ڕۆزا، گەنجێکی پڕ لە بەهرە

هەرچەندە دۆخی هەرێمی کوردستان و دانەمەزراندن، گەنجانی بێ هیوا کردووە دەربارەی گەیشتن بەو کارەی لە ڕێی خوێندنەوە دەستیان بکەوێت، بەڵام گەنجان هەمیشە هەوڵیانداوە کاری تایبەت بە خۆیان بنیاد بنێن و ببنە خاوەن کاری خۆیان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- گەنجان چیتر لە چاوەڕوانی دامەزراندن و حکومەتدا نین بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، هەربۆیە چەندین گەنج لە بواری جۆراوجۆردا هاتوونەتە نێو مەیدانی کار کردنەوە و هەوڵ دەدەن بۆ بنیادنانی داهاتوویان، ژنان ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن لە بەدەستهێنانی کار بەتایبەت کاری سەربەخۆ، ڕەنج دەدەن لەپێناو بەدەستهێنانی سەربەخۆی دارایی و پێویست نەبوون بە هیچ لایەن و کەسێک.

 

ڕۆزا ڕزگار، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٤ ساڵە، خوێندکاری قۆناغی کۆتاییە لە کۆلێژی زانستی کۆمپیوتەر لە زانکۆی کۆمار لە شاری سلێمانی، وەک گەنجێک دەستی کردووە بە کارکردن و دیزاینکردنی جوانکاری ژنانی هەڵبژاردووە بەتایبەت جوانکاری سەر جلی کوردی، لەگەڵ ئەوەشدا کاری دەستی دیکە دەکات بە ناوی هونەری دەستی "سترینگ ئارت".

 

ڕۆزا ڕزگار لەگەڵ ئەوەی خوێندکارە، ماوەی ساڵێکە دەستی کردووە بە کاری دەستڕەنگینی، وەک باسی لێوەدەکات سەرەتا لە منداڵییەوە وێنەی دەکێشا و دەیویست وێنەی ژوورەکەی دەستکردی خۆی بێت، دواتر دەستی کردووە بە چنین و چەندین ملپێچ و بلوسی بۆخۆی چنیوە، تا وای لێهات بەردەوامی بە خولیاکانی ناخی داوە و دەستی کردووە بە کاری دەستی "سترینگ ئارت"، کە بە بزمار و پەت دەکرێت، دواتر بیری لەوە کردووەتەوە لەکاتێکدا دەتوانێت چەند کارێکی دەستی جیاواز بکات، بۆیە بە دروستکردنی جوانکاری ژنان بەردەوام بووە و بەهرەیەکی تایبەتی لە تێکەڵکردنی ڕەنگەکاندا هەیە.

"حەزت بۆ کارێک نەبێت ناتوانین ئەنجامی بدەیت"

بۆ هەر کارێک پێویستە خولیایەک هەبێت تا ببێتە پاڵنەر، ئەوەی پاڵنەری ڕۆزایە، حەز و خولیای منداڵی بوو، وەک باسی دەکات لە منداڵییەوە بەردەوام حەزی کردووە گۆڕانکاری لەو شتانەدا بکات کە هەیەتی و خێزانەکەی بۆی دەکڕن، دەڵێت "کاتێک شتێکیان بۆ دەکڕیم هەمیشە هەوڵمدەدا جیاوازی بکەم و دەستکاری بکەم ئیتر زیادی بکەم یاخود کەم بۆ ئەوەی تاک بێت"، هەروەها پێی وایە کاتێک حەزت بە کارێک بێت دەتوانیت سەرکەوتوبیت تیایدا.

 

"بێگومان قورسە دەست بکەیت بەو کارەی حەزت بۆی هەیە، بەڵام کاتێک پاڵنەر هەبوو هیچ شتێک زەحمەت نابێت، هەمیشە دایکم پاڵپشتی کردووم و توانای زیاتری پێبەخشیووم".

