ژنان ئاوارەبوون دەگۆڕن بۆ دەرفەتی ژیان

لە نێوان یەکەکانی نیشتەجێبوونی کاتی و ئەو ماڵانەی چاوەڕێی ئاوەدانکردنەوەن، خێزانەکانی شارۆچکەی فرونی لوبنان هەوڵی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان دەدەن، ژنان کار دەکەن، خوێندکاران بەردەوامن لە خوێندن و دانیشتووان بە زەویەکانیانەوە دەلکێن.

رەنا جونی

 

لوبنان- شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بووە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتووانی لوبنان و وێرانبوونی ماڵ و حاڵیان و بێبەشکردنی گوندەکانیان، لە کاتێکدا هەندێکیان سەرەڕای وێرانکارییەکان گەڕانەوە، زۆربەیان هیچ پەناگەیەکیان نەدۆزیەوە و لە ناوەندەکانی ئاوارەیی تازە دامەزراو لە نزیک گوندەکانیان نیشتەجێ بوون بۆ ئەوەی لە نزیک زەوییەکانیانەوە بمێننەوە.

 

لە شارۆچکەی فرون کە دەکەوێتە باشووری ڕووباری لیتانی و هاوسنوورە لەگەڵ وادی حوجەیر کە نزیکەی لە ٩٥٪ی بووە بە داروپەردوو، دانیشتووان سەرەڕای بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل پێداگرییان لەسەر گەڕانەوە کردووە و لە ناوەندێکی ئاوارەبوون لە نزیک ماڵەکانیان نیشتەجێ بوون.

 

لە سەنتەرەکەدا لە یەکەکانی نیشتەجێبووندا، ١٩ خێزان دەژین کە سەرەتاییترین پێداویستیەکانیان نییە، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاریان داوە بمێننەوە و خۆڕاگر بن، لەنێو دانیشتووانەکەیدا عالیا بزی هەیە کە کار لە ئامادەکردن و فرۆشتنی خۆراک دەکات، بۆ دابینکردنی داهاتێک کە یارمەتی خێزانەکەی دەدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارگرانییەکانی ژیانی ڕۆژانە.

 

عالیا بزی تەنها نییە، هەروەها ژنانی دیکەی ناو سەنتەرەکە لە ژێر ڕۆشنایی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی چالاکییە ئابوورییەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکان، کارکردن و دروستکردنی ڕێڕەوی داهاتیان هەڵبژاردووە، هەموو ئەمانەش لە کاتێکدا شەڕەکە بەردەوامە و قورسایی زۆری لەسەر خەڵکی باشووری لوبنان هەیە.

 

خوێندن و کار سەرەڕای ئاوارەیی

سجود ڕەمەزان، خوێندکاری کۆلێژی تەندروستی لە زانکۆی ئیسلامی، لە زانستە تاقیگەییەکاندا، لە هەمان کاتدا وەک مامۆستای تایبەت کاردەکات، گوێی بە بارودۆخی ئێستای خۆی نەداوە بەڵام بڕیاری داوە درێژە بە خوێندن بدات و کارێک بۆ خۆی دەستەبەر بکات، وتی: نابێت ژیان بەهۆی شەڕەوە یان کەمی سەرچاوەکانەوە بوەستێت.

 

وتیشی: بە نزیکەی وانە بە ١٢ خوێندکار دەڵێتەوە و سەرقاڵی پڕۆژەی دەرچوونەکەیە، کە باس لە بەرگری فرە دەرمان دەکات لە یەکەکانی چاودێری چڕ، پێی وایە پشتبەستن بەخۆبوون و دروستکردنی دەرفەت لە نێوان سەختییەکاندا شێوازەکانی هێز و خۆڕاگرین.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامبوونی خوێندن و کارکردنی سەرەڕای ئاوارەبوونی، دەیسەلمێنێت کە شەڕ ناتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ وازهێنان لە ویست یان وەستاندنی بەدواداچوونی زانست.

