سۆزان ژنێک تێکەڵ بە سۆزی سروشت

تەرزە تەها سلێمانی- کاتژمێر شەشی بەیانییە، بەڕێکەوتووین بۆ یەکێک لە گوندەکانی قەزای شارباژێڕ، بۆ گەیشتن بەم گوندە دەبێت نزیکەی ٧٥ کیلۆمەتر بەنێو دۆڵ و کێوەکانی شروشتە دڵڕفێنەکەی شارباژێڕدا بڕۆین.

تەرزە تەها

سلێمانی- کاتژمێر شەشی بەیانییە، بەڕێکەوتووین بۆ یەکێک لە گوندەکانی قەزای شارباژێڕ، بۆ گەیشتن بەم گوندە دەبێت نزیکەی ٧٥ کیلۆمەتر بەنێو دۆڵ و کێوەکانی شروشتە دڵڕفێنەکەی شارباژێڕدا بڕۆین.

 

پاش نزیکەی دوو کاتژمێر گەیشتینە گوندی چنارەی سەر بە شارەدێی زەلان لە شارباژێڕی تەخت، لەم گوندە چوار ماڵ هەیە، بە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.

 

سۆزان عەلی ٥٠ ساڵ، ئەگەرچی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام سەرباری قورسی کاری لادێ خولیایەکی زۆری بۆ ژیان لەنێو سروشتدا هەیە و بێزارە لە ژیانی جەنجاڵ و قەرەباڵغی شارەکان، لەم گوندە لەگەڵ منداڵەکانیدا ژیان بەسەر دەبات.

 

کاتێک ئێمە گەیشتینە گوند نزیکەی کاتژمێر نۆی بەیانی بوو، بەڵام سۆزان لەسەر تەنورەکەی نان و کولێرەی تەنوری دەکرد، بانگهێشتی دراوسێکانی دەکرد تا بێن و کولێرەی تەنوور بخۆن.

 

سۆزان ڕۆژانە لە کاتژمێر شەش و نیوی بەیانی لە خەو هەڵدەستێت، لەگەڵ منداڵەکانیدا دەچێتە لای ڕانە مەڕەکانی، دەیاندۆشێت، دواتریش دەچێتە لای قەل و قازەکانی گەنمیان بۆ ڕۆدەکات، دواتر بە کارەکانی ماڵەوە خەریک دەبێت، خواردنی نیوەڕۆ بۆ منداڵەکانی ئامادە دەکات.

 

سۆزان خاوەنی شەش منداڵە، سێ ساڵ پێش ئێستا هاوسەرەکەی لە کاتی شوانیدا مینی پێدا دەتەقێتەوە و گیان لەدەستدەدات، هەرچەندە دوای مردنی هاوسەرەکەی ماوەیەک دەچنەوە بۆ شار، بەڵام هەر زوو لە ژیانی شار بێزار دەبێت و دەڵێت "ژیانی شار ناخۆشە بەردەوام لەنێو ماڵدا دەبیت، بەڵام ژیانی لادێ خۆشترە و سروشت و ئاووهەوایەکی پاکی هەیە".

 

ئەو جگە لەوەی ئەرکەکانی ماڵ جێبەجێدەکات و سەرپەرشتی منداڵەکانی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکاندا دەکات، کاری بەرگ دروونیش دەزانێت، لەبەر ئەوەی خولیایەکی زۆری بۆ دروومان هەبووە، تەنها لە ڕێی پرسیارکردنەوە فێری دروومان بووە، لەبەر ئەوەی کارەبا لە گوندەکەیاندا نییە، بە مەکینەی قاچ جلوبەرگی خۆی و منداڵەکانی دەدورێت.

 

سۆزان بەدەم کاری دروومانەوە باس لە ڕۆژەکانی پێش هاوسەرگیری دەکات، کە کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ بووە و لە شاردا ژیاوە، هیچ کارێکی لادێی نەزانیووە، بەڵام دوای هاوسەرگیری هاتووە لادێ، فێری ژیان و ئەرکەکانی لادێ بووە، هاوسەرەکەشی پاڵپشتییەکی باشی بووە، باس لەوەش دەکات هەرچەندە کاری لادێ قورسە و خۆشی خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەڵام بەهۆی حەزی بۆ ژیانی لادێ دەستوپەنجەی لەگەڵ کارە سەختەکانی لادێدا نەرمبووە.

 

گوندی چنارە دەوڵەمەندە بە گیا بەهارییەکان، لەگەڵ هاتنی وەرزی بەهاردا کەنگر، گۆزروان و تۆڵەکە و چەندین جۆر گیای بەهاری دیکە سەر دەردەهێنێت، سۆزانیش دەچێتە قەد پاڵی کێوەکان و کەنگر و گیا بەهارییەکان دەهێنێتەوە.

 

ئەو بەدەم هەڵکەندنی کەنگرەکانەوە باسی لە بێ بارانی ئەم ساڵ کردووە، کە بەهۆیەوە دەغڵەکانیان وەک پێویست بەرهەمیان نەبووە، تەنانەت گژوگیاش هێندە نەڕواوە تا ئاژەڵەکانیان تێری لێبخۆن، گیا بەهارییەکانیش ئەم ساڵ لەچاو ساڵانی ڕابردوودا زۆر کەمتر ڕواون، ئەوانەشی کە ڕواون بەهۆی وشک و ڕەقی زەویەکەوە بە ئاسانی ناتواندرێت هەڵبکەندرێن.

 

سۆزان لە گوندەکەدا لەگەڵ سێ ماڵی دیکەدا دەژین، شەوان ئەم چوار ماڵە سەردانی یەکتر دەکەن و شەوەکانیان بە یاری و پێکەنین و گاڵتە بەسەر دەبەن، هێشتا پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی تۆکمەیان هەیە و بەردەوام میوانیان هەیە، بەڵام گوندەکەیان تا ئێستاش کارەبای نییە، بەهۆی نەبوونی تۆڕی ئاو و کەمی باران لەم ساڵدا، کێشەی کەم ئاویشیان هەیە، حکومەت گرنگی بە ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان نەداوە.