ئازار دەگۆڕێت بۆ هێز بەرەو ئازادی

توندوتیژی دژی ژنان یەکێکە لە پێشێلکارییە هەرە دیار و بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، ئەمەش بەهۆی ئامڕازە لاوازەکانی پاراستن و ڕێوشوێنە یاساییە ناتەواوەکانەوە ڕوو دەدات.

لیبیا

 

لە چوارچێوەی چیرۆکێکی پڕ لە ئازاری توندوتیژی و چەوساندنەوە، چیرۆکی ژنێکی لیبی کە ڕووبەڕووی ڕاستییەکی سەخت دەبێتەوە و خەون بە ژیانێکی باشترەوە دەبینێت باس دەکەین، ئەم چیرۆکە لە کارەکتەری 'ک.م' دا بەرجەستە دەبێت، کە ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندێکی دوورەدەستی لیبیایە، بۆ ماوەی ٥ ساڵ ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانی و نادادپەروەری بووەتەوە، پێش ئەوەی بڕیاری هەڵاتن لەو دۆزەخە بدات.

 

سەرەتای کابوسەکە لە ساڵی ٢٠١٥ بوو، کاتێک کە 'ک.م' هاوژینی سێیەمی پیاوێک بوو، لە ژێر فشاری خێزانەکەیدا ڕازی بوو بەبێ ئەوەی هاوژینەکەی بە بەشی بناسێت.

 

لە هەفتەی یەکەمی هاوسەرگیرییەکەیدا، دڕندەیی هاوژینەکەی بەرامبەر بە ژنەکانی دەرکەوت، کە بێ بچووکترین ماف لە ماڵەوە گیریان خواردبوو، تووشی شۆک بوو کاتێک مەرجەکانی کۆیلایەتی بۆی نووسرا، ئەو یاسایانەی وایان لێدەکرد هەست بکات وەک ئەوەی لە زینداندا بێت، هەموو شتێکی لێ قەدەغە بوو وەک چوونە دەرەوە و  هاوڕێیەتی کردن.

 

سەرەڕای ئەوەی ئارەزووی تەواوکردنی خوێندنەکەی هەبوو کە مەرجی بنەڕەتی هاوسەرگیرییەکەی بوو، بەڵام جگە لە هەڵهاتن بۆ ماڵی خاڵۆزا هیچ ڕێگەیەکی نەدۆزیەوە بۆ جێبەجێکردنی مەرجەکەی بەڵام دوای ماوەیەک بۆی دەرکەوت کە دووگیان بووە، نهێنی ترسناکەکانی لەبارەی ڕابردووی خۆی بۆ خێزانەکەی خۆی ئاشکرا کرد، لەوانە دەستدرێژی کردنە سەر ژنەکانی دیکە.

 

دوای لەدایکبوونی کۆرپەلە، بە زۆری لەلایەن خێزانەکەیەوە، ناچار بوو بگەڕێتەوە ماڵی هاوژینەکەی، بۆیە لە ترسدا دەژیا، نیگەرانییەکانی خۆی و نیگەرانییەکانی کوڕەکەی هەڵگرتبوو.

 

ڕێگری لێدەکرا تەنانەت بۆ کڕینی پێداویستییەکان بچێتە دەرەوە، کاتێک کۆرپەی یەکێک لە ژنەکان کە لە ماڵەوە منداڵی بووبوو، دوای لەدایکبوونێکی سەخت گیانی لەدەستدا و جەستەی سێ شەو لە باوەشی دایکیدا مایەوە، ئەویش هەمیشە لەو بیرکردنەوەیەدا بوو کە ئەم ژیانە ئەو ژیانە نییە کە بۆ کوڕەکەی ویستوویەتی، و لەم چیرۆکە دڵتەزێنەی کۆرپەدا دەرفەتێکی بۆ هەڵهاتن و باوەڕپێکردنی خێزانەکەی دۆزیەوە، و سەرەڕای ئەوە داوای جیابوونەوەی کرد بەڵام ڕووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت بووەوە لە نێوان کوڕەکەی و ئازادیدا.

 

"ئازایەتی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا هەنگاوی یەکەمە بەرەو ڕووناکی"

ئەو چارەسەرە سەپێندراوەکانی ڕەتکردەوە و لە ساڵی ٢٠١٩دا هەڵهات لە ڕێگادا بەرەو چارەنووسێکی نادیار، لەو بارەیەوە وتی: بە ئازارەوە فێربووم کە ئازادی بە ئاسانی نایەت، و ئازایەتی لە بەرامبەر نادادپەروەریدا هەنگاوی یەکەمە بەرەو ڕووناکی و ئازادی ڕاستەقینە.

 

هەرچەندە ئەو بە کارکردن بەردەوامە لە خەبات بۆ ژیانێکی باشتر بۆ خۆی و منداڵەکەی، بەڵام چیرۆکەکەی وەک بیرهێنانەوەی گرنگی پێشخستنی مافەکانی ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژی و نادادپەروەری لە سەرانسەری جیهاندا دەمێنێتەوە.