ئەمەل ئیسماعیل: ئامانجی ڕفاندن و کوشتن تێکدانی پێگەی ژنانی سووریایە

ژنانی سووری بوونەتە قوربانی پێشێلکارییەکانی جیهادییەکانی هەتەشە، لەگەڵ زیادبوونی کەیسەکانی ڕفاندن و کوشتن و دەستدرێژی سێکسی.

سیلڤا مەنلا عوسمان

 

حەلەب – ژنانی سووریا ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ڕاستیەکی دڵتەزێنی نائاسایشی و ناسەقامگیری دەبنەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیهادییەکانی هەتەشە، کە ڕووبەڕووی ترسناکترین شێوەی پێشێلکاری دەبنەوە، لەوانە کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەتەواوی لێپرسینەوە و دادپەروەری نەماوە، سەرەڕای قورسای ئەم تاوانانە، حکومەتی کاتی ئەم پێشێلکاریانە بە "کردەوەی تاکەکەسی" پێناسە دەکات، بە پشتگوێخستنی ڕادەی ئازارەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکان لەسەر ژنان.

 

هەروەها ئەم حکومەتە بەشداری کردووە لە پەراوێزخستنی ڕۆڵی ژنان و وتارێکی پەروەردە کردووە کە ڕق و کینە لە نێوان پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریادا دەچێنێت، کە بۆتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری کۆمەڵایەتی، ئەنجامدەرانی ئەم پێشێلکاریانە کاردەکەن بۆ تێکدانی سەقامگیری ژنان و لاوازکردنی ئیرادەیان و شکاندنی هێزی دەروونی و جەستەیی ژنان، بە ئامانجی بێبەشکردنیان لە بەشداریکردنی ڕۆڵی ژیانی خۆیان لە ژیانی سیاسی و ئیداریدا و خستنەڕوویان لە بەردەم لاوازی و پەراوێزخستن.

 

"تاوانبارکردن بەس نییە"

ئەمەل ئیسماعیل، وتەبێژی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە شاری حەلەب باسی لە قۆناغی ئێستای سووریا کرد و بە قورسترین و پشێوترین قۆناغ لە سەرەتای قەیرانی سووریاوە پێناسەی کرد، کە کۆمەڵگە بەدەست زیادبوونی ڕفاندنەکانەوە دەناڵێنێت لە کاتێکدا جیهادییەکانی هەتەشە دەسەڵات لە دیمەشق دەگرنە دەست.

 

ڕوونیکردەوە، کە تەنها شەرمەزارکردن و تاوانبارکردنی پێشێلکارییەکان بەس نییە، و پێی وایە زۆر گرنگە بگەینە چارەسەری ڕوون کە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات لە پێشێلکاری و کردارەکانیان.

 

ڕوونیشیکردەوە، هۆکاری سەرەکی ئەو ئاڵۆزییە ئاسایشییەی ئەمڕۆ وڵاتەکە پێی گەیشتووە بوونی جیهادییە بیانییەکانە لەناو سوپای سووریادا، هەروەها دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەلی سووریا هیوایەکی زۆریان هەبوو بۆ سووریایەکی نوێی پڕ لە ئازادی و ئاسایش، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین پێچەوانەی هەموو پێشبینیەکانە.

 

"فرەچەشنی کولتووری و نەتەوەی سووریا"

ئەمەل ئیسماعیل، جەختی لەوەکردەوە، کە سووریا جیاوازی کولتووری و نەژادی و دەوڵەمەندبوونی لە هەموو پێکهاتە و ئایینەکاندا هەیە، بەڵام جیهادییەکان لە دیمەشق ئەو جیاوازییەی ئێستا هەن وەک بەهانە و پاساوێک بۆ پێشێلکاری و کارە دڕندەکانیان بەکاردەهێنن، هەروەها هەیفا تەیار، ژنی گەنج کە نزیکەی پێنج ڕۆژە ڕفێنراوە، تەنها هاوڵاتییەکی مەدەنی کوردە و هیچ شتێکیش نییە کە پاساو بۆ کردەوەکانیان بدات.

 

ڕوونیکردەوە، کە پەرەسەندنی ڕفاندنەکان و بڵاوبوونەوەی ئاژاوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان و گەنجان هەیە، بەتایبەتی سەبارەت بە ڕێڕەوی خوێندنیان، هەروەها ئەم ژن و گەنجانە ئاواتەخوازن ئایندەی خۆیان بونیاد بنێن و درێژە بە خوێندنیان بدەن، بەڵام ئەم دیاردانە تەنها لە پێکهاتەیەک یان نەتەوەیەکی دیاریکراودا سنووردار نین، بەڵکو کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگە بە گشتی هەیە.

 

"ژنان بە ئامانج دەکرێن"

ئەمەل ئیسماعیل ڕوونیشیکردەوە، کە جیهادییەکان ژنانی هەموو چین و بوارەکان دەکەنە ئامانج، جا چ پزیشک بێت یان مامۆستا، تەنانەت کەسایەتییە ئەکادیمییەکانیش لە سووریا و هیچ پاساوێک بۆ ئەو کارەیان نییە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کاردانەوەی گەلی سووریا، کە ئازاری چەشتووە و ئاوارە بووە و بڵاوەپێکراوە، بەهێزتر دەبێت لەو شۆڕشەی کە دژی ڕژێمی بەعس دەستیپێکردووە، چونکە ئەم پێشێلکاریانەی کە هاوڵاتیان دەکەنە ئامانج، بە ناچاری شۆڕشێکی نوێی گەورەی لێدەکەوێتەوە.

 

ڕووداوەکانی ڕفاندن بەشێکن لە پلانێکی سیستماتیکی بە ئامانجی تێکدانی پێگەی ژنانی سووریا و تێکدانی سەقامگیری بوونیان لە کۆمەڵگەدا، هەروەها دوایین ڕووداو ڕۆژی ١٣ی ئەیلوول تۆمار کرا، کاتێک هەیفا عادل تەیار، ژنێکی گەنجی کورد لە کاتی تێپەڕبوونی بە ڕێگای دێر حافەر – حەلەب لە ڕێگای گەڕەکی شێخ مەقسود لە حەلەب ڕفێندرا، جگە لەوەش پەیوەندی لەگەڵ نورمان جەلال سەرحان، ژنە گەنجە کوردەکە پچڕا کە لە ئەڵمانیاوە بۆ سەردانی کەسوکارەکەی لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاتبوو.