکەری یەکتر بووین، ماندوێتی سووکتر بوو کاتێک هاوبەش بووین، خۆشی زیاتر بوو کاتێک پێکەوە دروێنەمان دەکرد.

 

''تاتۆ لەسەر دەموچاو، هێما لەسەر یادەوەری''

 تاتۆی کۆن لەسەر دەموچاوی هەڵگرتووە، کە لە سەردەمی خۆیدا هێمای جوانی و ناسنامە بوون، ئەم بە زەردەخەنەیەکی شانازییەوە، وتی: '' ئێمە ئەم تاتۆیانەمان وەک ڕازاندنەوە و دەربڕینی شانازی بە ژنان و سەربەخۆی خۆمان دەکرد، ژنان لەسەر ڕوومەت یان چەناگەیان دانابوون و هەر تاتۆیەک واتایەکی هەبوو، ئەمڕۆ وەک داب و نەریتێکی نامۆ سەیر دەکرێن، بەڵام بۆ من یادەوەرییەکی نەسڕاوەن، ئەم تاتۆیانە تەنها ڕازاندنەوە نەبوون، بەڵکو دەربڕینێک بوون بۆ ڕۆحی نەوەیەک کە شانازی بە سادەیی و بەهایەکی هەمیشەیی لە جوانی سروشتیدا دەبینی.

 

لە سەردەمی سادەییەوە بۆ سەردەمی گۆڕانکاری، عەزیە حەمود عەقلە ئاهێک دەکێشێت کاتێک ڕابردوو و ئێستا بەراورد دەکات،وتی: ئێمە لەسەر کەمێک دەژیاین، بەڵام لە بەرەکەتەکانیدا زۆر بوو، زەحمەت و ماندووبوونمان پڕی کردین لە خۆشی، چونکە نانمان بە مانووبونی خۆما دەستدەکەوت، ئەمڕۆ ژیان ئاسانترە، بەڵام بێ تام، هەموو شتێک ئامادەیە، تەنانەت شادیش ناتەواو بووە.

 

سەرەڕای لاوازی جەستەی و تەمەنی گەورەی، بەڵام هێشتا ڕۆژانە سەردانی خاکەکەی دەکات و دەستەکانی بەسەر خاکەکەیدا دەهێنێت وەک ئەوەی دەست لە دڵی بدات، زەوی خیانەت لەو کەسانە ناکات کە خۆشی دەوێت، هەر جارێک دەستی لێدەدەم هەست دەکەم کە هێشتا لە ژیاندام.

 

سەبارەت بە پەیامەکەی بۆ نەوە نوێیەکان، وتیدەست بە خاکەوە بگرن، چونکە سەرچاوەی ئێمەیە، وازی لێ مەهێنن یان بە ئاسوودەیی بیگۆڕنەوە، کار ژیانە و تەمبەڵی مردنێکی هێواشە، زەحمەتکێشانمان فێری ڕازیبوونمانی کردووە، هەروەها ڕازیبوون نهێنی تەمەنێکی درێژە.

 

''یادی شوێن و ڕۆحی کات''

 عەزیە حەمود عەقلە بەرجەستەی یادەوەری زیندووی شاری هەجین و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی دێرەزوورە، ئەو سەر بە نەوەیەکە کە بە سادەیی ژیاوە، بەهاکانی لە خاکەکەدا چاندووە وەک چۆن مرۆڤ گەنم لە خاکدا دەچێنێت، ئەو تەنها ژنێک نییە کە تەمەنی ۱۰۰ ساڵی تێپەڕاندبێت، بەڵکو هێمای نەوەی ژنێکە کە بە ئارامی و باواڕەوە ژیانی خۆیان بونیاد ناوە، هەروەها بەرپرسیارێتی خێزان و خاک و کۆمەڵگەیان لە ئەستۆ گرتووە.

 

لە چرچییەکانی دەموچاویەوە چیرۆکێکی دێرین سەرهەڵدەدەن و لە تۆنی دەنگییەوە حیکمەتی ساڵان دەڕژێت، وەک ئەوەی بە جیهان بڵێت سادەیی هەژاری نییە و ڕازیبوون و ماندووبوون نهێنیی شکۆمەندی و تەمەن درێژییە، چیرۆکەکەی چیرۆکی ژنێکە کە ساڵەکانی نەدۆڕاوە، لەلایەن کاتەوە نەگۆڕاوە،  ژنێک کە وەک خاکەکەی تا کۆتایی ئارام و بەپیت و دڵسۆزە.