سەرەڕای بوونی سەنتەری جێندەری لە زانکۆکاندا، جیاوازی جێندەری بوونی هەیە

جیاوازی جێندەری یەکێکە لەو کاریگەریانەی ژن و کۆمەڵگای کوردی پێوەی دەناڵێن، بەڕێوەبەری بەشی جێندەر لە زانکۆی سلێمانی باس لەوەدەکات کاتێک خوێندکار دێتە زانکۆ هەڵگری ئەقڵیەتی پیاوسالارییە و جیاوازی دروستدەبێت.

 

شنیاربایز

سلێمانی-  هەر لە منداڵییەوە نیشانەکانی جیاوازی جێندەری-ڕەگەزی لەسەر منداڵ دەردەکەوێت و تا گەورەبوون کاریگەرییەکانی بەسەر تاک و کۆمەڵگەوە بەجێدەهێڵێت، ناوەندەکانی خوێندن بێبەش نین لە جیاوازی ڕەگەزی، هۆکاری زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری، کلتور و دابونەریت و کۆمەڵگایەکی پیاوسالارە کە تاک لەسەر بنەمای ئەو کلتورە پەروەردە دەکرێت و پێگە و ڕاستینەی ژن لەبەرچاو ناگیرێت.

 

جیاوازی ڕەگەزی لە زانکۆکاندا بەدیدەکرێت، بەڵام پەردەپۆش دەکرێت و تەنها دیوە باشەکان نیشاندەدرێت، لە کاتێکدا هەر زانکۆیەک حکومی بێت یاخود ناحکومی سەنتەری جێندەری هەیە و داکۆکی لە مافی تاک بە گشتی و ژنان بە تایبەت دەکات.

 

سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆی سلێمانی

دکتۆر لاسک ئەرسەلان، بەڕێوەبەری سەنتەری یەکسانی جێندەری لە زانکۆی سلێمانی، دەربارەی بوونی جیاوازی جێندەری و کاری سەنتەرەکەیان ئاماژەی بەوەدا ئەو سەنتەرە بە هاوکاری زانکۆی بریستلی بەریتانی لە ساڵی ٢٠١٠-٢٠١١ دامەزراوە، لە چوارچێوەی زانکۆدا کاردەکات و زیاتر جەختدەکاتەوە لەسەر جیاوازی جێندەر بەگشتی و کێشەکانی ژنان بە تایبەت.

 

سەنتەرەکە لە ڕێگای ئەنجامدانی سیمینار و کۆڕ و کۆبوونەوە کارەکانیان جێبەجێدەکەن، چالاکییەکان تایبەتن بە مامۆستا و خوێندکاران هەندێک کات بە هاوکاری ڕێکخراوەکانی دیکە لە دەرەوەی زانکۆ ئەنجامدەدەرێن.

 

"جیاوازی جێندەری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کلتورەی خوێندکار لەگەڵ خۆی دەیهێنێتە ناو زانکۆ"

دکتۆر لاسک ئەرسەلان باسی لەوەکرد کە ناکرێت بە ئاشکرا بوترێت جیاوازی جێندەری بوونی هەیە، بەڵام ئەگەر بوونی هەبێت هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کلتورەی خوێندکاران لەگەڵ خۆیان دەیهێننە ناو زانکۆوە.

 

"لە ئێستادا کە لە زانکۆی سلێمانی خوێندکار وەردەگیرێت هەموو بەشێک مەرجە جیاوازی جێندەری لەبەرچاو بگرێت و بە یەکسانی ژمارەی کوڕ و کچ وەربگرن، بەڵام ئەگەر جیاوازییەک بوونی هەبێت ئەوا کەوتووەتەوە سەر خێزان و نمرەی خوێندکار کە بەشەکان جیادەکەنەوە بۆ منداڵەکانیان".

 

دەربارەی هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران، بۆ ماوەی سێ ساڵە هەموو بەشەکانی زانکۆ لە قۆناغی یەکەمدا وانەی university work environment دەخوێندرێت کە تایبەتە بە خوێندنی چەند بابەتێکی جیاواز، بابەتی جێندەریش یەکێکە لە بابەتەکانی وانەکە.

 

"١٠ ساڵ پێش ئێستا پەیوەندی خوێندکارانی کوڕ و کچ باشتر بوو"

لاسک ئەرسەلان ئاماژە بەوەدەکات بەراورد بە ١٠ ساڵ پێش ئێستا پەیوەندی هاوڕێیەتی لە نێوان کوڕ و کچ باشتر بوو وەک لە ئێستا، هەروەها متمانەیان زیاتر بوو بەڵام ئێستا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە هۆی کاڵکردنەوەی پەیوەندی هاوڕێیەتیان و زیاتر لە دژی یەکتر مامەڵە دەکەن و لێکتێنەگەشتن ڕوودەدات، وتیشی: "بێگوومان تا ئێستاش هەندێک خوێندکاری کوڕ هەیە دەیەوێت ئەقڵیەتی نێرینەی خۆی لەناو پۆلەکەی زاڵ بکات بەسەر کچانی هاوپۆلیدا".

 

کێشەی جۆراوجۆر هەن لەناو زانکۆکاندا بەڵام تا کێشەکە گەورە نەبێت ناگاتە لای سەنتەری جێندەری، زۆرینەی کێشەکانیش خۆیان دەبیننەوە لە چوارچێوەی نەبوونی متامانە و نەبوونی هاوڕێیەتی و کێشەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتی، لاسک ئەرسەلان لە کۆتایشدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە دەکرێت هۆکاری کێشەکانی ناو کچان و کوڕان لە زانکۆ تێکەڵنەبوونیان بێت لە ئاستەکانی دیکەی خوێندن، چونکە کاتێک لە ئاستەکانی دیکەدا بەریەککەوتنیان نابێت لە زانکۆ قورس دەبێت بۆیان کە مامەڵەیەکی دروست و هاوڕێیەکی باشبن و زۆرکات هەڵە تێگەیشتن ڕوودەدات لە نێوانیاندا.

