ڕۆژنامەنووسانی تونس: پرسەکانی ژنان بازنەیی نین یان پەیوەست نین بە بۆنەیەکی دیاریکراوەوە

ڕۆژنامەنووسانی تونس دەڵێن: میدیاکان پێویستە لە ڕووماڵکردنی ناوبەناوەوە بگوازنەوە بۆ مامەڵەکردنی بەردەوام لەگەڵ پرسەکانی ژنان، بەشداری بکەن لە ئاشکراکردنی ئەو کێشە ڕاستەقینانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- دوو ڕۆژنامەنووسی تونسی کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە ڕووماڵکردنی پرسی ژنان بەرگریکردن نییە لە گروپێکی دیاریکراو، بەڵکو بەرگریکردنە لە کۆمەڵگە بە گشتی، چونکە بەهێزکردنی بوونی ژنان لە میدیاکاندا بەهاکانی یەکسانی و دادپەروەری بەهێزتر دەکات و پاڵپشتی ڕێبازی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی دەکات.

 

ساڵانە گفتوگۆکان سەبارەت بە دۆخی ژنان لە تونس سەرهەڵدەداتەوە لەگەڵ هاتنی بۆنە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی ژنان، دیارترینیان ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانی ژنانە، بەڵام زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندن وتیان: نابێت ئەم بابەتانە تەنها لە ڕووماڵکردنی وەرزی یان سیمبولیدا قەتیس بمێننەوە، چونکە ڕاستی ژنان، چ لە شارەکان یان ناوچە گوندنشینەکان، ئاڵەنگاری ڕۆژانە دەخاتە ڕوو کە پێویستی بە ئامادەبوونی بەردەوامی میدیایی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان و هێنانە پێشەوەی دیالۆگی گشتی.

 

ڕۆژنامەنووس هودا جوینی، بەڕێوەبەری ڕادیۆی کۆمەڵایەتی "کەبسا ئێف ئێم" لە پارێزگای قەفسە، وتی: پرسەکانی ژنان لە تونس بەپێی زەمینە جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان جیاوازن، بەڵام لەسەر زۆر خاڵی هاوبەش کۆدەبنەوە، هەروەها ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە کە بە پلەی یەکەم پەیوەندییان بە بارودۆخی کارکردن لە کەرتی کشتوکاڵ و لاوازی ئابوورییەوە هەیە، جگە لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە سنووردارەکان و کێشەکانی تێکەڵبوون بە سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی.

 

”جیاوازی نێوان ئاڵەنگاری شار و گوندنشین”

ڕوونیشیکردەوە، ڕەنگە کێشەکانی ناو شارەکان شێوەی جیاوازیان هەبێت، بەڵام گرنگیان کەمتر نییە، بەو پێیەی پرسەکانی وەک توندوتیژی دژی ژنان، هەراسانکردن، بێکاری، بەتایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکان، سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە یاساییانەی کە تونس بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی بەدەستی هێناوە، بەڵام لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای پاراستنی مافەکانی ژنان، گەورەترین ئاڵەنگاری، بە وتەی ئەو، لە جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی ئەم یاسایانەدایە لەسەر زەوی.

 

هودا جوینی جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پرسەکانی ژنان هەلومەرج نین یان پەیوەست نین بە بۆنەیەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو ڕاستیەکی ڕۆژانەیە بۆ ژنان، بۆیە پێیوایە پێویستە ڕووماڵی میدیایی بۆ ئەو بابەتانە بەردەوام بێت، بە دابینکردنی سەکۆیەک بۆ دەربڕینی بۆچوون و ئەزموونەکانی ژنان و تیشک خستنە سەر ئەو کێشانەی کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.

 

پێی وایە قەتیسکردنی ئەم پرسانە لە بۆنە تایبەتەکاندا گرنگییان کەمدەکاتەوە و دەیانگۆڕێت بۆ بابەتی سیمبولی نەک پرسە کۆمەڵایەتییە ڕاستیەکان کە شایەنی سەرنجن، هەروەها میدیاکان سەرنجیان لەسەر دۆخی ئەو ژنانە کردەوە کە لە کەرتی نافەرمیدا کاردەکەن، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا، کە ساڵانێکە بارودۆخیان وەک خۆی ماوەتەوە، داوای کرد تیشک بخرێتە سەر جیاوازی موچەی ڕەگەزی، کێشەکانی تەندروستی دەروونی، سێکسی و لەدایکبوون، هەروەها بابەتی چارەنووسساز لە دەستڕاگەیشتن بە پۆستەکانی بڕیاردان لەلایەن ژنانەوە، بە پرسێکی بنەڕەتی دەزانێت کە شایەنی گفتوگۆی قووڵ و بەردەوامە.

 

وتیشی: کە ئەم بابەتانە نابێت تەنها لە وەڵامی ڕووداوە تایبەتەکاندا، لە ماوەی هەڵبژاردنەکاندا یان لە چوارچێوەی ڕووماڵکردنی ناوبەناودا وروژێنرێن، بەڵکو پێویستە بەردەوام ئاڕاستەیان بکرێت بۆ ئەوەی ڕەهەندە ڕاستەقینەکانیان و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی ژنان و کۆمەڵگە پیشان بدەن، ڕووماڵی ڕۆژانەی پرسەکانی ژنان بەشدارە لە خستنەڕووی وێنەیەکی ڕاستیتر و هەمەچەشنتر لە دۆخی ژنان و یارمەتیدەرە بۆ شکاندنی ئەو چەشنە چەقبەستوانەی کە زۆرجار ژنان لە نوێنەرایەتییەکی سادەدا کورت دەکەنەوە.

