ژنان لە تەنیشت زبڵخانەکانەوە چادرەکانیان هەڵدەدەن
لەناو کارەساتی ئاوارەبووندا، ژنانی غەززە ناچارن چادرەکانیان لە نزیک زبڵخانەکانەوە هەڵبدەن، کە لەوێدا بە مێروو و نەخۆشی دەورە دراون، تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە.
					ڕەفیف ئیسلیم
غەززە- زۆرێک لە خێزانەکانی کەرتی غەززە پەنا دەبەنە بەر هەڵدانی چادرەکانیان لە تەنیشت زبڵخانەکان لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل، کە نزیکەی لە ٤٠%ی کۆی ڕووبەری کەرتی غەززەیان لەناوبردووە، وە نەبوونی زەوییە بەردەستەکان لە باکوور و باشوور بۆ دانانی چادر مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر تەندروستی ئاوارەکان بەتایبەتی منداڵان و ژنان.
لە دڵی یەکێک لە توندترین قەیرانە مرۆییەکانی کەرتی غەززەدا، کارەساتی ئاوارەبوون بە شێوەیەکی بەرچاو دیارە، ژنان ناچارن چادرەکانیان لە تەنیشت زبڵخانەکان دابنێن، کە بە تەواوی لە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەشن، ئەمەش ڕاستیەکی تاڵە بۆ ئەو خێزانە ئاوارانەی کە بە چەندین شێوە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە.
جیهان غەف وتی: ئێستا زۆرێک لە خەڵکی ئاوارە لە نێو زبڵخانەکاندا چادر دادەنێن، کە مێرووەکانی وەک مێشوولە و مێش لێیە وە نەخۆشی تووشی جەستەی ژن و منداڵان دەکەن، هەروەها کۆمەڵێک نەخۆشی دەگوازنەوە، لە خورانەوە بۆ نەخۆشییەکانی پێست کە بۆ یەکەمجار لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دەرکەوت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاوارەکان بڕیارە چی بکەن؟ ئەوان لە مردن هەڵدێن، کە لە ئاسمانەوە بەدوایاندا دەگەڕێت و بە مووشەک و گوللـەیە ، تەنها بۆ ئەوەی مردن بە شێوەیەکی دیکە بدۆزنەوە، کە لە نەبوونی شوێنی گونجاوە بۆ هەڵدانی چادر دەستپێدەکات، و بە خاشک و ئاوەڕۆ کۆتایی دێت، هەروەها ژنانی ئاوارە ناچارن کۆمەڵێک خاشاک بگوازنەوە بۆ ئەوەی چادرەکانیان هەڵبگرن.
جەخت لەوە دەکاتەوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە دەستبەسەرداگرتنی زەوی زیاتر لە کەرتی غەززە بەبێ ئەوەی کامپەکان بۆ ئاوارەبوون یان ناوچەی مرۆیی پارێزراو تەرخان بکەن، بۆ ئەوەی دانیشتووان تێیدا بمێننەوە، هەروەها ناتوانرێت دانیشتوانەکەش تاوانبار بکرێت، چونکە ئەوانیش پێویستیان بە ناوچەک هەیە بۆ فڕێدانی خاشاکەکانیان و یەک سانتیم شوێنی ئازاد لە شارەکەدا نییە، بە تایبەت لە بەشی ڕۆژئاوادا.
دوو هێندە بوونی نەخۆشیەکان
زۆرێک لە نەخۆشیەکانی پێست وەک حەساسیەت و خوران بەربڵاون و تەنانەت هەندێکیان دەتوانن بەرەو شێرپەنجەی پێست پێشبکەون، وەک ئەوەی نەخۆشخانەی منداڵانی "رەنتسی" دەستنیشانی کردووە، چارەسەری ئەم حاڵەتانە نییە، ئەوانەی نەخۆش دەکەون بەجێدەهێڵرێن تا تووشی ئازاری خوران و گەرمای هاوین ببن، هەروەها لەگەڵ نە بوونی ئاو بۆ خۆشۆردن یان سابونی دژە بەکتریا بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانیان.
جیهان غەف ئاماژەی بە کێشەیەکی دیکە کردووە، ئەویش سەختی چاکبوونەوەی برینەکانە کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانەوە دروست دەبن، لەوانە ئەوانەی بریندار دەبن بۆ چەند مانگێک لەم حاڵەتەدا بمێننەوە و برینەکە دەبێتە شوێنی گەشەکردنی بەکتریاکان، کە ئەمەش دەبێتە هۆی کۆمەڵێک ئاڵۆزی کە هەندێک جار دەتوانێت ببێتە هۆی بڕینی بەشەکانی جەستە بەهۆی ئەو پیسبوونەوەی کە ژیان لە تەنیشت زبڵخانەکانەوەیە، بەبێ ئەوەی هیچ بژاردەیەکی دیکە لەبەردەستدا بێت.
جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێش جەنگ هیچ زبڵخانەیەکی هەڕەمەکی بەم قەبارەیە نەبووە، شارەوانی غەززە پێشتر لە بەردەم ماڵەوە کیسەی خاشاکی کۆدەکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە کارەساتبارە و قەیرانەکە بێ وێنەیە.
جیهان غەف هیوادارە لە ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی دیاریکراودا خانووبەرە بەدەستبهێنێت نەک چادرێک لە تەنیشت زبڵخانەیەکەوە و مۆتەکەی ئاوارەبوونی بەردەوام کۆتایی پێبێت، چونکە هەر کە شوێنێک بۆ هەڵدانی چادرەکەی دەدۆزێتەوە، فەرمانی نوێی دەرکردن دێت، پرسیاری ئەوە دەکات: جارێکی تر چادرەکە لە کوێ دەبێت؟ لە تەنیشت دەرچەی ئاوەڕۆ؟.