پەپولە عەبدوڵا: جۆر و شێوەی توندوتیژییەکان گۆڕانی بەسەرداهاتووە

تۆڕی کۆمەڵایەتی بووەتە ئەو هۆکارەی جۆر و ڕێژەی توندوتیژییەکان بگۆڕێت و بەرەو هەڵکشانی ببات، بەڵام تا ئێستا حکومەت خۆی بە بەرپرسیار نابینێت لە ئاست کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان.

شنیار بایز

 

سلێمانی ٢٥ی تشرینی دووەم بە مانگی هۆشیارکردنەوەی ژنان دژی ئەو توندوتیژییانەی ڕووبەڕووی دەبنەوە، دیاریکراوە و ساڵانە بە چالاکی و سیمینار و لێدوانی جیاواز، ژنان بەرەنگاری توندوتیژییەکانی سەریان دەبنەوە.

 

لەم مانگەدا چالاکییەکان چڕ دەکرێنەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندویژی چونکە لە جیهاندا ژنان لە ئاستی یەکەمدا ڕووبەڕووی چەوساندنەوە دەبن و لە شەرەکاندا ئامانجی یەکەمن و لە قەیرانەکانشدا بەرکەوتە و باری قورس لەسەر شانیانە، ئەم دۆخەی ژنان لەباشووری کوردستانیش هاوتایە و ڕۆژانە ژنان توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەگەرچی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە، ئامارە هەییەکانیش دۆخی مەترسیداری ژنان دەخەنەڕوو، لە ئەگەری تۆمارکردنی هەموو حاڵەتەکاندا گوومانی تێدا نییە ڕێژەکە بەرزتریش دەبێتەوە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ئاماری ساڵانەی توندوتیژییان بڵاونەکردەوە، لە کاتێکدا ساڵانی ڕابردوو ئاماریان دەخستەڕوو، بەڵام بە پێی ئەو ئامارانەی نوژنها کۆی کردووەتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٧٣ ژن کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن و چەندین حاڵەتی دیکەی توندوتیژی کراون.

 

بەهەمان شێوە لەم چەند مانگەی لە ساڵی ٢٠٢٣ تێپەڕیوە تا ئێستا بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هیچ ئامارێکی بڵاونەکردووەتەوە، جگە لەوەش ئامار نادەنە هیچ دەزگایەکی ڕاگەیاندن تا بتوانرێت حاڵەتەکان بخرێتەڕوو.

 

ئاژانسی نوژنها هەوڵی دەستکەوتنی ئامارەکانی دا، بەڵام بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوە ئامادەی پێدانی ئامار نەبوو، بەپێی ئەو ئامارانەشی لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نوژنها کۆی کردووەتەوە، ٦٤ ژن کوژراون، یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون.

 

"زۆرترین حاڵەتەکان بەرۆکی ژنانی گەنج دەگرن"

پەپولە عەبدوڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی سلێمانی، بەشی سەنتەری ڕاوێژکاری خێزانی، دەربارەی ئاستی توندوتیژییەکان و ئەو حاڵەتانەی لەو بەڕێوەبەرایەتییە تۆمار دەکرێت ڕوونیکردەوە، حاڵەتەکانی توندوتیژی تا دێت زیاد دەکات، ساڵانی ڕابردوو حاڵەتەکان لە توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سێکسی خۆیان دەبینییەوە، بەڵام ئێستا حاڵەتەکان گۆڕانی بەسەرداهاتووە، هۆکاری سەرەکیشی بۆ خراپ بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی گەڕاندەوە.

 

ئەو توێژەرە باسی لەوەکرد، لە ئێستادا دیارترین حاڵەت لە خشتەبردنی ژنانی گەنجی خوار تەمەن ١٨ ساڵانە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سناپچات و تیکتۆک بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەکە، پیاوان بە ناوی پەیوەندی هاوڕێیەتی و بەڵێندان بۆ پڕۆسەی هاوسەرگیری چەندین توندوتیژی ئەنجام دەدەن و تیایدا ژنان دەبنە ستەملێکراو، چونکە جاران ئەگەر توندوتیژی سێکسی هەبووایە، تەنها جۆرێکی هەبوو بەڵام ئێستا لەناو هەر توندوتیژییەکدا چەندین توندوتیژی دیکە بەدی دەکرێت.

 

"نا هۆشیاری ژنان وای کردووە توندوتیژیژییەکان شاراوەبن"

پەپولەی توێژەر، ئاماژەی بەوەکرد، توندوتیژی دەروونی یەکێکە لەو توندوتیژیانەی لە ئێستادا لە ئاستێکی باڵادایە، چونکە هەر جۆرە توندوتیژیەک هەبێت کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروون جێدەهێڵێت وەک وایە کەسەکە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەروونی ببێتەوە، وتشی: ڕاستە بە تێڕوانینی ئێمە حاڵەتەکان زیادیان کردووە، بەڵام زۆر حاڵەتیش هەن کە ئێمە لێی بێ ئاگاین و وەک حاڵەت تۆمار ناکرێت، چونکە تا ئێستا ژنان بە گشتی نەیانتوانیوە ئەوەندە هۆشیار بن ئاگاداری ئەرک و مافەکانی خۆیان بن، بۆیە نازانن لە کوێدا توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت تا سکاڵای لەسەر تۆمار بکەن.

 

دەربارەی نەخستنەڕووی ئامارەکان ڕوونیکردەوە، بە بڵاوکردنەوەی ئامارەکان و خستنەڕووی ئەو ڕێژەیە هەندێک کات بازنەی کێشەکان گەورەتر دەبێت، توندوتیژییەکان ئاسایی دەبێتەوە لەناو کۆمەڵگە و خێزانەکاندا، ڕەنگە ببێتە هاندان بۆ پیاوان تا توندوتیژییەکان دووبارە بکەنەوە.

 

"دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی حاڵەتەکانی توندوتیژی زیاد کردووە"

لە درێژەی قسەکانیدا پەپولە عەبدوڵا باسی لەوەکرد وەک بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بە چەند شێوازێک مامەڵە لەگەڵ کەیسەکاندا دەکەن، پارێزگاری لەو ژنانەی دەکەن کە ڕوویان تێدەکەن و لە شەڵتەرەکانی دەڵدەدانی ژناندا دەیانپارێزن، وتووێژیان لەگەڵ دەکەن سەبارەت بە کێشەکانیان و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی قسەوە دەروونیان هێمن بکەنەوە، چونکە ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت لە ڕووی دەروونییەوە ناجێگیرن، هێڵی گەرمی ١١٩ش هەمیشە چالاکە بۆ ئەوەی هەر حاڵەتێکی توندوتیژی هەبێت بەدەمییەوە بچن.

 

لە کۆتاییدا وتی: دۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و دەروونی وایکردووە حاڵەتەکان ڕوو لە هەڵکشان بکەن و تا دێت زیاتریش دەبێت، ژنان تا ئاستێک ئاشنان بە بەڕێوەبەرایتەییەکە و هێڵی گەرمی ١١٩، بەڵام تا ئێستا نەبووەتە هۆکاری سەرەکی بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان، لە کۆتایدا بە پێوسیتی دەزانم کۆمەڵگە و خێزان هۆشیار ببنەوە و لەناویشدا ژنان هەوڵی خۆ هۆشیارکردنەوە بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕووبەڕووی توندوتیژییەکان ببنەوە.