ئاستەنگە مرۆییەکان و گەمارۆ لە کۆبانێ ٢٧ ڕۆژە بەردەوامە

قەیرانی ئاو و کەمی دەرمان کۆبانێی خستۆتە بەردەم ئاڵەنگاری کارەساتبار لە ژێر گەمارۆی بەردەوامدا.

کۆبانێ

 

پچڕانی ئاوی کۆبانێ بۆ ماوەی ٢٧ ڕۆژ، قەیرانی مرۆیی لێکەوتەوەو خەڵکی مەدەنی ناچار کردووە پەنا بۆ ڕێگەی ناتەندروست ببەن بۆ دەستەبەرکردنی ئاو.

 

ماوەی ٢٧ ڕۆژە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوا لە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە کە لایەنێکی ئەو گەمارۆیە کەم ئاوییە، دەرمان و پێداویستی خۆراک لە دوکانەکاندا تەواو بووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی دانیشتووان هەبووە، بەتایبەتی لەڕووی تەندروستیەوە، بەکارهێنانی ئاوی بیرە پاکژنەکراوەکان بووەتە هۆی ژەهراوی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، شارەوانی کۆبانێ و دەسەڵاتی ئاو کار بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ وێستگەکانی ئاو و گەڕاندنەوەی ئۆنلاین دەکەن دوای پچڕانی درێژخایەن.

 

٢٧" ڕۆژ پچڕانی ئاو"

زۆزان خەلیل، هاوسەرۆکی دەزگای ئاو لە دەڤەری فورات ڕایگەیاند، لە ١٨ی کانوونی دووەم، کارەبای سەرجەم وێستگەکانی ئاوی دابینکردنی شاری کۆبانێ و گوندەکانی دەوروبەری پچڕا، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ شەپۆلێکی کۆچکردن بەرەو کۆبانێ، کە چڕی دانیشتووانی شارەکەی زیاتر زیادکرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەمی ئاو دانیشتووانەکەی ناچارکردووە ڕێگەی جێگرەوە بدۆزنەوە، وەک هێنانی ئاو لە بیرەکانەوە، لەبەر ئەوەی ئاوەکە پاکژنەکرابوو، نەخۆشییەکان لەنێو خەڵکی مەدەنیدا بڵاوبوونەتەوە، هەروەها ئاو خوێنی ژیانی کۆمەڵگەیە و نەبوونی یان بەکارهێنانی بە شێوەیەکی ناتەندروست کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەبێت.

 

جەختی لەوە کردەوە، وەک دەزگای ئاو، هەوڵماندا ئاو بۆ دانیشتووان دابین بکەین لەڕێگەی کارپێکردنی وێستگەکان بە بەکارهێنانی مۆلیدە، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین بەهۆی زۆری پێویستی وێستگەکانەوە بۆ کارەبا، ناچار بووین ئاوی بیرە پاکژنەکراوەکان بەکاربهێنین و بە تانکەر دابەشی بکەین بەسەر دانیشتووان و خەڵکی کۆچبەردا، تەنانەت ئەمەش پێویستی هەموو کەسێکی لە شارەکەدا نەگرتەوە، کەهۆکاری قەیرانی ئاو بوو.

 

دوای ئەوەی کارەبای نیشتمانی بۆ کۆبانێ گەڕێنرایەوە، شارەوانی و دەزگای ئاو کار بۆ گەڕاندنەوەی کارەبا بۆ وێستگەکانی ئاو دەکەن، پێشبینیش دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کارەبا بکرێتەوە.

 

"پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی"

عەزیزە ئیبراهیم، هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی لە دەڤەری فورات ڕایگەیاند، ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەیە شاری کۆبانێ لە ژێر گەمارۆیەکی خنکێنەردایە، ئاو و کارەبا پچڕاوە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر دانیشتووان و دۆخی تەندروستی بەتایبەتی هەبووە.

 

دووپاتی کردەوە، ئەو بنکە تەندروستیانەی کە لە کاردان ماونەتەوە بریتین لە نەخۆشخانەی نیشتمانی، نەخۆشخانەی منداڵبوون، دوو نەخۆشخانەی تایبەت، هەروەها نەخۆشخانەی "مشتنور"، بەهۆی ئەو هێرشانەی ئەم دواییە لەلایەن حکومەتی کاتی دیمەشقەوە دەستیپێکرد، چەندین بنکەی تەندروستی لە کۆبانێ، وەک سرین، جەلەبیە، قادریە، خانەک، بۆ خزمەتگوزاری خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام کلینیکی قنیە دوای ئەوەی چەند ڕۆژێکە لە خزمەتگوزاری دەرچووە، گەڕایەوە بۆ پێشکەشکردنی خزمەت گوزاری.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، دانیشتووانی ناوچە گوندنشینەکان بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوە بەرەو ناوەندی شاری کۆبانێ کۆچیان کردووە و پەنایان بۆ خوێندنگە و مزگەوتەکان بردووە، بەهۆی سەرمای سەخت و کەمی ئاو و خۆراکی ناتەندروستەوە دەناڵێنن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لەنێوانیاندا، ئێمە هەموو خزمەتگوزارییە  پێویستەکان بەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدایە پێشکەش دەکەین، سەرەڕای کەمی دەرمان لە نەخۆشخانەی منداڵبوون دەرمانی بێهۆشکەر تەواو دەبێت، پێداویستی تاقیگە کەم بۆتەوە، هەروەها دەرمانی نەخۆشەکانی شەکرە، وەک ئەنسۆلین، بە تەواوی لە شارەکەدا بەردەست نییە.

 

جەختی لە پێویستی بەپەلەی هەڵگرتنی گەمارۆی سەر شارەکە کردەوە، چونکە بەردەوامیی دۆخی ئێستا نەخۆشخانەکان ناچار دەکات دابخرێن، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی زۆری نەخۆشەکان کە سەردانی نەخۆشخانەی نیشتمانی دەکەن، کە ڕۆژانە لە ٤٠٠ نەخۆش کەمتر نییە.

 

ڕێژەی بەرزی ژەهراوی بوون

هێڤیدار شێخ محەمەد، پەرستار لە نەخۆشخانەی کۆبانێ ڕایگەیاند، لەم دواییانەدا ڕێژەی ژەهراویبوونی ئاو لە نێو دانیشتوواندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە بەهۆی خواردنەوەی ئاوی پاکژنەکراوەوە، کەمی دەرمانیش دۆخی تەندروستی خراپتر کردووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرزبوونەوەی ژمارەی دانیشتووان لە شارەکەدا، کە لە ئەنجامی ئەو شەپۆلی کۆچکردنانەی ئەم دواییەی بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمەوە دروستبووە، کە کارەساتێکی تەندروستی دروستکردووە، بە لەبەرچاوگرتنی کەمیی دەرمان و ئەو ڕاستییەی کە نەخۆشخانەکە چیتر بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ژمارەی نەخۆشەکان.

 

داوای هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ و ڕێگەدان بە دەرمانی بۆ ناو شارەکە کرد، هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی بارودۆخی ئێستا دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکەدا.