"پاراستنی بەنداوی تشرین ئەرکی هەموو کوردێکە"
شادیە بەکر، مامۆستای زانکۆ باس لە بەرخۆدانی بەنداوی تشرین دەکات و دەڵێت: بەرگریکردنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەنداوی تشرین ئەرک و بەرپرسیارێتی هەر تاکێکی کوردە.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی- هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین ماوەی چەندین مانگە بەردەوامی هەیە و لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا زۆرێک لە هاوڵاتیانی هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە مەبەستی پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک- قەسەدە و پاراستنی بەنداوی تشرین چالاکی ئیشکگریان لەسەر بەنداوەکە دەستپێکرد و سەرەڕای بە ئامانجگرتنی هاوڵاتیان لەسەر بەنداوەکە و بۆردوومانکردنیان لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، بەڵام تا ئەمڕۆ چالاکییەکە بەردەوامە.
ئەم بەرخۆدانییەکەی گەل لە خاک و شۆڕشەکەیان سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و بە گرنگییەوە باس لە پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەن.
"لە ڕێگەی بەرخۆدانی ڕۆژئاواوە دەستکەوتەکان پارێزراوە"
شادیە بەکر، مامۆستای زانکۆ، باس لەوەدەکات، بەرگریکردنی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە بەنداوی تشرین ئەرک و بەرپرسیارێتی هەر تاکێکی کوردە، هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکی تورکیاش بۆ سەر بەنداوی تشرین بەردەوامی هەیە، هاوڵاتیانی ناوچەکە لە ڕێگەی بەرخۆدانەکانیانەوە بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە، دەشڵێت: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشە درۆنییەکانەوە بەردەوام بەنداوی تشرین دەکاتە ئامانج، بەڵام گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕێگەی بەرخۆدان و خاونداری لە خوێنی شەهیدەکانیان پێیان دەڵێن کە ئەوان بەرگری لە خاک و وڵاتی خۆیان دەکەن، لە ڕێگەی بەرخۆدانی ڕۆژئاواوە کوردان بەردەوام سەرکەوتنەکانیان دەدەن بە گوێی داگیرکەراندا، هەروەها دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕێگەی هێرشەکانەوە تاوانی جەنگی دژی کورد ئەنجام دەدات. هێرشە درۆنییەکان لە جیهاندا بە تاوانی جەنگ بەرامبەر هاوڵاتیانی مەدەنی ناسێدراوە و جینۆساید و دژە مرۆڤایەتییە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، جیهان کە ئاست مافی کورد و کۆمەڵکوژکردنیان بێدەنگە.
ئەو مامۆستایە، ئاماژەی بەوەکرد، تاوانەکانی جینۆساید لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕەنگی داوەتەوە، وتی: لە ڕێگەی جیاکردنەوەی خێزانەکان لە یەکتر، هێرشکردنە سەر ناوچە کوردنشینەکان، کوشتن و دەستدرێژی کردنە سەر ژنان و منداڵان، دەوڵەتی تورکیا تاوان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام دەدات، دەوڵەتی تورکیا بە تەواوی کار لەسەر نەمانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەکات، هەروەها نەبوونی ئەندامبوونی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دادگا نێودەوڵەتییەکاندا، بۆتە هۆکاری نەبوونی بەرگریکردنی کوردان لە هەرێمی کوردستانەوە بەرەوڕووی جیهان. بەڵام لە ڕێگەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە دەتوانین دەنگ و ناڕەزاییەکانی دژ بە دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بگەیەنین، ئێمەی کورد دەمانەوێت لە ئێستادا بەپەلە کار بۆ گەیاندنی دەنگەکانی بەنداوی تشرین بکەین، تا بگاتە تەواوی جیهان و کار بۆ پاراستنیان بکرێت، پێویستە کوردان لە تەواوی جیهان فشار لە ڕێگەی خۆپیشاندان و چالاکییەکانیانەوە دروستبکەین و دەنگی بەنداوی تشرین بەرز ڕابگرن، هەروەها ئەندامبوونی دەوڵەتی تورکیا لە ناتۆ ئاستەنگییەکی دیکەیە، لە ئێستادا دەرکردن و هێرشکردنی دەوڵەتانی دیکە بۆسەر تورکیا لە ناتۆدا، دەتوانێت کەمێک تورکیا بەرەو شکست بردن ببات.
شادییە بەکر، لە کۆتاییدا وتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی ڕێگریکردنی هاوکاریە ماددی و مەعنەویەکان دایە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، لە ڕێگەی دواخستنی مووچەی مووچەخۆرانی باشووری کوردستان و داخستنی دەروازە سنوورییەکان بەردەوام ڕێگری دەکات، بەڵام ئەو بە دەنگەوە هاتنەی گەلی باشووری کوردستان پشتیوانییەکی گەورەیە بۆ کوردان لە ڕۆژئاوادا، گەلی باشووری کوردستان نەوەستاون لە کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکارییەکان، پاشان لە ڕێگەی چالاکی و خۆپشاندانەوە هەوڵیان بۆ بەدەستهێنانی مافەکان داوە، دەشبێت دڵنیا بین، ئێمەی کورد دەتوانین چالاکییەکانمان چڕتر بکەینەوە تا بتوانین کوردان لە بەنداوی بەرخۆدان بپارێزین.