ئایا عێراق وڵاتێکی پارێزراوە بۆ ژنان؟... شایەتحاڵەکان ڕاستیەکی ئاڵۆز ئاشکرا دەکەن

هێشتا پرسی پارێزراوی ژنان لە عێراق ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبێتەوە، لە سایەی جیاوازیی نێوان گەشەسەندنی هۆشیاری سەبارەت بە مافەکان و بەردەوامبوونی توندوتیژیی خێزانی و دەستدرێژیی سێکسی، لە ناو داواکاریی بەپەلە بۆ بەهێزکردنی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی.

تەمەنی سروی

 

بەغدا ـ گفتوگۆکان سەبارەت بە پارێزراوی ژنان لە عێراق چیتر تەنها بە ڕێژەی تاوان یان سەقامگیری ئەمنی سنووردار نەکراوە، ئێستا کۆمەڵێک هۆکار لەخۆدەگرن، لە ئازادی جووڵەی ژنانەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بۆ دەستڕاگەیشتنیان بە دادپەروەری ئەگەر تووشی توندوتیژی یان هەراسانکردن ببن، لەنێوان ئەوانەی پێیان وایە ساڵانی ڕابردوو شایەتی پێشکەوتنی بەرچاو لە پاراستنی ژنان و ئەوانەی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هێشتا ڕێگایەکی دوور و درێژ ماوە، بۆچوونەکان جیاوازن لەسەر پرسیارێکی دووبارەبووەوە: ئایا عێراق ئێستا وڵاتێکی پارێزراوە بۆ ژنان؟

 

ئەم ڕاپۆرتە چاودێریی بۆچوونی ژنان دەکات لە گۆشەنیگای جیاوازەوە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی نزیکتر لە ڕاستی پێشکەش بکات، دوور لە گشتاندن، لە هەوڵێکدا بۆ تێگەیشتن لەو ئاڵەنگاری و دەرفەتانەی کە ئەمڕۆ ڕووبەڕووی ژنی عێراقی دەبنەوە.

هۆشیارییەکی گەورەتر... و ژنانی بوێرتر لە شکانی بێدەنگی

 

ئیسرا داوودی، پزیشک ڕوونیکردەوە، ژنی عێراقی لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتنێکی ڕوونی لە توانای بەرگریکردن لە خۆپارێزی و داواکردنی مافەکانی بەدەستهێناوە، باشبوونی پاسایشی هاوکات بووە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، وتی: ژن ئیتر دوودڵ نییە لە قسەکردن لەسەر ئەو پێشێلکارییانەی کە تووشی دەبن وەک چۆن لە ڕابردوودا هەبوو، بەڵکو بووەتە خاوەن بوێرییەکی زیاتر لە پێشکەشکردنی سکاڵا و داواکردنی لێپرسینەوە لە دەستدرێژکاران، کە ئەمەش بەپێی پێناسەکەی، گەشەسەندنێک لە هۆشیاریی یاسایی و کۆمەڵایەتیدا دەردەخات.

 

ڕوونیکردەوە، کە دەستدرێژی دیاردەیەکی تایبەت بە عێراق نییە، بەڵکو لە تەواوی وڵاتانی جیهاندا هەیە، بەڵام ئەوەی قۆناغی ئێستا جیادەکاتەوە بوونی کەناڵی یاساییە کە ژن دەتوانێت پەنایان بۆ بەرێت، لەگەڵ خێرایی وەڵامدانی دەزگا ئەمنییەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ راپۆرتەکان و بەدواداچوونی تۆمەتباران بەپێی یاسا.

 

ئاماژە بەوەش دەکات، کە سەکۆکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەشدارییان کردووە لە ئاشکراکردنی زۆرێک لەو کەیسانەی کە بە شاراوەیی دەمانەوە، لەکاتێکدا هەندێک رووداو گۆڕاون بۆ کەیسی ڕای گشتی کە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناچار کرد بە شێوەیەکی خێراتر بجووڵێن، هەروەها جێبەجێکردنی یاسا هەستی ژنان بە پارێزراوی بەهێزتر دەکات، داوا لە سەرجەم ژنان دەکات کە بێدەنگ نەبن بەرامبەر بە هیچ پێشێلکارییەک، چونکە ئاگادارکردنەوە لە تاوانەکە تەنها زیانبەرکەوتوو ناپارێزێت، بەڵکو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی دەکات و تەواوی کۆمەڵگە دەپارێزێت.