 

”ڕۆڵی ڕاگەیاندن لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک”

ئاماژەی بەوەشکرد، بەردەوام ڕووماڵکردنی میدیایی بۆ پرسەکانی ژنان، ڕۆژنامەنووسان لە ڕاستی ڕۆژانەی ژنان نزیک دەکاتەوە، یارمەتیان دەدات بە وردی لە وردەکارییەکانی ژیانیان تێبگەن، ئەمە جگە لەوەی تیشک دەخاتە سەر چیرۆکی سەرکەوتنەکان کە ئەگەرنا ڕەنگە بە نەبینراوی بمێننەوە، ئەم چیرۆکانە ئەو ڕۆڵە بناغەییە ئاشکرا دەکەن کە ژنان لە بوارە جیاوازەکاندا دەیگێڕن، چ لە بواری ئابووری، چ لە بواری ڕۆشنبیری، یان ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەروەها بەشداریکردنیان لە هاندانی گەشەسەندن لە ناو کۆمەڵگەدا.

 

هودا جوەینی پێی وایە کە سوودی سەرەکی ئەم جۆرە ڕووماڵکردنە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە و پشتیوانیکردن لە بنەمای یەکسانی ڕاستەقینەی نێوان ژنان و پیاواندایە، هەروەها ئەم هۆشیارییە دەتوانێت بڕیاردەران بەرەو پەسەندکردنی سیاسەت و یاسای دادپەروەرانەتر بۆ ژنان ڕێنمایی بکات، کە تیشک خستنە سەر ئەزموونەکانی ژنان دەتوانێت پاڵنەرێک بێت بۆ ژنانی دیکە کە بە "زۆرینەی بێدەنگ" پێناسەی دەکات، بۆ ئەوەی داوای مافەکانیان بکەن و ئامادەیی خۆیان لە کایەی گشتیدا بەهێزتر بکەن.

 

”توندوتیژی ئەلیکترۆنی و ئاڵەنگاری ڕاستی”

ڕۆژنامەنووس تەبرە شیبانی، لە ڕادیۆی تونس لە پارێزگای مەدنین، پێی وایە کە پرسی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکان و شارەکاندا لە بناغەدا هاوشێوەن سەرەڕای هەندێک جیاوازی لە وردەکارییەکان، هەروەها توندوتیژی بە شێوە جیاوازەکانی وەک یەکێک لە دیارترین بابەتەکان دەمێنێتەوە کە پێویستی بە سەرنجی میدیاکان هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، چیتر دەرکەوتەکانی توندوتیژی تەنها لە لایەنە ئابووری، جەستەیی یان زارەکییەکاندا سنووردار نییە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ بواری دیجیتاڵی، کە توندوتیژی ئەلیکترۆنی بووەتە دیاردەیەکی زیاتر کە کاریگەری لەسەر ژنان هەیە لە هەردوو ناوچەی شار و گوندەکاندا، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردانە پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی ئەکتەرە جیاوازەکان هەیە، لەنێویاندا میدیا.

 

ئەویش هاوشێوەی سەرۆکی پێش خۆی، جەختی لەوە کردەوە، کە ڕووماڵکردنی میدیایی بۆ پرسەکانی ژنان نابێت بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بێت یان بەستراوەتەوە بە ڕووداوە دیاریکراوەکانەوە، بەڵکو پێویستە بەردەوام بێت، کە ڕەنگدانەوەی ڕاستی ئەو پرسانە بێت و هاوسەنگ بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانیان، بە وتەی ئەو، میدیا خاوەنی توانایەکی بەرچاوە بۆ بەشداریکردن لە کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان و چارەسەرکردنی پرسە جیاوازەکانی ژنان بە شێوەیەکی کاریگەرتر.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە زۆرێک لە وڵاتان بە تونسیشەوە سیستەمی یاسایی تاڕادەیەک پێشکەوتوویان هەیە بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان، بەڵام ئاڵەنگاری ڕاستەقینە لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەدایە، پێی وایە کە ڕووماڵکردنی بەردەوامی میدیاکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پشتیوانیکردن لە جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە و بەهێزکردنی پاراستنی ژنان، داوای هاندانی ژنان بە تایبەتی ئەوانەی کە نوێنەرایەتی کەمیان لە میدیاکاندا هەیە، بۆ ئەوەی بە ئازادی بیروڕا و نیگەرانییەکانیان دەرببڕن، بەمەش بەشداریکردنیان لە کاروباری گشتیدا بەرزبکاتەوە و پاڵپشتی بوونی چالاکانەیان لە کۆمەڵگەدا بکات.

 

لە کۆتای قسەکانیدا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ژنان نابێت لە کۆنەپەرستانە یان ڕۆڵی کۆمەڵایەتی تەسکدا قەتیس بکرێن، بەڵکو دەبێت بە بەشدارییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانەش پێگەی بڕیاردان، بناسرێت.