ژنانی ڕانیە: پێویستە دژی داگیرکارییەکان هەڵوێستمان هەبێت
ژنانی شارۆچکەی ڕانیە ئیدانەی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان دەکەن و ڕایدەگەیەنن، ئامانجی دەوڵەتی تورک لەو هێرشانەی، داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستان و پێویستە خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەدژی بووەستنەوە.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە و سوپای تورک بە قوڵایی دەیان کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی باشووری کوردستان، بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکیش، لە ماوەی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩١ بۆ ٣٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ ٣٣٤ هاوڵاتیی مەدەنیی لە باشووری کوردستان بەهۆی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە شەهیدبوون و ٣٥٨ هاوڵاتی دیکەش بریندار بوون
ئەوەش کاردانەوە و نارەزایەتیی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ژنانی شارۆچکەی رانیەی سەر بە ئیدارەی راپەڕینیش ئیدانەی ئەو هێرش و داگیرکارییانەی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشووری کوردستان دەکەن و داوای هەڵوێست و بەگژداچوونەوەی ئەو داگیرکارییانە دەکەن.
ئاواز ئیسماعیل، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی رانیەیە و دەڵێت: داگیرکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە و پێویستە ئێمە وەکو گەلی باشوری کوردستان و هەر چوار بەشی کوردستان باش بزانین، کە تورکیا مەبەستی تەنها ئەوە نییە کە هێرش بکاتە سەر گەریلا ئازادیخوازەکان، بەڵکو مەبەستی ئەوەیە کە باشوری کوردستان داگیربکات و میساقی میللیی زیندوو بکاتەوە و موسڵ و کەرکوک داگیربکات.
ئاواز ئیسماعیل ئاماژەی بە بێدەنگیی شەقام و لایەنە پەیوەندیدارەکان دژ بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک کردووە و رایگەیاندووە: ئەو هێرش و داگیرکارییانەی کە ئەمڕۆ دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دەستیپێکردووە چەندە مەترسیدارە، لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە کە شەقامی کوردیی و لایەنە دەسەڵاتدارەکان بێدەنگن، ئەوەش وایکردووە کە ئەرکی بەرگریکردن و بەرپەرچدانەوەی ئەو داگیرکارییانە بکەوێتە ئەستۆی گەریلاکانی ئازادیی، بۆیە دەبێت ئێمەش وەکو گەل و پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەنگی خۆمان هەڵبڕین و شان بەشانی گەریلاکان دژی ئەو داگیرکارییە بووەستینەوە.
هاوژین مستەفا، ژنێکی دیکەی شارۆچکەی رانیەیە و لەسەر هەمان بابەت دەڵێت: دەوڵەتی تورکیا هەر ڕۆژەی بە بەهانەیەک دەستدرێژیی دەکاتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و دەیەوێت کولتور و ناسنامەی کوردایەتی تێکبدات و هەوڵ دەدات کە گوندەکان چۆڵ بکات، بە بەرچاوی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە بەدرێژایی چەندین کیلۆمەتر هاتووەتە ناو خاکی هەرێم و و ژینگە و ناسنامەی کوردی دەشێوێنێت.
ئەو هاوڵاتییە داواش لە هەموو خەڵکی باشووی کوردستان دەکات، کە لەدژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بڕژێنە سەر شەقامەکان و دەنگ هەڵببڕن و ئەو بێدەنگیە بشکێنن، تا چیتر سوپای تورک هەوڵ نەدات دەست بەسەر خاکی هەرێمی کوردستاندا بگرێت، چونکە بە ڕاستی مەترسیەکی گەورەیە بۆ خاکی هەرێم.