سوڕی مانگانە: لە نێوان بێدەنگی و شەرم و نەبوونی هۆشیاری لە ئەفغانستان
هەرچەندە سوڕی مانگانە پرۆسەیەکی سروشتییە، بەڵام بێدەنگی و شەرمەزاری دەوروبەری لە ئەفغانستان پاڵدەنێت بە زۆرێک لە منداڵانی کچ بۆ ئەوەی ئەزموونی یەکەم سوڕی مانگانە بکەن بەبێ ئەوەی هیچ زانیاری و پشتگیرییەکیان هەبێت.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان- سوڕی مانگانە پرۆسەیەکی سروشتییە لە ژیانی ژنان و منداڵنی کچ، لەگەڵ ئەوەشدا لە ئەفغانستان، پەیوەندی بە قەدەغەکردنە کولتوورییەکان و نەبوونی هۆشیاری و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستیەوە دەمێنێتەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە منداڵانی کچ بەبێ هیچ پەروەردە و ئامادەکارییەک بچنە ناو ئەم قۆناغەی ژیانەوە، کە تووشی کێشەی جەستەیی و دەروونیان دەکات.
زۆرێک لە ژنانی ئەفغانستان ئامادە نەبوون باسی سوڕی مانگانە بکەن، بەهۆی بارودۆخی باو و ئەو چەواشەکارییەی کە بە بابەتەکەوە بەسترابوو، خۆیان لە باسکردنی بابەتەکە بەدوور گرت، بەڵام لەیلا ئیرشاد، خەڵکی کابول ڕازی بوو یەکەم ئەزموونی خۆی لەگەڵ سوڕی مانگانەدا باس بکات، وتی: کاتێک یەکەم سوڕی مانگانەم هات، تەمەنم نزیکەی سێزدە ساڵ بوو، پێشتر هیچ زانیارییەکم لەو بارەیەوە نەبوو، بۆیە پێم وابوو نەخۆشم، لە ترسەوە گریام و نەمدەزانی چیم بەسەر دێت، دواتر دایکم بۆی ڕوونکردمەوە کە ئەوە بەشێکی ئاسایی ژیانی کچێکە.
لەیلا ئیرشاد ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا زۆرێک لە خێزانەکان باسی ئەم بابەتە ناکەن، بەڵام پێویستە منداڵانی کچ زانیاری وەربگرن لەسەر ئەو گۆڕانکارییە جەستەییانەی کە بەر لە تەمەنی باڵغبوون تووشی دەبن بۆ ئەوەی هەست بە ترس و دڵەڕاوکێ نەکەن.
دووپاتیشی کردەوە، کە دایکی کچێکە، بۆیە پێش ئەوەی بگاتە تەمەنی باڵغبوون، ئەو بابەتەی بۆ کچەکەی ڕوونکردۆتەوە، وتی: هۆشیارکردنەوەی خێزانەکان بەتایبەت دایکان زۆر گرنگە، چونکە ئەو بابەتانە بەشێکن لە سروشتی مرۆڤایەتیمان و نابێت ببێتە مایەی شەرمەزاری.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەزموونی کەسیی من ئازاری توند و ماندوێتی و گۆڕانکاری دەروونی لەخۆگرتبوو، کە ئەمانە کێشەی باون لەنێو زۆرێک لە ژناندا، جگە لەوەش بەهۆی چەواشەکاری کۆمەڵایەتییەوە خۆم لە باسکردنی کێشە تەندروستییەکانم بەدوور گرت، تەندروستی خستەمە مەترسییەوە، بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم زۆرێک لە ژنان بە ئەزموونێکی هاوشێوەدا تێپەڕیون.
نوریە ئەحمەد، خەڵکی پارێزگای نەنگەرهار، چیرۆکی خۆی لەگەڵ یەکەم سوڕی مانگانەدا دەگێڕێتەوە و وتی: یەکەمجار کە سوڕی مانگانە هات، لە خوێندنگە بووم، هەستم بە سەرلێشێواوییەکی زۆر دەکرد، کچێکی پۆلێکی دیکە، کە لە من گەورەتر بوو، یارمەتیدام، پادی تەندروستیی پێدام و هەموو شتێکی بۆ ڕوونکردمەوە، زۆر باش لەبیرمە کە نەمتوانی بۆ چەند ڕۆژێک سەیری چاوەکانی بکەم بەهۆی ئەوەی کە چەندە شەرمم لێکردبوو، چۆن خۆزگەم دەخواست ئەو ڕووداوە لە یادەوەریی ئەودا بسڕمەوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، تێگەیشتم کە سوڕی مانگانە و نەزانی لەو بارەیەوە تاوان نییە، پێویستە ئەم بابەتانە بە ئاشکرا و بە ڕوونی باس بکرێن.