 

بۆ چارەسەری ئەم کێشانە لاسک ئەرسەلان دەڵێت: "هەوڵدراوە مامۆستاکان گروپی خوێندکاران دیاریبکەن بۆ ئەوەی بەریەککەتنی زیاتریان هەبێت و بتوانن هاوڕێیەتی باش دروستبکەن"

 

سەنتەری جێندەری زانکۆی ئەمریکی

ساڤان عەبدولڕەحمان، یاریدەدەری توێژەر لە سەنتەری جێندەر بۆ گەشەپێدان و توێژینەوەی زانکۆی ئەمریکی، باسی لە کاری سەنتەرەکە کرد و وتی "ئەم سەنتەرە کار دەکات بۆ هۆشیارکردنەوە و گەشەپێدانی خوێندکاران، توێژینەوەی تایبەت ئەنجامدەدات دەربارەی کێشەکانی ژن لەناو کۆمەڵگەدا، وەک کوشتن بە ناوی شەرەفەوە، هەروەها وانەی تایبەت بە خوێندکارانی هەیە لەلایەن بەڕێوەبەری سەنتەرەکەوە دەوترێتەوە".

 

ئەم وانەیە لە ساڵی ٢٠١٧وە بە خوێندکاران دەترێتەوە و بە پێی خواستی خوێندکار خۆیەتی کە بەشداری بکات یاخود نا، ساڤان عەبدولڕەحمان ئاماژەی بەوەدا سەنتەرەکەیان هەوڵی داوە وانەی جێندەری بکاتە وانەیەک لە نێوان خوێندنی هەموو زانکۆکاندا بە حکومی و ناحکومییەوە، "خوێندکار بە ئاستێکی کەم ئاگادارن لە پرسی جێندەر و تاڕادەیەکی کەم بەرجەستەی دەکەن لە خۆیاندا بەهۆی بوونی کلتور و نەخوێندنی لە ئاستەکانی دیکەی خوێندن."

 

" خوێندکار هەیە بڕوایان بە پرسی جێندەری نییە"

بڕوانەبوون بە پرسی جێندەری لە لای خوێندکاران دەگەڕێنێتەوە بۆ کلتور و کۆمەڵگا و ئاشنا نەبوون بەو بابەتە، هەروەها تێکەڵنەکردنی خوێندکارانی کوڕ و کچ لە ئاستەکانی دیکەی خوێندن، کە دواجار دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم دوو ڕەگەزە یەکتر ناناسن لە ڕووی مامەڵەی ڕۆژانەیانەوە، کلتور و کۆمەڵگا کاریگەر دەبێت لەسەریان و دووبارە پیاوان دەکاتەوە بە سەردەستە، کە ئەوەش کۆمەڵگایەکە گرنگی بە یەکسانی ڕەگەزی لە نێو ماڵ و خوێندندا نەداوە.

 

ساڤان عەبدولڕەحمان بەراوردی ساڵانی ڕابردوو لەگەڵ ئێستادا دەکات و دەڵێت: "بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بیرکردنەوەی خوێندکاران ئازاد بووە، بەڵام لە هەموو جێگەیەکیش کەسانێک بوونیان هەیە کە ئەقڵیەتی پیاوسالاری زاڵبێت بەسەریاندا".

 

"خوێنکاران کێشەیان هەیە لە ڕووی جیاوازی جێندەرەوە"

ئەو یاریدەدەری توێژەرە کێشەی خوێندکارانی هێنایە زمان و وتی "زۆرترین کێشە بۆ کچانی زانکۆکان کێشەی هاتووچۆ و بەشە ناوخۆییەکانە کە لەلایەن خێزانەکانیانەوە بۆیان دیاریکراوە تا کاتێکی دیاریکراو لە دەرەوە بن و بەشداری چالاکییەکانی زانکۆ بکەن".

 

باسی لەوەکرد زۆر کات لە زانکۆکاندا بە گشتی زانکۆ حکومییەکان بە تایبەت ڕێگە بە کچانی بەشە ناوخۆییەکان نادرێت ئازادی تەواو وەربگرن، کاتژمێریان بۆ دیاری کراوە تا بگەڕێنەوە بۆ بەشەناوخۆییەکانیان لە کاتێکدا بۆ کوڕان بەو شێوەیە نییە و ئازادن لەوەت تا چ کاتێک لە دەرەوە دەمێننەوە هیچ لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا ناکرێت.

 

وەک چارەسەری بۆ بنبڕکردنی ئەم کێشانە ساڤان عەبدولڕەحمان پێی باشە نەک تەنها خوێندکاران بەڵکو مامۆستایانیش ئاشنا بکرێن بە پرسی جێندەری و زیاتر هەوڵبدەن هەردوولا خوێندنەوەیان بۆ بابتە جێندەرییەکان زیاتر بێت، "پێویستە گرنگی بدەن بە هۆشیارکردنەوەی خۆیان"، دواجار سەرەکیترین چارەسەر دەگەڕێنێتەوە بۆ وەزارەتی پەروەردە کە وانەی یەکسانی جێندەر بکاتە سیستمی خوێندنەوە.

 

ت.پ