"ژنان و منداڵان زەرەرمەندی یەکەمی جەنگن"

جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل ترس و دلەڕاوکێی بۆ ژنان و منداڵان دروست کردووەو چالاکوانێکی ژنان دەڵێت: ژنان و منداڵان زەرەرمەندی یەکەمی جەنگن.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە- لە بەرەبەیانی ١٣ی حوزەیرای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئیران، ماوەی چوار ڕۆژە جەنگ و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامی هەیە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر شارە جیاوازەکانی ئێران  و بە پێچەوانەشەوە هاویشتنی موشەکەکان و درۆنەکان بەسەر ئاسمانی کوردستاندا ترس و دڵەڕاوکیی لای هاوڵاتیان دروست کردووە، ژنان ترسیان هەیە دووبارە جەنگ زیانیان پێبگەیەنێت و داوا دەکەن کورد بە وتاری یەکدەنگ کوردستان لە مەیدانی جەنگ بپارێزێت.

 

لەو بارەیەوە شارا عەبدولکەریم، چالاکوانی ژنان سەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو ئاماژەی بەوەکرد کە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نائارامی دروست کردووەو وتی: بەداخەوە دوو ڕۆژە نائارامی و ناسەقامگیری باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سنووری ئێمەو دراوسێکانمان گرتووە، بووەتە هۆکاری نائارامی دەروونی لە تەواوی کۆمەڵگە، ئەو شەڕە نەخوازراوەی بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووە بە گشتی، بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە کورد ترسێکی گەورەمان لێ بنێشێت لە ئەنجامدانی ئە شەڕەدا، ئەو وڵاتانەی شەڕ دەکەن ترسمان هەیە کە ئاسمانی کوردستان و عێراق بەکاربهێنن، ئێمە کەوتووینەیە نێوان شەڕی ئەو دوو وڵاتە، ترسێکی گەورە هەیە کە پریشکی ئەو شەڕە بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کوردستان نەهامەتی زۆری بینیووە لە ڕابردوودا وتی:لەکاتی نەهامەتییەکاندا هەمیشە بێکەس ماوینەتەوە، بۆیە ئومید دەکەین ئەم شەڕە دووربێت لە کوردستان، کوردستان نەبێتە مەیدانی شەڕو یەکلاکردنەوەی ململانێکانی هیچ وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوراست و هیچ وڵاتێکی دەورووبەر، ئەمەش پێویستی بە یەک وتاری سیاسی کورد هەیە، بە لێدوانی جۆراوجۆر شەڕە نەهێندرێتە مەیدانی کوردستان، چونکە کوردستان پشتیوانی نێودەوڵەتی نییەو تا ئیستا مسۆگەری ئارامی سنوورەکەی نەبووە، ئومێد دەکەین دور بین لەم جەنگەو نەبینە لایەنگری هیچ دەوڵەتێک.

 

"ژنان پشکی شێریان لە شەڕەکان بەرکەوتووە"

لە کۆتایی قسەکانیدا شارا عەبدولکەریم وتی: شەڕ هەمیشە نەهامەتی بووە بۆ خەڵک و ژنانیش پشکی شێرمان بەرکەوتووە، زیانبەرکەوتووی یەکەمی جەنگەکان ژن و منداڵن و ئومێد دەکەین کوردستان پارێزراو بێت و نەبێتە مەیدانی ولاتانی زلهیز.