 

"خوێندنەکەم نەبووەتە ڕێگر لە بەردەم خولیاکانم"

لەبارەی خوێندنەوە ڕۆزا ڕزگار دەڵێت: "خوێندن بەشی زۆری ژیانم پێکدێنێت، بەڵام ناکرێت خوێندن بکەین بە بەهانەیەک بۆ ڕێگریکردن لە خولیاکانمان لە بەرامبەریشدا واز لە خوێندن بهێنین چونکە بەشێکی گرنگی ژیانمانە".

 

"خراپی دۆخی ئابووری بازاڕی نەهێشتووە"

ڕۆزا رزگار باسی لەوەکرد، کاری دەستی کارێکی قورسە و کاتێکی زۆری دەوێت، بەڵام فرۆشی کەمە تەنها لە بۆنەکاندا فرۆشی هەیە هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ خراپی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان و باری ئابووری هاوڵاتیان کە ڕێگری دەکات لەوەی هاوڵاتی کام شتەی دەیەوێت بە دەستیبهێنێت.

 

زۆرینەی ئەوانەی بۆ کڕینی کارێکی دەستی دەچنە لای ڕۆزا مەبەستیانە کە ڕەنگاوڕەنگ بێت بۆ ئەوەی لەگەڵ زۆرینەی جلەکانیان بگونجێت.

 

"تێکەڵکردنی ژمارەیەک ڕەنگی زۆر، جوانی حێل و مێخەکەکە ناهێڵن"

بۆ هەر یەکێک لە کارەکانی چەند کاتژمێرێکی پێدەچێت بۆ دروستکردنی، بەڵام پێشووتر لە خەیاڵیدا دیزاینەکەی دادەنێت و ڕەنگەکان ڕێکدەخات، لەگەڵ ئەوەی ژنان خۆیان ڕەنگ و دیزاین هەڵدەبژێرن، بەڵام هەندێک کاتیش هەڵبژاردنی ڕەنگەکان دەدەنە دەستی ڕۆزا و بە دڵی ئەو داوای دەکەن، دەربارەی هەڵبژاردنی ڕەنگەکان ڕۆزا وتی "هەمیشە پێیان دەڵێم با حێل و مێخەکەکەتان لە سێ ڕەنگ زیاتر نەبێت چونکە جوانییەکەی دەرناکەوێت".

 

"داوا دەکەم ژنان نەوەستن لە هەوڵدان و ببنە ڕۆشنکەرەوەی ڕێڕەوی ژیانیان"

ڕۆزا ڕزگار لە پلانیدایە پەرە بە کارە دەستییەکەی بدات، تا ئەو ڕادەیەی دەگاتە لوتکە و هەموو کەس کارەکانی بە دڵ دەبێت، لە ئێستادا لە ڕێگای پەیجی ئۆنڵاینەوە کارەکانی نمایش دەکات، بۆ ئەوەی بەردەوامبێت لەسەر کارەکانی هەوڵ دەدات دڵی ژنان و کڕیارەکانی ڕازی بکات، چونکە پێی وایە ڕازیکردنی دڵی کڕیار لە هەموو شتێک گرنگترە.

 

دەربارەی کار و ڕەنجی ژنان دەڵێت: "هەمیشە پێویستە ژنان هەوڵی بەدەستهێنانی کاری سەربەخۆی خۆیان بدەن، ببنە بەڕێوەبەری کارەکانی خۆیان و چیتر لە ژێر بڕیاری بەڕێوەبەر نەمێننەوە بەڵکو خۆیان ببنە بەڕێوەبەر".

 

ڕۆزا ڕزگار داوا لە گەنجان دەکات بە تایبەت ژنان نەوەستن لە هەوڵدان و چیتر چاوەڕێی کەسانی دیکە و بەتایبەت حکومەت نەکەن خەونەکانیان بەدیبهێنن، خۆیان ببنە ڕۆشنکەرەوەی ڕێڕەوی ژیانیان.

 

ت.پ