ئامارێکی ڕاست لەبارەی گیانلەدەستدانی کرێکارانی بیانی لە لافاوەکەی هەولێر لەبەردەستدا نییە

شەش ڕۆژ بەسەر لافاوەکەی هەولێر تێپەڕ دەبێت و تا ئێستا ئامارێکی ڕاست دەربارەی گیانلەدەستدانی کرێکارانی بیانی لە هەرێمی کوردستان نەخراوەتەڕوو.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ - شەوی ١٧ی کانونی یەکەم بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی باران بارینەوە لافاو ١٥ شوێنی هەولێری گرتەوەو ١٢ کەس گیانیان لەدەستدا، تا ئێستا تەرمی ١٠ کەسیان دۆزراونەتەوە، تەرمی دوو هاووڵاتی بێسەروشوێنن کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن ١٠ مانگە.

 

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەکرد، لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە ٢ کرێکاری نیپاڵی و یەکێکی تورک هەیە و ئەوانەی دیکە سەرجەمیان کورد و عەرەبن.

 

ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی وتەی شایەتحاڵێک کە بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن قسەی کردووە چوار کرێکاری نیپاڵی لە ئۆتۆمبێلێکدا بوون و لافاوەکە ئۆتۆمبێلەکەیانی بردووە و هەر چواریان گیانیان لەدەستداوە، بە پێی وتەی ئەو شایەتحاڵە کە لە گوندی قوڵتەپە بوون و لە کارگەیەک کاریان کردووە، خاوەنی کارگەکەش چووەتە شێونی ڕووداوەکە و پشتڕاستی کردووەتەوە.

 

دەربارەی ڕەوشی کرێکارانی بیانی کە لە هەرێکی کوردستان کار دەکەن، هەژار مەحمود سەرۆکی ڕێکخراوی کرێکارانی بیانی لە کوردستان بۆ ئاژانسەکەمان ئاماژەی بەوەکرد کە دەبێت خاوەن کارەکان هەنگاوی باشتر بنێن بۆ پاراستنی گیانی کرێکارانی بیانی و شوێنیکی شایستەیان بۆ مانەوە بۆ دابین بکرێت.

 

بەپێی ئامارەکانی کە بڵاوکراونەتەوە بەهۆی لافاوەکەوە دوو هەزار و٥٠٩ خێزان ئاو چووەتە ماڵەکانیان، هەروەها ٤٠٢ خانوو زیانیان بەرکەوتووە و دیوارەکانیان رووخاوە یان دەرگا و پەنجەرەکانیان تێکچووە، ٨٦٧ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە، ١٥٣ دوکان و مارکێت و کارگە و پێشانگای ئۆتۆمبێل و گەراج زیانیان بەرکەوتووە، هەروەها زیان بە ژمارەیەکی زۆر زەوی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری کەوتووە.