ژنان لەكاتی كاركردن ڕووبەڕووی گیچەڵی زایەندی دەبنەوە

ژنانی فەرمانبەر و کارکەری کۆیە باسیان لە کاری ژنان کرد، کە لە پیاوان قورسترە، چونکە ژنان دوو ئەركیان لەسەرە و لەیەك كاتدا كاری دەرەوە و كاری ماڵەوەشیان لە ئەستۆ دایە، بەڵام مافیان پێشێل دەکرێت.

شیا كۆیی

 

کۆیە- لە ڕۆژی ١ی ئایاریشدا کرێکاران لەسەر کار بوون و بەخشینی مافی کرێکارانیش لە چوارچێوەی دروشمدا ماوەتەوە، ئەمەش وایكردووە ڕۆژی جیهانی كرێكاران لە بۆنەیەكی فەرمی و تایبەتدا، بگۆڕێت بۆ بۆنەیەكی سیمبولی و هیچ لە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی كرێكاران نەگۆڕێت.

 

كرێكار لە كورتترین پێناسەیدا دەستی بونیادنەری وڵات و ئاوەدانی و خۆشگوزەرانییە، بۆیە لە زۆرینەی وڵاتانیشدا ئەم ڕۆژە پشووی فەرمییە و مەبەست لەم پشووە، پشوودانی دەستی ماندووی كرێكارانە، ژنانیش دەستی باڵایان هەیە لە كاركردندا، بەڵام بەردەوام دەبیستین كە ژنان وەك پێویست مامەڵەیان لەگەڵ ناكرێت و زۆر جار كاتێكی زۆر كاریان پێدەكرێت بە دەستكەوتێكی كەم، جگە لەوەی لەهەندێك شوێنی كاردا چەندین جار ڕووبەڕووی گێچەڵی زایەندی و بەكارهێنان دەبنەوە و زۆرجاریش كار بە ژنان نادرێت، بەهۆی بەكەم سەیركردنی توانای ژنان، هەرچەندە گەر لێهاتووش بێت، پۆستی باڵایان پێنادرێت.

 

"ژنان کاری دەرەوە و ماڵەوەشیان لە ئەستۆدایە"

نارنج سەلام، كارمەند لە تەندروستی كۆیە، پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی کرێکارانی لە ژنان کرد و وتی: كاری كرێكاران قورسە، بەتایبەت بۆژنان، بەڵام لەهەمان كاتدا بەپێی ماندووبوونی خۆیان مووچەو پاداشت وەرناگرن، كاری ژن زۆر قورسترە لەپیاو، چونكە ژنان دوو ئەركیان لەسەرە، لەیەك كاتدا كاری دەرەوە و كاری ماڵەوەشیان لە ئەستۆ دایە.

 

نارنج سەلام ئەوەشی خستەڕوو کە کاری ژنان پوختترە لە کاری پیاوان و دڵسۆزانە تر کاردەکەن، وتیشی: بۆیە من حەزدەكەم هەموو ژنێك خاوەنكاری خۆی بێت و چاوی لەدەستی پیاو نەبێت و ببنە خاوەن كاری خۆیان.

 

"پێویستە کار بۆ باشترکردنی ژیانی کرێکاران بکرێت"

هەورین عەلی، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی، وتی: كرێكاران ئەو چینە زەحمەتكێشەن كە زەحمەت دەكێشن لەپێناو كۆمەڵگە وباشتركردنی کۆمەڵگە، كاری كریكاران چەند قورسبێت بۆژنان زەحمەتترە لەوەی كەهەیە، لە كۆنەوە دەستكەوت و داهاتی كرێكاری ژن كەمتر بوو لە پیاوان و ئەو جیاوازیەش لەدێر زەمانەوە هەبووە، بەڵام پێویستە ئەوە بنبڕبكەین، چونكە تواناو وزەی ژن هیچی كەمتر نیە لە پیاوان.

 

هەورین عەلی ئەوەشی خستەڕوو کە ژنان لە کاتی کارکردندا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێكسی دەبنەوە و بە بچووک سەیری ژن دەکرێت، لە کۆتاییدا وتیشی: پێویستە لە كوردستان هەوڵبدەین كۆمەڵێك یاسا دابنێین، تاوەكو ژیانی كرێكاران بەرەو باشی ببەین لە ڕووی كاتی كاركردن و دەستەبەری كۆمەڵایەتی، هەروەها بیمەی تەندروستیان بۆدابین بكرێت،چونكە زۆر جار دەبینین كە كارمەندێك لە شوێنی كاردا گیان لەدەستدەدات،خێزانەكەی تووشی نەهامەتی دەبێت، بۆیە دەبێت مافی كرێكاران بە یاسا جێگیربكرێت.

 

جێی ئاماژەیە، لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستاندا ڕۆژی كرێكاران پشووی فەرمییە، دەزگا و سەندیكا و ڕێكخراوە كرێكارییەكان چەندین چالاكی و ئاهەنگ و گردبوونەوەی مەدەنیانە ئەنجام دەدەن، تیایدا داواكاری و خواست و پێداویستییەكانی كرێكاران بەپێی سەردەم و بارودۆخ دەخرێنەڕوو، بەڵام ئەوەی جێگەی هەڵوەستەكردن و سەرنجدانە، بەشێكی زۆری كرێكاران لە وڵاتی ئێمە و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرەڕای ئەوەی داواكاری و خواستەكانیان نەهاتووەتەدی، لە ڕۆژی یەكی ئایاریشدا هەر لە كاركردن بەردەوامن، ئەوەیش وایكردووە ڕۆژی جیهانیی كرێكاران لە بۆنەیەكی فەرمی و تایبەتدا، بگۆڕێت بۆ بۆنەیەكی سیمبولی و هیچ لە بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی كرێكاران نەگۆڕێت.

 

بیرۆكەی جەژنی جیهانیی كرێكاران بۆ ساڵی ١٨٥٦ دەگەڕێتەوە و بیرۆكەكە لە ئوسترالیاوە سەری هەڵدا، دواتریش گەیشتە ئەمەریكا، بۆ یەكەم جاریش لە ساڵی ١٨٨٢دا لە شاری نیویۆرك كرێكاران ئەو جەژنەیان گێڕا و تیایدا خەباتیان بۆ باشترکردنی کرێ و کەمکردنەوەی کاتەکانی کارکردن و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و تەندروستی كرێكاران کرد، لەو كاتەوە ڕۆژی ١ی ئایار، وەک ڕۆژێکی سیمبولی سیمایەكی تایبەت بەخۆی وەرگرتووە و دەرفەتێكیشە بۆ نوێکردنەوەی داواکارییەکان و بەدیهێنانی خواستەكانی کرێکاران.