توێژەرێکی مەغریبی: لەبری قەدەغەکردنی ئینتەرنێت منداڵان هۆشیار بکەن
جیهانی دیجیتاڵی گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا دێت کە پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی ئۆنلاینیان کردووە بە پرسێکی مافی مرۆڤ کە گفوگۆکانی بەکارهێنانی پارێزراوی تەکنەلۆژیا تێدەپەڕێنێت.
رەجا خەیرات
مەغریب- منداڵان بە شێوەیەکی زۆر ڕووبەڕووی توندوتیژیی دیجیتاڵی دەبنەوە، پێویست دەکات پاراستنیان بۆ دابین بکرێت بێ ئەوەی لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بێبەش بکرێن، پاراستنیان لە هەموو شێوازەکانی زیان وەک فریودانی ئەلیکترۆنی، هەڕەشە، دەستدرێژی و بڵاوکردنەوەی وێنە بە بێ مۆڵەت.
سۆفیا بەزاز، توێژەر لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و زیرەکی دەستکرد، دەبینێت کە قسەکردن لەسەر پاراستنی منداڵان لە توندوتیژیی دیجیتاڵی ئیتر تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی پارێزراوی تەکنەلۆژیادا نەمێنێتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕادەی توانای دەوڵەت و کۆمەڵگەکانەوە هەیە بۆ پاراستنی مافی منداڵ لە سایەی ئەو گۆڕانکارییانەی کە جیهان بەهۆی سەردەمی دیجیتالەوە بەخۆیەوە دەبینێت، بەتایبەت کە منداڵ ئیتر تەنها لە ناو کەشێکی فیزیاییدا مامەڵە ناکات، بەڵکو بووەتە بەشێک لە ژینگەیەکی دیجیتاڵی کە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی دەروونی، کۆمەڵایەتی و کولتووریی دەکات، ئەمەش ناچارمان دەکات بیربکەینەوە لە خودی چەمکی پاراستن، بە جۆرێک تەنها کورت نەبێتەوە بۆ پاراستن لە جیهانی ڕاستەقینەدا، بەڵکو درێژبێتەوە تاوەکو هەموو ئەو شتانەش بگرێتەوە کە لە ناو ژینگەی دیجیتاڵیدا هەڕەشە لە منداڵ دەکەن.
هەروەها زیادیشی کرد کە توندوتیژیی دیجیتاڵی، مەبەست لێی هەمەجۆرە کردەوە یان ڕەفتارێکە کە بە بەکارهێنانی کەرەستە دیجیتاڵییەکان ئەنجام دەدرێت و لێکەوتەکەی دەبێتە هۆی دەستدرێژیکردنە سەر پارێزراوی منداڵ یان کەرامەت یان تایبەتمەندی یان گەشەکردنی دروستی، جا ئەگەر پەیوەندی بە هەڕەشەی ئەلیکترۆنییەوە هەبێت، ڕاکێشان و قۆستنەوەی سێکسی، بڵاوکردنەوەی وێنە و زانیاری کەسی بە بێ ڕەزامەندی، قسەی ڕق و کینە، خستنەڕووی منداڵان بۆ ناوەڕۆکێک کە گونجاو نییە لەگەڵ تەمەنیان، ئەمانە ڕەفتارگەلێکن کە ڕەنگە شوێنەواری جەستەیی بەجێ نەهێڵن، بەڵام شوێنەواری دەروونی و کۆمەڵایەتی قووڵ بەجێ بهێڵن کە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بن.