 

پڕۆژەیەکی بچووک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بارگرانییەکانی ئاوارەبوون

منداڵانی کچی دیکەش هەڵیانبژاردووە کە ئاوارەبوون بکەنە دەرفەتێک بۆ کارکردن. بەتوول ڕەمەزان یارمەتی خێزانەکەی دەدات بۆ بەڕێوەبردنی دوکانێکی بچووک لەناو سەنتەری ئاوارەییەکان، کە خوشکەکەی بۆ دابینکردنی پێداویستی خێزانەکان و دابینکردنی داهات بۆ خێزانەکە کردوویەتییەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دوکانەکە بۆ سودمەندبوون و دابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵکی سەنتەرەکە کراوەتەوە، وتی: خێزانەکەی پێش جەنگ خواردنیان دەفرۆشت، لە کاتێکدا خوشکەکەی بۆن و پێداویستییەکانی دیکەی دەفرۆشت.

 

ڕوونیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە یارمەتی خوشکەکەی داوە کە خوێندکاری زانکۆیە، بەشێک لە خەرجییەکانی دابین بکات و درێژە بە خوێندن بدات، لە هەمان کاتدا خۆی هەوڵی یارمەتیدانی خێزانەکەی دەدات، ئەمە جگە لە خوێندنی پۆلی نۆیەم و حەزی لە کاری دەستی و چنینە.

 

سەرەڕای سەختی ژیانی ناو سەنتەرەکە، بەتوول ڕەمەزان دووپاتی کردەوە، کە گەڕانەوەی بۆ فرون هەستێکی نوێی ژیانی پێبەخشیوە دوای ئەزموونی ئاوارەبوونی خێزانەکە دوور لە شارۆچکەکەیان، بەڵام گەڕانەوەی کۆتایی بە ئازارەکان نەهێناوە، ماڵە وێرانبووەکان هێشتا چاوەڕێی ئاوەدانکردنەوەن، یەکەکانی نیشتەجێبوونی کاتیش بارودۆخی ژیانی گونجاویان بۆ دابین ناکەن، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبوونەوەی زستان.

 

گەڕانەوە بۆ خاک بە واتای کۆتایی هاتنی ئازارەکان نییە

محاسن ڕەمەزان، یەکێکە لەو ژنانەی کە لە ناوەندی ئاوارەییەکان دەژی، لەگەڵ خێزانەکەی کە شەش کەسی تێدایە، لە یەکەیەکی تەنگدا نیشتەجێیە، کە بەزەحمەت لە ژوورێک گەورەترە، سەرەڕای ئەوەی لە ڕووی تیۆریەوە لە دوو ژوور و چێشتخانەیەک پێکهاتووە، وتی: ئەو شوێنە سنووردارە خێزانەکان ناچار دەکات شوێنێکی دەرەوەی هاوبەش بەکاربهێنن بۆ ئامادەکردنی خۆراک و هەڵگرتنی کەلوپەلەکان، چونکە چێشتخانەیەکی دروست لەناو یەکەکەدا نییە.

 

ڕوونیکردەوە، کە ئامادەکردنی خواردن لە وەرزی زستاندا قورستر دەبێت، بەتایبەتی لەگەڵ منداڵێکی بچووکدا، دەبێت کاتژمێر ٥:٠٠ی بەیانی لە خەو هەڵسێت بۆ ئامادەکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە و جوڵە لە نێوان یەکەی نیشتەجێبوون و شوێنی چێشتلێنان کە دیاری کراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژیان لە سەنتەرەکەدا قورسە، بەڵام دووپاتیدەکاتەوە کە گەڕانەوەی بۆ فرەن ڕۆحی زیندووکردووەتەوە دوای ئەوەی هەستیکردووە بەشێکی بەرچاوی ژیانی لەدەستداوە لە کاتی ئاوارەبوونیدا، وتی: خێزانەکان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هەیە، وەک ئاو و کارەبا و ڕێگا قیرتاو کراوەکان، هەروەها چارەسەری گونجاوتر بۆ نیشتەجێبوون، دانیشتووان تەنها دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانیان و لەسەر زەویەکانیان بژین.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، خانووە دوو نهۆمیەکەی بە تەواوی وێران بووە، تەنها داروپەردووی بەجێماوە، لەکاتێکدا خێزانەکە هێشتا چاوەڕێی ئاوەدانکردنەوەن، لەبری ئەوەی نیشتەجێبوون بە یەکەکانی نیشتەجێبوونی کاتی کە لە سەرمای زستان یان گەرمای هاوین نایانپارێزن.