سنووردارکردنی مۆڵەتی شۆفێریی مۆتۆرسکیل بۆ ژنان لە ئێران بەردەامە

دوای چەند مانگێک لە ڕاگەیاندنی دەستپێکردنی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێریی مۆتۆرسکیل بۆ ژنان لە ئێران، هێشتا بەڵێنە فەرمییەکان لەناو تەمومژ و ناڕوونیی جێبەجێکردندا ماونەتەوە، ژنانیش بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێگرییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان.

سارا پورخەزری

 

کرماشان ـ زیاتر لە حەوت مانگ بەسەر ناردنی ئەو کورتەنامانەدا تێپەڕدەبێت کە دەستپێکردنی ڕێکارەکانی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێریی مۆتۆرسکیلی بۆ ژنانیان ڕاگەیاند، هەواڵێک کە کەمێک دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی مانگی کانونی دووەمی ئەم ساڵ بڵاوکرایەوە و بووە یەکێک لەو بابەتانەی کە سەرنجی میدیاکانی ڕکێشا، بەڵام سەرەڕای لێدوانی جیاوازی بەرپرسان، هێشتا ڕێڕەوی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ناڕوونە.

 

پێشتر دۆسیەی مۆتۆرسکیل ژنانیش شایتحاڵی گۆڕانکاریی هەڵوێستی دەسەڵاتداران و سەرچاوە ئایینییەکان بووە بەرامبەر بەم بابەتە، وا دیارە ئێستا بەڵێنی دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری، لەو شوێنەی ببێتە هۆی لادانی ڕاستەقینەی سنووردارکردنەکان، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وێنەکەی خۆی و پیشاندانی گۆڕانکاریی سنوورداردا خراوەتە ڕوو.

 

بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکەی لێرەدا ئەوەیە: ژنان لە چوارچێوەی پێکدادانی نێوان قەدەغەکردنی شۆفێریی مۆتۆرسکیل و ئەوەی ئێستا وەک دەماری پروپاگەندە سەبارەت بە دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری بۆیان دەکرێت، لە کوێدا دەوەستن؟

 

لە ساڵانی ڕابردوودا، ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە مۆتۆرسکیلدا گیانیان لەدەستداوە، تووشی برینی قورسی قەرەبوونەکراوە بوون، نەبوونی مۆڵەتی شۆفێری تەنها بەربەست نەبووە لەبەردەم بەدەستهێنانی بیمەی پەیوەندیدار بە ڕووداوەکانەوە، بەڵکو لە زۆر حاڵەتدا بێبەش کراون لە توانای بەرگریی یاسایی لە خۆیان لەو ڕووداوانەی کە خۆیان بەرپرسیار نەبوون لێیان.

 

بەپێی ئامارە بەردەستەکان، لە ساڵی ٢٠٢٤ نزیکەی سێ هەزار کەس بەهۆی ڕووداوەکانی شۆفێریی مۆتۆرسکیلەوە گیانیان لەدەستدداوە، کە زیاتر لە ١٥٠ کەسیان ژن بوون، ئەم ژمارەیە لەگەڵ زیادبوونی داواکاریی ژنان بۆ بەکارهێنانی مۆتۆرسکیل، ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەرزبوونەوەی ئەم ئامارانە لە داهاتوودا.

 

لە هەمان چوارچێوەدا، بەرهەمهێنەرانی مۆتۆرسکیل هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٦٠٠ هەزار مۆتۆرسکیل بە هەموو جۆرەکانییەوە بە ژنان فرۆشراوە، ژمارەیەک کە بە ڕوونی ئارەزووی بەردەوامە و جیهانی ژنانی لە بەکارهێنانی ئەم ئامرازە گواستنەوەیەدا دەردەخات، تەنانەت لەگەڵ لەخۆگرتنی مەترسییە یاساییەکانیش کە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی شۆفێرییەوە دروست دەبن.

 

لە پێویستیی ڕۆژانە تا شکاندنی قەدەغەی قەدەغەکردن

ئازادە. ت ئەزموونی خۆی دەگێڕێتەوە کە پێشتر ماوەیەک مۆتۆرسکیلی لە کرماشان لێخوڕیوە و وتی: چەند جارێک تووشی ڕووداوی سادە بووم کە من بەرپرسی نەبووم، بەڵام هەر ئەوەندەی شۆفێری بەرامبەر دەیزانی من ژنم و مۆڵەتم پێ نییە، هەڕەشەی لێدەکردم و دەیوت دەبێت قەرەبوو بدەیت، ئەگەرنا پەیوەندی بە پۆلیسەوە دەکەم، چونکە دەمزانی ئامادەبوونی پۆلیس واتە دەستبەسەرداگرتنی مۆتۆرسکیلەکە و لێپێچینەوە لەگەڵ منیش، ناچار دەبووم بڕێک پارە بدەم بۆ کۆتاییهێنان بە بابەتەکە، بەڵام هەمیشە دەترسام ڕووداوێکی مەترسیدارتر ڕووبدات، بۆیە وازم لە شۆفێریی مۆتۆرسکیل هێنا تا بارودۆخی یاسایی دەگۆڕێت.