دیاردەی بەزاندنی سنوورەکان
سەبارەت بە مەترسیی ئەم دیاردەیە، سۆفیا بەزاز ڕوونیکردەوە، کە ئەوە تەنها لە بڵاوبوونەوەیدا نییە، بەڵکو لە سروشتە بەزاندنی سنوورەکانیشدایە، چونکە ئەنجامدەری کردەوەکە ڕەنگە لە وڵاتێکدا بێت، زیانبەرکەوتووەکە لە وڵاتێکی تردا، پلاتفۆرمی بەکارهاتوو لە وڵاتێکی سێیەمدا، ئەمەش وای لێدەکات کە پاراستنی منداڵان لە توندوتیژیی دیجیتاڵی پێویستی بە هاوکاریی یاسایی و دامەزراوەیی هەیە کە سنوورە نیشتمانییەکان تێپەڕێنێت، بەتایبەت کە کەشت دیجیتاڵی بە سروشتی خۆی دان بە سنووری جوگرافیدا بنێت.
جەختی لەوەش کردەوە، کە ئاماژە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن کە بابەتەکە ئیتر کەیسی تاکەکەسی نییە، بە پێی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە یەک لەسەر سێی منداڵان و گەنجان لە ٣٠ وڵاتدا تووشی فریودانی ئەلیکترۆنی بوون، هەروەها یەک لەسەر پێنجی منداڵان لە خوێندن دابڕاون بەهۆی کاریگەرییە دەروونییەکانی کە بەدوای خۆیدا هێناویەتی، لە کاتێکدا ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە منداڵان نزیکەی یەک لەسەر سێی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە جیهاندا پێکدەهێنن، ئەمەش ئەو گرنگیدانە گەشەسەندووە ڕوون دەکاتەوە، کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لە سەرووی هەمووشیانەوە یونسێف و لیژنەی مافی منداڵ، دەیدەنە پاڵ پرسی پاراستنی منداڵان لە ژینگەی دیجیتاڵیدا وەک درێژبوونەوەیەکی سروشتی بۆ ئەو مافانەی کە منداڵ لە دەرەوەیدا چێژیان لێ دەبینێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە مەغریبدا دەبینین کە ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەیی ئەم کێشەیەی لە ڕێگەی ڕای ڕاوێژکاریی خۆیەوە لەسەر "بۆ ژینگەیەکی دیجیتاڵی گشتگیر کە پاراستن بۆ منداڵان دابین بکات" باسی کردووە، کاتێک سوودمەندبوون لە تەکنەلۆژیا دەبێت شانبەشانی دابینکردنی مسۆۆگەرییە یاسایی و پەروەردەیی و تەکنیکییەکان بێت کە توانای پاراستنی منداڵانیان هەبێت، هەروەها پێشنیاری کرد بە تێکەڵکردنی پەروەردەی دیجیتاڵی لە ناو سیستەمە پەروەردەییەکاندا، بەهێزکردنی بەرپرسیارێتی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان، پەرەپێدانی یاسا نیشتمانییەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ گەشەسەندنی خێرای تەکنەلۆژیادا بگونجێت.
بەهێزکردنی منداڵان لە جیاتی قەدەغەکردنیان
سۆفیا بەزاز پێی وا بوو کە یەکەم هەنگاو بەرەو پاراستنی منداڵان بریتییە لە گواستنەوە لە کولتووری قەدەغەکردن بۆ کولتووری بەهێزکردن، چونکە ئەو منداڵەی کە پەروەردەیەکی دیجیتاڵی دروستی پێ دەگات توانای زیاتری دەبێت بۆ پاراستنی خۆی لەو منداڵەی کە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا قەدەغە دەکرێت بە بێ ئەوەی ئەو ئامرازەی هەبێت کە یارمەتی بدات لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا لە یەکەم هەلدا بۆ بەکارهێنانی، لەبەر ئەوە ململانێ ڕاستەقینەکە دەبێت لەسەر بونیانانی هۆشیاریی دیجیتاڵی بێت، نەک لەسەر سەپاندنی سنوردارکردن.