 

باشبوونی ئاسایش... بەڵام توندوتیژی لە ناو ماڵەوە دەستپێدەکات

غەفران داوودی، پزیشک جەختی لەوە کردەوە، کە هەستکردن بە پارێزراوی لە ژنێکەوە بۆ ژنێکی تر جیاوازە، بەستراوەتەوە بەو ژینگەیەی کە تێیدا دەژی و ئەو پشتگیرەیەی کە لە خێزانەکەیەوە دەستی دەکەوێت، ئەو ساڵانەی بەبیرهێنایەوە کە تیایدا ژنان ترسیان هەبوو لە دەرچوون بۆ شەقام بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئاسایشی، تەنانەت لە قۆناغێکی دیاریکراودا ناچار بوون پەنا ببەنە بەر پۆشینی حیجاب لە ترسی پارێزراویان، لە کاتێکدا وڵاتەکە شاهیدی تاوانگەلێک بوو کە ژنانی کردبووە ئامانج.

 

دووپاتیکردەوە، بەپێی پیشەکەی، کە بەردەوام چاوی بەو ژنانە دەكەوێت کە تووشی لێدان و ئازاردان دەبن لەلایەن هاوژینەکانیان یان ئەندامانی خێزانەکەیانەوە، هەندێکیان دەگەنە دامەزراوە تەندروستییەکان دوای ئەوەی لە ئەنجامی توندوتیژی تووشی لەبارچوونی کۆرپەلە بوون، سەرنج خستەسەر ئەوەی کە زۆرێک لە ژنان رەتیدەکەنەوە سکاڵای یاسایی پێشکەش بکەن سەرەڕای ئەوەی تووشی ئازاردان بوون، بەهۆی ئەوەی شوێنێکی پارێزراویان نییە پەنای بۆ بەرن یان بەهۆی پشتبەستنی ئابوورییان بە هاەکەیان، ئەوەش ناچاریان دەکات بگەڕێنەوە بۆ هەمان ئەو ژینگەیەی کە تیایدا تووشی توندوتیژی بوون.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە دەستدرێژی هێشتا بوونی هەیە، شکاندنی بێدەنگی و گرتنەبەری ڕوشوێنی یاسایی نوێنەرایەتی یەکەم هەنگاو دەکەن بۆ سنووردارکردنی ئەم دیاردەیە.

 

یاسا بە تەنها بەس نییە

لوبنا زاری، پزیشک ڕوونیکردەوە، کە پاراستنی ژنان تەنها لە ڕێگەی یاسادانانەوە بەدی نایێت، بەڵکو پێویستی بە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی پشتگیریکەر و کولتوورێکیش هەیە کە ڕێز لە مافی ژنان بگرێت، سیستەمی یاسایی ئێستا هێشتا پێویستی بە پێداچوونەوە و پەرەپێدان هەیە، بە جۆرێک کە بوونی کەلێنە یاساییەکان ڕاستەوخۆ کار لەو ئاستی پاراستنە دەکات کە ژن دەستی دەكەوێت.

 

ئاماژەی بەوە کردووە، کە دیدگای کۆمەڵگە لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینگەیەکی تر جیاوازە، هەندێک هەن باوەڕیان بە یەکسانی هەیە و ڕێز لە ژن دەگرن، لە کاتێکدا هێشتا هەندێک ئەقڵیەت بە چاوێکی کەن سەیری دەکەن کە کاریگەری هەیە لەسەر مامەڵەکردنی لە ناو خێزان و شوێنی کار و کۆمەڵگەدا، وتی: دەستدرێژی تەنها سنووردار نییە بۆ سەر دەستدرێژی جەستەیی، بەڵکو دەستدرێژی زارەکی و دەروونیش لەخۆدەگرێت، لەوانەیە ژن تووشی ببێت سەرباری تەمەن یان دەرکەوتنی، دەبینێت کە پشتگیری خێزانی فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەیە لە بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان، چونکە رێکارەکانی دادگاییکردن لەوانەیە کاتێکی زۆر پێ بچێت، ئەوەش زۆرێک لە ژنان ناچار دەکات پاشگەز ببنەوە لە بەدواداچوونی دەستدرێژکاران، هەروەها نەبوونی ئەم پشتگیرییە لە زۆر حاڵەتدا دەبێتە هۆی لەدەستچوونی مافی زیانبەرکەوتووان و بەردەوامبوونی ئازارەکانیان.

