ژنێکی ئاوارە سەرەڕای بارودۆخی سەخت کاری دروومان دەکات

لەژێر چادرێکی بچوک لە کامپی تل سەمین بۆ ئاوارەکان، ڕەغدا عەبدولحسێن توانی بە ئامێری دروومان و بە هەوڵ و ئیرادە لە هەموو بارودۆخێک پاڵپشتی خێزانەکەی بکات و بیسەلمێنێت کە ژنان بەهێز و بەتوانان لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو سەختییەکان.

یوسرا ئەحمەد

 

ڕەققە- کامپی تل سەمین کە لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزرا، خەڵکی ئاوارەبووی شاری تل ئەبیەز لە گرێ سپی لە دوای داگیرکردنی لەلایەن تورکیا و چەتەکانییەوە تێیدا نیشتەجێن، ئەو ژنانەی ئاوارەن لەوێ ڕووبەڕووی بارودۆخی سەخت دەبنەوە و لە بوارە جیاوازەکاندا کاردەکەن و تەنها هیوای گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان دەخوازن.

 

"خولیای دروومانم هەبوو"

ڕەغدا عەبدولحوسێن، هاوژینەکەی بەهۆی شەڕ و بۆردوومانەکانەوە بریندار بووە وتی: دوای ئەو بۆردومانەی کە شارەکەمان تووشی بوو و تەقەی ڕاستەخۆ بەرامبەر خەڵکی مەدەنی هەبوون، هاوژینەکەم پێیەکانی بریندار بوو، ئەمەش بووە هۆی ئیفلیجی ئەندامەکانی خوارەوەی لەشی.

 

ڕوونیشیکردەوە، دوای بیستنی کردنەوەی وۆرکشۆپێکی چنینی ژنان کە پەروەردەی پیشەیی بۆ ژنان لە بواری درووماندا دابین دەکات، وەک فێربوونی بڕین و شێوزی جیاواز، هەوڵدم دا بەشداری تیادا بکات چونکە خولیای دروومانی هەبووە، وتی: پێشتر دایکم لەم بوارەدا کاری دەکرد، زانیاریم هەیە لەسەر هەموو شتێک کە پەیوەندی بە دروومانەوە هەیە، پێشتریش دادەنیشتم تەماشای دەستی دایکمم دەکرد، ئێستا لە هەوڵی فێربوونی زیاتردام.

 

"قەیرانی ناو کامپەکە کارەکەی قورستر کردووم"

سەبارەت بەو سەختییانەی کە لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئاماژەی بەوەدا، کامپەکە چەندین خزمەتگوزاری سەرەتایی و پێداویستییەکانی ژیانی نییە، وەک کارەبا و ئاو، وتیشی: لەکاتی پچڕانی کارەبادا ناتوانم وەک پێویست کاربکەم، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەیاندنی داواکارییەکان و کاریگەری نەرێنی لەسەر کارەکانم دروست دەکات.

 

سەبارەت بە ڕێژەی خواست و داواکاری بۆ کارەکەی، ڕەغدا عەبدولحسێن ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە ناو کامپەکەدا کاری دروومان دەکەن زۆر کەمە، بەو پێیەی زۆرێکیان ناچارن مەودای دوور لە دەرەوەی کامپەکە بڕۆن، بۆ ئەوەی بچنە دوکانەکانی چنین و وۆرک شۆپەکان، بۆیە کارەکانم لە ڕووی تێچوون و زەحمەتی زیاتر بوو، چونکە بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان خواستیان لەسەر بوو من جلیان بۆ بدرووم.

 

"کار وەک خەباتێک وایە"

ئاماژەی بەوەکرد، سەرەڕای سەختی بارودۆخی ژیان و ئابووریی ناو چادرەکان کە لە سەرمای زستان یان گەرمای هاوین نایانپارێزێت، جگە لە لەدەستدانی خزمەتگوزارییەکی زۆر لە کەرتی تەندروستی و پەروەردە، خۆیان ڕادەستی دۆخی ژیان ناکەن و بەرخۆدان دەکەن، چونکە تەنها ڕێگەو هیوایانە بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و شارەکەیان، بۆیە وەک خەباتێک لە کارەکەی خۆی دەڕوانێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کارکردن گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەتی بۆ ژنانی ناو کامپەکان، بەو پێیەی تاکە ڕێگەیانە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو بارودۆخەی تێیدا دەژین، ژنان لەناو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین کاریگەری ئاوارەبوونیان لەسەرە، بەهۆی ئەوەی بەرپرسیارێتییەکان لەسەر ژنان زیاترە بە بەراورد بە پیاوان، وتی: کاتێک هەست بە نائارامی دەکەم دەست دەکەم بە کارەکەم و بەم جۆرە ئارام دەبمەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەغدا عەبدولحسێن پەیامێکی ئاڕاستەی هەموو ژنان کرد کە لە هیچ بارودۆخێکدا خۆیان بەدەستەوە نەدەن بەو پێیەی ژنان لە هەموو شەڕێکدا ئامانجی یەکەمن، بەو پێیەی هێزی بنەڕەتی کۆمەڵگەن، بۆیە داگیرکەر هەرچییەک بکات، ئەوان نابێت بێ هیوا بن بەڵکو دەبێت بەرخۆدان بکەن.