هەروەها داوای لە خێزانەکان کرد کە ئەمڕۆ لە لایەنێکی کە چاودێری پەیڕەو دەکات بگۆڕێن بۆ کەشێک کە متمانە و گفتوگۆ دابین بکات، چونکە زۆرینەی ئەو منداڵانەی کە تووشی فریودان یان هەڕەشە دەبن، بە باشتری دەزانن کە بێدەنگ بن لە ترسی سزا یان لەبەر بێبەشکردنیان لە ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان، لە کاتێکدا زۆرێک لە توێژینەوەکان سەلماندوویانە کە بوونی پەیوەندی بەردەوام لە نوانەن دایک و باوکان و منداڵەکاندا بە شێوەیەکی گەورە ئەگەری بەردەوامبوونی منداڵ لە ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە بێ داواکردنی یارمەتی کەم دەکاتەوە.
ڕوونیشی کردەوە، کە رۆڵی دامەزراوەی پەروەردەیی کەمتر نییە لە رۆڵی خێزان، چونکە قوتابخانە ئیتر تەنها داوای لێ ناکرێت زانیاری بگوازێتەوە، بەڵکو هاوکات هاوڵاتییەکی دیجیتاڵی ئاگادار بە ماف و ئەکەرەکانی خۆی ئامادە بکات، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە کە پەروەردەی دیجیتاڵی بخرێتە ناو بەرنامە پەروەردەییەکانەوە، تاوەکو منداڵ لێهاتووییەکانی بیرکردنەوەی رەخنەیی، پاراستنی زانیارییە کەسییەکان، مامەڵەی بەرپرسیارانە لەگەڵ پەیوەندی مەجازی و بەرنامەکانی زیرەکی دەستکرد کە بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانە.
وتیشی: لە بەرامبەردا، ناکرێت پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان لە بەرپرسیارێتییەکەیان دەربکرێن، چونکە گەشەسەندنی تەکنیکی کە ڕێگەیان پێ دەدات ڕەفتاری بەکارهێنەران لێکبدەنەوە و ناوەڕۆک و ڕیکلام پێشنیار بکەن، دەکرێت لە دۆزینەوەی زووی حاڵەتەکانی فێڵکردن و قۆستنەوە و هەڕەشەشدا بەکاربهێنرێت، ئەمەش دەسەپێنێت کە بەرپرسیارێتی یاسایی و ڕەوشتییان لە پاراستنی منداڵاندا بەهێز بکرێت، بەتایبەت کە تەکنەلۆژیا دەبێت بەشێک بێت لە چارەسەر، نەک هۆکارێک بۆ قووڵکردنەوەی کێشەکە.
ژینگەیەکی دیجیتاڵی پارێزراو
جەختی لەوە کردەوە ل، کە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دیجیتاڵی ناتوانرێت بە دەستێوەردانی یەک لایەن بەدەستبهێنرێت، بەڵکو پێویستی بە ڕێبازێکی یەکگرتوو هەیە کە خێزانەکان، دامەزراوە پەروەردەییەکان، دەسەڵاتە گشتیەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیا بەشداربن، پاراستنی منداڵان لە سەردەمی دیجیتاڵیدا بووەتە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش کە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و پەرەپێدانی سیاسەتی گشتی هەیە لەسەر بنەمای خۆپاراستن، هۆشیاری، پاراستنی یاسایی و پشتیووانی دەروونی و کۆمەڵایەتی.
سۆفیا بەزاز لە کۆتاییدا، وتی: کە ئاڵەنگاری ڕاستەقینەی ئەمڕۆ ئەوە نییە کە منداڵان لە جیهانی دیجیتاڵی دوور بخەینەوە، چونکە ئەوە ئیتر بژاردەیەکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکو دروستکردنی ژینگەیەکی دیجیتاڵی پارێزراوترە کە ڕێگەیان پێبدات سوود لەو توانا گەورەیە وەربگرن کە تەکنەلۆژیا پێشکەشی دەکات، لە هەمان کاتدا مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن لە مافەکانیان و پاراستنی کەرامەتیان و پاراستنیان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و بەکارهێنان، ئەو منداڵەی لە ژینگەی دیجیتاڵیدا هەست بە پارێزراوی دەکات، منداڵێکە کە توانای فێربوون و دروستکردن و بەشداریکردنی ئەرێنی زیاتری هەیە لە بونیادنانی داهاتوودا.