 

"عێراق بە تەواوەتی بۆ ژنان بە پارێزراو ناژمێردرێت"

نەسرین، چالاکوان ڕوونیکردەوە، کە عێراق بە تەواوەتی بە ژینگەیەکی پارێزراو بۆ ژنان دانانرێت، وتی: سەقامگیریی ئەمنی بە تەنها بە واتای بەدیهێنانی ئاسایشی ڕاستی بۆ ژنان نایێ، هەروەها ئاستی ئازادی لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر جیاوازە، کە لە کاتێکدا ژنان لە هەندێک شاردا چێژ لە پانتاییەکی گەورەتر بۆ جووڵە دەبینن، هێشتا زۆرێک لە ژنان لە شارەکانی تردا ڕووبەڕووی بەربەستی کۆمەڵایەتی دەبنەوە کە سەربەخۆییان سنووردار دەکات.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە وڵاتەکە پێویستی بە یاسادانانی بەهێزتر هەیە بۆ پاراستنی ژنان، یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ی بە کەمتر نەزانراو دادەنێت لە دابینکردنی مسۆگەری یاسایی گەورەتر بۆ ژنان بەراورد بە هەندێک یاسادانانی دواتر، هەروەها ڕەخنە لە ماددەی جەعفەری دەگرێت، بەوە دادەنێت کە کاریگەری هەبووە لەسەر ژمارەیەک مافی پەیوەندیدار بە نفقە و سەرپەرشتی و هەندێک مافی دارایی، جگە لە هەڵوێستەکەی لەسەر هاوسەرگیری منداڵانی کچ.

 

دووپاتیکردەوە، کە ئەو دژی هاوسەرگیری منداڵانیکچ، منداڵ خاوەنی پێگەیشتنی تەواو نییە بۆ بڕیاردانی چارەنووسسازێکی وەها، هەر یاسادانانێک دەبێت پاراستنی منداڵی بخاتە پێشینەی کارەکانییەوە، ئەم شایەتیدانانە دەردەخەن کە ڕاستی ژنان لە عێراقدا زۆر ئاڵۆزترە لەوەی بە یەک وەڵام کورت بکرێتەوە، چونکە ئاماژەی ڕوون هەن لەسەر باشبوونی دۆخی ئاسایش و بەرزبوونەوەی هۆشیاری ژنان بە مافەکانیان، کە بەرامبەری بەردەوامبوونی ئاڵەنگاری ڕاستییە، کە دیارترینیان توندوتیژی خێزانی، دەستدرێژی، لاوازی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتییە لە هەندێک حاڵەتدا.

 

لە نێوان ئەم دوو ڕاستیەدا، بەدیهێنانی ئاسایشی ڕاستەقینە بۆ ژنان وەک بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش دەمێنێتەوە، کە لە پەرەپێدانی یاسادانان و جێبەجێکردنی بە کاریگەرییەوە دەست پێ دەکات، لە گۆڕینی کولتووری کۆمەڵایەتی و دابینکردنی ناوەندەکانی داڵدەدان و بەهێزکردنی پشتگیری دەروونی و یاسایی بۆ ژنان کۆتایی نایێت، بەو جۆرەی مسۆگەری ئەوە بکات کە بە پارێزراوی و کەرامەتەوە بژین، پاراستن بکاتە مافێکی مسۆگەر بۆ هەموو ژنێک، نەک خەڵاتێک کە بەپێی شوێن یان بارودۆخ جیاواز بێت.