قەیرانی وزە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەگرێتەوە

قەیرانی وزەی ئێران بارگرانی لەسەر ژنانی گوندەکان دوو هێندە زیاد کردووە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە بەرپرسیارێتی ماڵ لە ئەستۆ دەگرن، لە کاتێکدا پڕۆژەکانی گەیاندنی غاز تەنها وەک بەڵێنێکی فەرمی دەمێننەوە کە دوورن لە ڕاستی.

سابا موحیبی

 

مەهاباد- ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ساڵانێکە قەیرانێکی هەمەلایەنەی وزەیان بەخۆوە بینیوە، بەڵام نەبوونی درێژخایەنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و سەرچاوەی وزە ژیانی هێندەی تر سەختتر و ئاڵۆزتر کردووە بۆ دانیشتوانی گوندەکان، سەرەڕای ئەوەی کە زۆرجار لە ڕاگەیاندنی فەرمیدا باس لە هاتنی "غاز" بۆ ناوچە بێبەشەکان دەکەن، بەڵام ڕاستییەکە جیاوازە، زۆرێک لە گوندەکان لە سەرانسەری وڵاتدا ڕووبەڕووی سەرمای پاییز و زستان دەبنەوە کە پشت بە شێوازە نەریتییەکان دەبەستن بۆ دەستەبەرکردنی گەرمکردنەوە و سووتەمەنی پێویست بۆ ژیانی ڕۆژانەیان.

 

لە چەند گوندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بوونی تانکی نەوت لەبەردەم ماڵەکاندا ڕاستییەکی سەخت ئاشکرا دەکات: دانیشتوان لە هەلومەرجێکی سەختتر لەوانی دیکە ڕووبەڕووی سەرمای قورسی زستان دەبنەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە ٢٠٪ واتە دوو هەزار و ٨٠٠ گوند و شارۆچکەی پارێزگای ورمێ هێشتا دەستڕاگەیشتن بە غازیان نییە و هەندێکیشیان بە هۆی قەبارەی دانیشتوانیانەوە هەرگیز غازی ناوخۆیی وەرناگرن، هەروەها ژمارەیەک گوندهەن کە لە پلانی فەرمی دابەشکردنی غازدا جێگیرکراون، بەڵام هێشتا پشت بە بەشەخۆراکی نەوتی سپی دەبەستن بۆ گەرمکردنی ماڵەکانیان.

 

نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک غاز و کارەبا و ئاو بارگرانی لەسەر هەموو لایەک دروست دەکات، بەڵام بەهۆی ڕۆڵی ڕەگەزی و بەرپرسیارێتی نایەکسان لەناو خێزاندا بە شێوەیەکی ناڕێژەیی کاریگەری لەسەرژنان دەبێت، زۆرجار ژنان بەرپرسیارێتی چێشت لێنان و چاودێریکردنی منداڵان و بەساڵاچووان و گەرمکردنی ماڵ و دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە لە ئەستۆ دەگرن، بۆیە کەمیی سەرچاوەی وزە، کات و فشاری جەستەیییان زیاد دەکات، هەروەها ئەرکە سادەکان دەگۆڕێت بۆ کاری قورس کە کاتژمێری زۆر دەخایەنێت، ئەمەش تووشی کێشە تەندروستییەکانی وەک نەخۆشییەکانی هەناسەدان و ماندوێتی درێژخایەن و ماندووبوونی دەروونیان دەکات.

 

فاتمە.م.، لە گوندی کوران دەژی، کە دەکەوێتە نێوان سەردەشت و مەهابادەوە، ساڵی ڕابردوو یەکێک بوو لەو گوندانەی کە بە تۆڕی غازەوە بەسترابووەوە، بەڵام تا ئێستا دانیشتووانەکەی ناتوانن بەکاری بهێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، "بۆری غازەکەیان درێژکردەوە بۆ کوران، بەڵام تا ئێستا کارا نەکراوە، ئێمە بەشەخۆراکی سووتەمەنی ساڵانەمان لەڕێگەی سیستەمی کارتی گوندەکانەوە وەردەگرین و بۆ گەرمکردنەوە بەکاریدەهێنین، ژیان لێرە سەختە، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی منداڵەکانمان کۆچ بکەن، هەندێکیان تەنها لە وەرزی چاندندا دەگەڕێنەوە، ئەگەر خزمەتگوزاری سەرەتاییمان هەبوایە، زۆرێکیان لە گوندەکەدا دەمانەوە".

 

غەزال.ح.، ژنێکی دیکەی ئەو گوندەیە، ڕوونیکردەوە، "لە بەیانییەوە تا ئێوارە ناچارین چاومان لەسەر گەرمکەرە نەوتییەکان بێت بەهۆی مەترسییەکانیانەوە، هەرچەندە ڕاهاتووین لەسەریان، بۆنەکەیان هەوا پڕ دەکات، هەموو ماڵێک تانکی ڕۆنی تێدایە، هەروەها بۆ چێشت لێنان سلندەری غاز بەکاردەهێنین، هەندێکجاریش لە فڕنە نەریتییە کۆنەکاندا نان دروستدەکەین، ڕۆڵی پیاوانیش سنووردارە بۆ هێنانی نەوتەکە، لە کاتێکدا هەموو سەختییەکان دەکەوێتە سەر ئێمەی ژنان و لەگەڵ کەمیی ئاوی ئەمساڵیشدا ژیان هێندەی تر سەختتربووە''.

 

لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ وە، یەکێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بەخۆڕایی بووە، پرۆژەی بۆری غاز کە پێش شۆڕش دەستی پێکرد، وردە وردە لە شارە گەورەکانەوە بۆ ناوچەکانی دیکەی وڵات فراوانتربوو، بەڵام گرنگیدان بە دابینکردنی وزە بۆ شارەکان وایکردووە زۆرێک لە گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەراوێزخراون و دەستیان بەو خزمەتگوزارییانە نەگەیشتووە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٤دا، ٨٥ پڕۆژەی دابینکردنی گاز بۆ گوندەکان لە پارێزگای ورمێ ڕاگەیەندرا، بەڵام دەیان گوند وەک کوران سەرەڕای ئەوەی کە لەم پڕۆژانەدا جێگیرکراون، بێ دەستڕاگەیشتن بە تۆڕی غازی نیشتمانی ماونەتەوە، تا ئەمڕۆش نازانرێت کەی ئەم ناوچانە بەڕاستی غاز وەردەگرن، ئەمەش تەنها وەک ناوێک لە لیستە فەرمییەکاندا دەمێنێتەوە کە بەکاردەهێنرێن بۆ ئەوەی خەیاڵی دەستکەوتەکان بە خەڵک بدەن کە دوورن لە ڕاستی.