فەوزیە سافی وتی: دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی لە زۆرێک لە گوندەکانی کونار زۆر سنووردارە یان بوونی نییە هەندێک لە ژنان لە کاتی سوڕی مانگانەدا نازانن چۆن گرنگی بە خۆیان بدەن و نەبوونی ئاوی پاک و پاکوخاوێنی کێشەکە گەورەتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە پارێزگاکەماندا هەندێک کەس پێیان وایە کە ژن لە کاتی سوڕی مانگانەدا ناپاک دەبێت، هەر بۆیە نابێت بەشداری لە چێشت لێنان و کاری ماڵەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا بکات.
شەهلا شەهباز، خەڵکی پارێزگای فەرەح ئەزموونی خۆی و ژنانی دیکە باس دەکات و وتی: زۆربەمان لە کاتی سوڕی مانگانەدا بەدەست ئازارێکی زۆرەوە دەناڵێنین، بەڵام ڕێگەمان پێنادرێت باسی بکەین، سەرەڕای ئەمەش دەبێت بەردەوام بین لە چالاکییەکانی ڕۆژانەمان، هەندێکجار ئازارەکە ئەوەندە توند دەبێت کە سەرجمان ناماێنێت، بەڵام بەهۆی کەمی هۆشیاری لە کۆمەڵگەکانماندا، باس لە کێشەکانمان ناکەین.
ڕوونی دەکاتەوە، کە دۆخەکە تاڕادەیەک لە شارەکاندا باشترە، بەڵام لە ناوچە دوورەکان، ژنان ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە پزیشکەکان و زۆرجار کاتێک سەردانی بنکە تەندروستییەکان دەکەن بارودۆخیان خراپ بووە.
فاتمە سەخی، خەڵکی پارێزگای بامیان ڕوونی دەکاتەوە، ئەو شەرمەزارییەی پەیوەستە بە سوڕی مانگانەوە و هەستکردن بە ژنان وەک ناپاک تا ئێستاش بەشێکە لە کولتووری هەندێک لە خێزانەکان، هەروەها زستانی سەختی بامیان و بارودۆخی ئابووری سەخت وا دەکات دەستکەوتنی پێداویستی پاکوخاوێنی قورس بێت، ئەمەش پاڵ بە هەندێک منداڵی کچەوە دەنێت کە ڕێگەی نەشیاو بەکاربهێنن کە مەترسی لەسەر تەندروستییان دروست دەکات.
وتیشی: هەرچەندە نەوەی نوێ زیاتر لە جاران هۆشیارترە، بەڵام هێشتا ڕێگایەکی دوور ماوە، دەبێت کاچان بتوانن بەبێ ترس و شەرم پرسیارەکانیان بکەن، ئەمەش تەنها بە فراوانکردنی بەرنامەکانی هۆشیاری و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە بەرهەمەکانی پاک و خاوێنی لە سەرتاسەری وڵاتدا بەدەست دێت.
لە کۆتایدا، جەختیان لەوە کردەوە، کە ناچارن پادی تەندروستی کەم کوالیتی بەکاربهێنن، هەروەها نرخ زۆرجار گرنگترە لە کوالێتی و تەندروستی لەکاتی کڕینیاندا، ئەمەش بەشدارە لە توندبوونەوەی هەندێک کێشە و نەخۆشییە تەندروستییەکانی نێوان ژنان و منداڵانی کچ.
وەحیدە وەلی پزیشکی ژنان، خەڵکی پارێزگای تەخار هۆشداری دا لە دەرئەنجامەکانی بێدەنگی لەم پرسەدا و ئاماژەی بەوەدا، کە نەبوونی هۆشیاری دەبێتە هۆی لێکەوتەی تەندروستی ڕاستەقیینە، زۆرێک لە کجان پابەندی یاساکانی پاکوخاوێنی نین بەهۆی کەمی زانیارییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردن و کێشەی تەندروستی لە سیستەمی زاوزێدا، بەکارهێنانی ڕێگەی ناتەندروستی و نەگۆڕینی پاد لە کاتی خۆیدا و دواخستنی سەردانی پزیشک لە گرفتە باوەکانن، ترس و دڵەڕاوکێ و شەرمیش دەرئەنجامی بەردەوامی ئەم نەزانینەن.
دووپاتیشی کردەوە، کە خێزان و خوێندنگە و بنکە تەندروستییەکان بەرپرسیارێتییەکی بنەڕەتی لە ئەستۆ دەگرن لە هۆشیارکردنەوەی کچان، بەو پێیەی پەروەردەی تەندروستی نەک تەنها ڕێگری لە نەخۆشی دەکات، بەڵکو متمانەی زیاتر بە ژنان دەبەخشێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ جەستەیان.