ژنانی سوەیدا: دەبینین خاکەکەمان دەسووتێت و ناتوانین ڕزگاری بکەین
لەناو ئەو ئاگرکەوتنەوە بەردەوامەی کە گوندەکانی ڕۆژئاوای سوەیدا وێران دەکات، دانیشتووانی ئاوارە خەریکی زیندووکردنەوەی یادەوەرییەکانی ئاوارەبوون و لەدەستدانی ماڵ و بژێوی ژیانیانن، لە کاتێکدا ئازارەکانیان بەهۆی نەتوانینی گەیشتن بە خاکەکانیان یان بەشداریکردن.
ڕۆشیل جونیور
سوەیدا ـ ئاگرە بەردەوامەکانی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە گوندەکانی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی شاری سوەیدای سووریا، وێنەی ئاوارەی پێش یەک ساڵیان هێنایەوە یادی ژنانی ئاوارەکان، ئەمەش دوای ئەوەی چەتەکانی هەتەشە چوونە ناو چەند گوندێکەوە و دەستیان بەسەردا گرت، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بڵێسە و دووکەڵ لە زەوییە کشتوکاڵییەکاندا، هەمان ترس و ئازار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هاوڵاتییانەی کە لە چەند کیلۆمەترێک لە گوندەکانیانەوە وەستاون، بەڵام بێتوانان لە گەیشتن بە زەوییەکانیان یان ڕزگارکردنیان لە ئاگر، ئەم دیمەنانە پرسیار لەلای نیشتەجێبووان دەوروژێنن سەبارەت بەو لایەنەی کە ڕێگرییان لێدەکات لە گەیشتن بە موڵک و ماڵیان، بۆچی تەنانەت ڕێگە بە گروپەکانی ئاگرکوژێنەوەش نادرێت بچنە ناو ناوچە سوتاوەکانەوە، ئەگەر بێت و ئاگرەکە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە بێت و بە مەبەست نەکرابێت.
"دڵیان سوتاندین پێش ئەوەی خاکەکەمان بسووتێنن"

هەنا عەربید لە گوندی "ولغا" وتی: ڕۆستنیان پێش ساڵێک دەستی پێکرد کاتێک گوندەکە ڕووبەڕووی هێرشێکی چەکداری بوو کە دانیشتووانەکەی ناچار کرد ماڵ و حاڵیان جێهێڵن، هەروەها پێش ساڵێک لە ماڵەکانمان دەرکراین، دوای ئەوەی هێزەکانی دەسەڵات بە هێزی چەک هێرشیان کردە سەر گوندەکە و ناچاریان کردین ماڵەکانمان بەجێهڵین، ماڵەکانیان تاڵان کرد و سوتاندن و هیچ شتێکیان بۆ نەهێشتینەوە، ئەمڕۆش هەمان دیمەن دووبارە دەبێتەوە؛ ئاگرەکە زەوییە کشتوکاڵییەکان دەخوات، لە کاتێکدا خاوەنەکانیان قەدەغەن لە گەیشتن پێیان، سەرەڕای ئەوەی دووری نێوان شاری سوەیدا و گوندی ولغا لە چەند کیلۆمەترێک تێپەڕ ناکات.
ڕوونیکردەوە، کە دانیشتووانەکە لە دوورەوە سەیری ئاگرەکە دەکەن بە بێ ئەوەی بتوانن هیچ بکەن وتی: ئاگرەکە بە چاوی خۆمان دەبینین، بەڵام بێتواناین لە ڕۆیشتن بۆ کوژاندنەوەی، ئەگەر ئەم ئاگرانە بەهۆی گەرمای کەشوهەوا یان سووتانی پاشماوەی بەروبوومەکانمان ببن، بۆچی ڕێگە بە ئۆتۆمبێلەکان ئاگرکوژێنەوە نادەن بگەنە پێیان؟ چی ڕێگری لە کوژاندنەوەیان دەکات؟
جەختی لەوەش کردەوە، کە ئەو زەوییانەی دەسووتێن تەنها پانتایی کشتوکاڵی نین، بەڵکو سەرچاوەی ژیانن بۆ خاوەنەکانیان وتی: ئەمە خاکی ئەوان نییە، بە هێزی چەک داگیریان کردووە، بەڵکو سەرچاوەی بژێوی و بەروبوومە کشتوکاڵییەکانمانە، بۆیە هەست بەوە ناکەن ئێمە چی لەدەست دەدەین. ئەوان دڵیان سوتاندین پێش ئەوەی خاکی ئێمە بسووتێنن، تا ئەمڕۆش نازانین ئایا بۆ ماڵەکانمان دەگەڕێینەوە یان چارەنووسمان نادیار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لێواری ڕۆژئاوا بڕبڕەی پشتی کەرتی کشتوکاڵی بووە لە سوەیدا، وتی: هەموو کەسێک لە سوەیدا دەزانێت کە پشتبەستنی سوەیدا لەسەر بەروبوومەکانی لێواری ڕۆژئاوا بووە، بەهۆی ئەو پیتاییەی خاکی لە چاندنی سەوزە و میوە و گەنمدا هەیەتی، لەگەڵ ئەو بیرانەی کە ئاوی دابین دەکرد، لە باشترین زەوییە کشتوکاڵییەکان بوون".
لە کۆتایی قسەکانیدا، هەنا عەربید قسەکانی وتی: ئەم زەوییانە دوایین هیوای ئێمە بوون بۆ گەڕانەوە، بۆ چاندنیان و ژیان لە خێر و بەرووبومەکەی و نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانمان، بەڵام تەنانەت ئەم هیوایەش لەدەستچوو، ئەوان تەنها بە داگیرکردنی زەوییەکە نەوەستان، بەڵکو بیرەکانیان پڕکردەوە، وەک ئەوەی بیانەوێت کۆتایی بە هەر دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی ژیان بۆی بهێنن.
ئاگر زەوی دەخوات و منداڵان پرسیار لەبارەی نیشتمانەکەیانەوە دەکەن