 

ئەم گێڕانەوەیە دەریدەخات کە ژنان خۆیان لە دۆخێکی دووانەییدا دەبیننەوە، لە لایەکەوە، ئارەزوو و پێویستیی بەکارهێنانی مۆتۆرسکیل وەک ئامرازێکی گواستنەوەی خێرا و ئابووری هەیە، لە لایەکی تریشەوە، فشاری یاسا سنووردارکەرەکان و نەبوونی پاراستنی یاسایی بوونی هەیە.

 

لەم بارودۆخێکدا، بەڵێنەکانی بەرپرسان بۆ دەرکردنی مۆڵەتی شۆفێری بۆ ژنان لە ئامرازێکی پروپاگەندەیی بۆ دووبارە دروستکردنەوەی وێنەی خۆیان لە لای ڕای گشتی دەچێت، زیاتر لەوەی چارەسەرێکی ڕاستەقینە بێت.

 

تێچووی دارایی و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی زیانەکان تەنها بەشێکن لەو فشارانەی کە بەسەر ئەو ژنانەدا سەپێنراون کە مۆتۆرسکیل لێدەخوڕن، بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەم فشارانە پەیوەندییان بە لایەنە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، ئەو فشارانەی کە بۆ چەندین ساڵ هاوڕێی خەباتی ژنان بوون بۆ گەیشتن بە مافی شۆفێریی مۆتۆرسکیل و هێشتا بەردەوامن.

 

شەرارە. ر، کە ئەویش ئەزموونی پێشووی هەیە لە شۆفێریی مۆتۆرسکیل لە کرماشان وتی: چەند جارێک مۆتۆرسکیلی کوڕەکەمم بەکارهێنا بۆ مەشقکردن لەسەر شۆفێری لە شەقامەکاندا، لە یەکێک لە جارەکاندا نزیک بوو ئۆتۆمۆبیلێکی بیجۆ لێم بدات، کاتێک ناڕەزایەتیم دەربڕی، لە ناکاو پیاوێکی ڕیش درێژ لە ئۆتۆمۆبیلەکە دابەزی و دەستی کرد بە هەڕەشەکردن لێم و لە کۆتاییدا چەند بۆکسێکی لە مۆتۆرسکیلەکەم دا، سەرزەنشتی کردم و گەڕایەوە ناو ئۆتۆمۆبیلەکەی و ڕۆیشت.

 

ئەم ئەزموونە تەنها نموونەیەکی تاکەکەسییە لەو توندوتیژی و بێڕێزیکردن کە ژنان لە ڕێگایاندا بۆ شکاندنی قەدەغەی شۆفێریی مۆتۆرسکیل ڕووبەڕووی دەبنەوە، لە ساڵانی ڕابردوودا ژنێکی زۆر تووشی شێوازی جیاوزی ئازار و فشار بوون لە کۆمەڵگە یان تەنانەت لە خێزانیشەوە، لە چاوی سەرنجی ڕەخنەگرتن و هەڕەشەکان لە شەقامەکاندا، تا دەگاتە فشاری خێزانی بۆ دەستبەرداربوون لە شۆفێریی مۆتۆرسکیل.

 

سەڕای ئەوەش، ژنان توانیویانە لە ڕێگەی پێداگری و داواکردنی ئەم مافەوە، بە شێوەی کارا شۆفێریی مۆتۆرسکیل بکەن بەبێ پێویستی بە مۆڵەتی فەرمی، سەرکەوتووانە سنوورەکانی قەدەغەکردنیان لەسەر زەوی تێپەڕاندووە.

 

ئەم پێداگرییە ئاماژە بەوە دەکات، کە شۆفێریی مۆتۆرسکیل بۆ ژنان تەنها ئامرازێکی گواستنەوە نییە، بەڵکو بووەتە ئامڕازێک بۆ خەبات لە پێناو ئازادییە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، خەباتێک کە هەموو ڕۆژێک لە شەقامەکاندا بەردەوامە، لە بەرامبەر سەرنجەکان و یاسا سنووردارکەرەکاندا.

 

ئەزموونەکانی وەک گۆڕینی ناوی "پۆلیسی ڕێنمایی" و چالاککردنەوەی هەمان پێکهاتە لە ژێر ناوی "پلانی نور" دەردەخەن کە ئەو گۆڕانکارییانەی کە ڕادەگەیەنرێن بە مەرج نییە ببنە هۆی لادانی سنووردارکردنەکان، لەم تێڕوانینەوە، جێبەجێکردنی سیستەمی مۆڵەتی شۆفێریی مۆتۆرسکیل بۆ ژنانیش ڕەنگە لە چوارچێوەی یاسا و پێکهاتە سنووردارکەرەکانی کۆماری ئیسلامیدا بێت، هاوڕێ بێت لەگەڵ سنووردارکردنی نوێ، ئەو سنووردارکردنانەی کە هێشتا ئامانجیان ئامادەبوونی کۆمەڵایەتیی ژنان و ئازادییە تاکەکەسییەکانیانە.