"سیستمی سەرمایەداری بە ناوی ئازادییەوە ژنان بە کاڵا دەکات"

سەیران مستەفا، مامۆستا و چالاکوانی مافی مرۆڤ دەڵێت: بە کاڵاکردنی ژنان لە سەردەمی سەرمایەداریدا دەستی سیاسی لەپشتە، ئامانجیانە فکری ژنان تەنها لە چوارچێوەیەکدا بهێڵنەوە و کار و چالاکیەکانیان کپ بکەنەوە".

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنان لە کۆنەوە ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە کۆمەڵگەدا، بە کار و چالاکییەکانیان جێدەستی خۆیان بە مۆرکی کوردەوارییەوە جێ هێشتووە، ژنانی کورد لە گوندی چەرمۆ لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانییەوە، کە یەکەمین گوندەکانی مێژووی مرۆڤایەتییە، بەردەوام ڕۆڵی چالاکیان لە بوارەکانی ژیاندا هەبووە، پاشان ژنان گرنگیان داوە بە خوێندن و پێگەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا جێگیر کردووە، هەروەها مێژووی ژنان ئەوەمان نیشان دەدات کە لە کۆنەوە چەک بە دەست بوون و ڕۆڵی گرنگیان هەبووە بۆ پاراستنی خاک و نیشتمان، پاشان ژنان تواناکانی خۆیان بەرەوپێش بردووە و بەشداری کایە سیاسیەکانیان کردووە. بەڵام لە بەرامبەر ئیرادە و بەرەوپێشچوونی ژنان، هەمیشە سیستمی سەرمایەداری ژنانی کردووەتە ئامانج و ویستوویەتی لە کۆمەڵگە دووریان بخاتەوە و ڕۆڵیان لاواز بکات.

 

"ژنان لە کۆنەوە ڕۆڵی گرنگیان لە بەرەوپێشچوونی کایەکانی ژیاندا هەبووە"

سەیران مستەفا، مامۆستا و چالاکوانی مافی مرۆڤ، باس لە دۆخی ژنان لە ئێستادا دەکات کە بە هۆی بەرەوپێشچوونیانەوە تا ئاستێک لە چەقبەستووی ڕزگاریان بووە و دەتوانن لە ئێستادا لە چەندین کایەی ژیاندا کار بکەن، ئەمەش بەشێکی بۆ ئازادبوونی ژنان دەگەڕێتەوە.

 

لە بارەی ئازادی ژنانەوە، سەیران مستەفا وتی: بەڵام بەشێک لە هاوڵاتیان ئازادبوونی ژنان بەلاڕێدا دەبەن، ژنان وەک کاڵایەک بەکاردەهێنن، ئەمەش لە نمایشکردن و ئەقڵیەتی سەرمایەداریدا ڕەنگ دەداتەوە، هەروەها بەشێک لە سەرمایەداران و هونەرمەندان ژنان بۆ نمایشکرنی کارەکانی خۆیان نمایش دەکەن و بەکاریان دەهێنن بۆ ڕیکلام کردن، لە ڕێگەی ئەقڵیەتی سەرمایەداریەوە ژنان بە کاڵا دەکرێن، ژنان لە کاری مۆدێل و ڕیکلام کردن و کلیپەکاندا نمایشی جەستەی پێدەکەن، تەواوی ئەم کارانە دەگەڕێتەوە بۆ لەپشتبوونی دەسەڵاتێکی سەرمایەداری لە هەرێمی کوردستاندا، بە ناوی ئازادبونێکی هەڵە و بۆچوونێکی هەڵەوە ژنان بەکاردەهێنن بۆ کارە سەرمایەداریەکانیان، دەبینین بەشێکی زۆر لە هونەرمەندان بەرهەمەکانیان لەسەر بنەمای جەستەی ژن بەرهەم دەهێنن، بەڵام چەندین کاری کلیپی سەرکەوتوومان هەیە، کە بەبێ دەرخستنی جەستەی ژنان بەرهەمی هونەریان پێشکەش بە ناوچەکەیان کردووە.

 

ئەو چالاکوانە دەشڵێت: بە کاڵاکردنی ژنان باکگراوندێک یان دەزگایەکی سیاسیی لە پشتەوەیە، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەیەکی ئابووری کولتوور و دابونەریتی وڵاتەکەیان لە کەدار دەکەن، لە کاتێکدا ئەرکی ئێمەی ژنانە، کە لە پاڵ بەرەوپێشچوونماندا کولتووری وڵاتەکەی خۆشمان بپارێزین، کەواتە هەبوونی ئەو بە کاڵاکردنەوەی ژنان لە سەردەمی سەرمایەداری ئێستادا دەستێکی لە پشتە و تەنها ئامانجیان شکاندن و لە کەدارکردنی ژنان و لەناوبردنی کولتووری کوردییە، هەبوونی ئەقڵیەتی سەرمایەداریش بۆ شێواندنی کۆمەڵگە و سەرقاڵکردنی کۆمەڵگەیە، تا ژنان تەنها لە چوارچێوەیەکدا بهێڵنەوە و کار و چالاکییەکانیان کپ بکەنەوە.

 

"ژنان دەبێت لە ڕێگەی کار و چالاکییەکانیانەوە ئەو برینانەی هەیانە تیماری بکەن"

سەیران مستەفا باس لەوەش دەکات، لە سەردەمی ئێستادا بەشێکی زۆر لە ژنان لە ڕێگەی کەناڵەکانەوە بە کاڵا دەکرێن، "ژنان لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەوڵی بە کاڵاکردنیان دەدرێت، هەبوونی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەکانەوە ڕەنگی داوەتەوە و بەردەوام لە دەرخستنی جەستە و لە قاڵبدانی ژناندان، ڕاگەیاندکاران دەچنە هەموو ماڵێکەوە و هەموو توێژێک بینەریان دەبێت، بەڵام ژنێک دەهێنن لەڕێگەی ڕاگەیاندنەوە نمایشی دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆکاری بە کاڵاکردنی ژنان، کەناڵەکان ژنانیان تەنها لە چوارچێوەی نمایشکردن و کارکردندا هێشتووەتەوە و پلەیەکی باڵای پێنادرێت لە دەزگای کەناڵەکەدا، بۆ نمونە کەناڵمان هەیە سێ بەرنامەی هەیە بەس چێشتلێنانە و هیچ بەرنامەیەکی کولتووری پێشکەش ناکات، هەروەها بێژەرەکان لە ڕێگەی پرسیارەکانیانەوە بەردەوام لە ژنان دەدەن و بۆ کۆمەڵگەی نیشان دەدەن کە ژنان هەڵەن و بەردەوام لە هەڵەکردندان".

 

لە کۆتاییدا وتی: پێویستیمان بە دانانی چەندین یاسایی گرنگ بۆ کەناڵەکان و تەواوی ئەو لایەنانەی هەوڵدەدەن بەربەست بۆ ژنان دابنێن و ژنان وەک کاڵایەک نیشان دەدەن، هەیە، ژنان پێویستە لەڕێگەی خۆڕۆشنبیر کردنەوە هەوڵی لەناوبردنی ئەو شێوازی بەکاڵاکردن و سیستمی کۆمەڵگەیە بدەن، ئەو برینانەی لەسەر ژنان بەردەوامە، ژنان هەوڵی تیمارکردنی بدەن.