ڕەوان عەبید لە گوندی "ولغا" ئاماژری بەوەش کرد، کە ئەو ئاوەرەییە بەردەوامەی ماوەی ساڵێکە دانیشتووانی بێبەش کردووە لە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، وتی: ئاگرە گەورەکان دەبینین، هیچ لەبارەی ماڵەکانمانەوە نازانن، تەنها دەبینین دووکەڵ لە ماڵ و زەوییەکانمانەوە بەرز دەبێتەوە و ناتوانین بگەین پێیان.
پرسیار دەکات و وتی: بۆچی گروپەکانی ئاگرکوژێنەوە هەوڵدەدەن لە مەودای دوورەوە ئاگرەکە بکوژێننەوە و ناتوانن بگەنە شوێنی ئاگرەکان؟ ئەمە خاکی ئێمەیە، کەواتە چی ڕێگری لە ئێمە دەکات لە دابەزین بۆ ناوی و کوژاندنەوەی ئاگرەکان تیایدا؟ ئەم زەوییانە سەرچاوەی بژێوی ئێمە بوون، و ئەوەی تیایدا سووتا بۆ چەندین ساڵی داهاتوو قەرەبوو ناکرێتەوە، خاکەکە ماندوو بووە، دار زەیتوونەکان سووتان، هەروەها دووکەڵەکە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر کەشوهەوای گوندەکان و شارەکە جێهێشت.
کاریگەری دەروونی لەسەر منداڵەکانی بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە، منداڵەکانم لێم دەپرسن: چی بەسەر ئەو زەوییە هات کە جاران تیایدا یارییمان دەکرد و باوکمان کاری تیادا دەکرد؟ کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دروست بوو، ئێمە هیوامان هەبوو بگەڕێینەوە، بەڵام تا ئێستاش هیچ هیوایەک نییە. منداڵەکانم لەگەڵ قوتابخانە یان ژیان لێرەدا خۆیان نەگونجاندووە، چونکە وابەستەی قوتابخانە و خاکی خۆیانن.
ئەو زەوییەی کە خێزانەکەی بەخێو دەکرد بووە شتێکی دەستنەکەوتوو

نادیا نەسر وتی: لە ماڵەکانمان دەرچووین و ئاوارەبووین، زەوییەکەمان سووتا، ناتوانین بگەینە پێی، ئەم زەوییەم دەچاند و پێی دەژیام، لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا سەرچاوەی بژێوی من و منداڵەکانم بوو، بەڵام ئەمڕۆ ناتوانم بگەینە پێی و بچێنم، هەروەها ئەم خاکە خاکی ئێمەیە و هەموو یادگارییەکانمانی هەڵگرتووە، بەپیت بوو و بەخششەکەی سوودی بۆ هەمووان هەبوو، ئەستەمە ئێمە دووربین لێیەوە، ئەگەر بیچێنین ناتوانین دروێنەی بکەین، ئەگەر بگەڕێینەوە ناتوانین مسۆگەری پارێزراوی خۆمان بکەین.
ئاماژە بە مەترسییەکانی مینە بڵاوبووەوەکان لە ناوچەکەدا دەکات وتی: پێش ماوەیەک مینێک بە دوو کەسدا تەقیوەوە، پێش ئەوەش دوو گەنج کە بەرەو چاندنی زەوییەکەیان دەچوون لە ئەنجامی تەقینەوەی مینەکان گیانیان لەدەستدا، بۆیە گەیشتن بە زەوی بووە بە مەترسییەک کە ڕەنگە ژیانی مرۆڤ بخاتە مەترسییەوە.
ئاگرەکان دیمەنی ئاوەربوون دەگێڕنەوە

لە گوندی "مزرعە"وە، ئامال ئەدیب حسێن ساتەکانی یەکەمی ئاوارەبوون دەگێڕێتەوە وتی: بەهۆی هێرشەکەوە لە شارۆچکەکە ئاوارەبووین، بەزۆر لەوێ ڕۆیشتین. بە دڵێکی سوتساوەوە دەرچووین، هیچ دۆخێک سەختتر نییە لەوەی ببینی شارەکەت لە بەردەمتدا دەسووتێت.
وتیشی: گوندەکەمان دەسووتا، هەروەها ئەو گوندانەی کە پێش ئەوە بوون، بینیمان دووکەڵ لە ماڵەکانەوە بەرز دەبێتەوە، نەمانتوانی خۆمان بگرین و ڕۆشتین، تا ئێستاش لە هەمان قەیراندا دەژین و دووکەڵ لە زەوییەکاندا دەبینین بەڵام لە چەند کیلۆمەترێکەوە و هیوادارین بگەینە ماڵەکانمان، و دیسانەوە لەگەڵ خزم و دراوسێکانمان کۆبینەوە، هێشتا هیوایەکی گەورە بە گەنجان هەیە.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئامال ئەدیب حسێن وتی: ئەمڕۆ دەبینین زەوییەکان دەسووتێن، ئەوەش بە دەستی کەسێک کراوە، هەر ئەمەش ئازارەکەمان زیاتر دەکات، چونکە دیمەنەکە هەمان ساتەکانی ئاوەارەیی دەهێنێتەوە یادمان، کاتێک دووکەڵ لە ماڵەکانەوە بەرز دەبۆوە، بەڵام ئەمڕۆ لە خاکی ئێمەوە بەرز دەبێتەوە، هەمان ئازار دەگەڕێنێتەوە.