"سەربازە ئیسڕائیلییەکان لە بەردەممدا منداڵەکەیان کوشتم"

نەبیلا بەهار ئاماژەی بەوەکرد، لە کاتی هێرشی سەربازانی ئیسڕائیلدا سەربازەکان 'محەمەد' واتە کوڕەکەیان کوشتووە کە نەخۆشی داونی هەبووەو هەرگیز ئەو ساتانەی لەبیر ناچێتەوە.

نەغم کەراجە

 

غەززە-کارەساتی ڕاستەقینەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە لە ڕێگەی چیرۆکەکانەوە ئاشکرا دەبێت، یەکێک لەو چیرۆکانە هی نەبیلا بەهارە، نەبیلا دایکی محەمەد بەهارە کە نەخۆشی داونی هەبووە، کوڕەکەی لەبەردەم چاویدا کوژراوە، ئاماژەی بەوەکرد، هەرگیز ئەو ساتانەی لەبیرناچێتەوەو پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێتە دەنگ.

 

نەبیلا بەهار باسی لە هێرش و هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیان کرد و وتی: لە ڕۆژی حەوتەمی گەمارۆدانی گەڕەکی شوجەیەدا، سەرمان سوڕما کە چۆن سەربازە ئیسرائیلییەکان لە بەردەرگای ماڵەکەمان وەستان، ئێمە زۆر ترساین و هاوارمان کرد بەڵام هاوارەکانمان بێ کەڵک بوو، سوپای ئیسرائیل پێش ئەوەی هێرش بکەنە سەر ماڵەکە، بڕیارماندا لە ماڵەوە بمێنینەوە بۆ هەموو شتێک خۆمان ئامادە دەکرد ئەگەر بتوانین ڕزگارمان بێت، بەڵام چارەنووس شتێکی دیکەی دەویست.

 

"وامان دەزانی لە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت نزیک نابنەوە"

نەبیلا بەهار لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هێزەکانی ئیسرائیل دەستیان کرد بە تەقاندنەوەی نهۆمی خوارەوەی ماڵەکەمان، یەکێک لە سەربازەکان لە قاتی سەرەوە گوێی لە دەنگی منداڵەکان بوو و هاتنە ئەوێ و هێرشیان کردە سەرمان، ئێمە دەستمان بەرزکردەوە و دەوروبەرمان ٤٠ سەرباز چەکی قورسیان بۆ ڕووخسارمان بەرزکردەوە، محەمەدی کوڕم بەتەنها لە ژوورێکدا بوو گوێم لە دەنگی بوو بۆ ساتێک یەکسەر چوومە ژوورەکەی و بینیم سەربازەکان هێرشیان کردووەتە سەری، دەنگی کوڕەکەم و ئازارەکانی چووە ناو گوێمەوە، کوڕەکەم جەستەی بە خوێن داپۆشرابوو، کەس ڕزگاری نەکرد، هەموو خێزانەکە لەژێر هەڕەشەی دەمانچەدا بوون، ئەوانیش وەک من بێدەسەڵات و بینەری ئەم ڕووداوە دڕندانە بوون.

 

"کچەکەم هەوڵیدا کوڕەکەم ڕزگار بکات بەڵام ڕێگری لێکرا"

نەبیلا بەهار باسی لەوەشکرد، کچەکەی هەوڵیداوە بگاتە ژوورەکە بەڵام ڕێگری لێکراوە بە سەگی پۆلیسەکان لە کوڕەکەم دوورخرایەوە، سەربازەکان بردیانە ژوورێکی دیکە و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە هەوڵیاندا چارەسەری برینەکانی بکەن، گوێم لە دەنگی کوڕەکەم بوو، داوای ئاوی دەکرد، بەڵام دوای ماوەیەک دەنگی وەستا، دواتر زانیم مردووە، کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە، هێزەکانی ئیسرائیل فەرمانیان پێکردین کە گەڕەکەکە بەجێبهێڵین و خۆمان ڕادەست بکەین، لە ماڵێکی خراپەوە بۆ ماڵێکی تر گواستمانەوە تا دۆخەکە کەمێک ئارام بووەوە دوای چەند کاتژمێرێک کۆمەڵێک خێزانمان بینی کە کۆچیان دەکرد لەگەڵیان ڕامانکرد و زۆر گریام چونکە ناچار بووم کوڕەکەم بەجێبهێڵم.

 

"هەرگیز ئەو ڕۆژە لەبیرم ناچێتەوە"

نەبیلا بەهار ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی ئیسرائیل دوو منداڵەکەی تریان بردووە و تا ئێستاش هیچ لەبارەیانەوە نازانێت و وتی: من تووشی گەورەترین ئازار بووم دوای کۆتایی هاتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، کوڕەکەممان بینی کە لە ژوورەکەدا کوژراوە و تەرمەکەی بە خوێن داپۆشراوە.