قوتابخانەکانی باشووری لوبنان دوای هێرشەکان دەرگاکانیان دەکەنەوە
لە باشووری لوبنان، قوتابخانەکان سەرەڕای زیانەکان، ئاوارەبوون و ئەنجامەکانی هێرشەکان، بۆ قوتابیان دەکرێنەوە، ئەم گەڕانەوەیە تەنها وانەکانی پۆلەکان بۆ ڕۆڵی پەروەردەیی ناگەڕێنێتەوە، بەڵکوو پەنجەرەیەک بۆ داهاتووش دەکاتەوە.
رەنا جونی
لوبنان – هێرشەکانی ئیسرائیل قوتابخانەکانی باشووری لوبنانیان کردە ئامانج، دەیان قوتابخانەیان وێران کرد و سەدان قوتابخانەی دیکەشیان زیان پێگەیاند. بەهۆی وێرانبوون یان باری ئەمنی بەردەوام لە چەند شارێک، گەیشتن بە هەندێک قوتابخانە ناجێگر بووە.
تەنها قوتابیان نەبوون کە ناچار بوون وانەکانیان جێبهێڵن. قوتابخانەکانیش بەهۆی هێرشەکانەوە بە شێوەیەکی زۆر زیانیان پێگەیشتووە و هەندێکیان چیتر گونجاو نین بۆ ئەوەی وەک جاران پێشوازی لە قوتابیان بکەن، لە شارۆچکەکانی تووشی ئاوارەبوون و وێرانکاری بوون، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە بەشێک بووە لە پرسیارێکی گەورەتر: پەروەردە چۆن دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ شوێنێک کە ژیان هێشتا ئارام نەبووە؟
لە بۆرج قەلاویە، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەوێت. قوتابخانەیەک کە لە کاتی هێرشەکاندا زیانی پێگەیشتووە، دووبارە دەکرێتەوە، بەڵام بە تەواوی کار ناکات. بیناکە هێشتا نیشانەکانی وێرانکاری لەخۆ دەگرێت و لە پۆلەکاندا زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکان بوونیان نییە. لە هەمان کاتدا، بەڕێوەبەرایەتی و مامۆستایان هەوڵ دەدەن بەو کەرەستانەی بەردەستیانە، پرۆسەی پەروەردە دووبارە دەست پێ بکەن.
پۆلەکانی وانە زۆر لەدەست چوون
لە ئامادەیی حەسەن کامل سەباح، کاریگەرییەکانی هێرشەکان هێشتا لە هەموو وردەکارییەکدا دیارن، بەڵام قوتابیان باس لە گەڕانەوە دەکەن وەک ڕێگایەک بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە ژیانیان کە پچڕابوو.
ئایا موراد، خوێندکار وتی: شوێنەکە گۆڕاوە، بەڵام دڵ هەروەک خۆی ماوەتەوە، تەنانەت حەزی فێربوونیش هەر ماوە. هەموو شتێک لە پۆلەکەدا ڕۆح و یادەوەرییەکانی هێشتا لەگەڵمانە.
بۆ قوتابیان، قوتابخانە تەنها شوێنێک بۆ فێربوون نییە؛ بەڵکو هاوپۆلەکان، مامۆستایان، یادەوەرییەکان و شوێنێکە کە پێشتر بەشێک لە ڕۆژ و منداڵیی خۆیان تێیدا بەسەر دەبرد.
ڕیما فەقیه قوتابی پشتڕاستی دەکاتەوە کە بارودۆخە دژوارەکان نابنە ڕێگر لەبەردەم ئەو بۆ بەردەوامبوون لە خوێندن و بەدەستهێنانی خەونەکانی. ڕیما وتی: هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگرمان بێت لە بەدەستهێنانی خەونەکانمان و بەدواداچوونی حەزمان لە ژیاندا. ئێمە باوەڕمان بە خۆمان هەیە و باوەڕمان بە توانای بەردەوامبوونمان هەیە.

گەڕانەوە بۆ فێربوونی ڕووبەڕوو کە لە چاوەڕوانییەکان تێپەڕی
لە قوتابخانەی ناوەندی دووەمی کەفەر ڕوممان، گەڕانەوە بۆ فێربوونی ڕووبەڕوو تەنانەت بۆ بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەش سەرسوڕهێنەر بوو. چاوەڕوانییەکان نیشانیان دەدا کە بەشداربوون کەمتر بێت، چونکە ژمارەیەکی زۆر لە قوتابیان پشت بە فێربوونی دوورەوە دەبەستن، بەڵام ڕاستییەکە پێچەوانەی ئەمە نیشان دا.
لینا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری قوتابخانە، دەڵێت: دەستپێکەکە زۆر سەرکەوتووانە و ئەرێنی بوو. لە ژمارەی زۆری قوتابیانی بەشدار سەرسام بووین. چاوەڕێمان دەکرد ڕێژەی فێربوونی دوورەوە ٤٠٪ و فێربوونی ڕووبەڕوو ٦٠٪ بێت، بەڵام ئەنجامەکە جیاواز بوو، چونکە ڕێژەی بەشداربوون گەیشتە ٨٠٪. ئەمە دڵخۆشکەرە و نیشان دەدات خەڵکەکەمان دەیەوێت ژیانی خۆی بگەڕێنێتەوە سەر ڕێچکەی خۆی و سەبر، بەرخۆدان و بڕیارداریی خۆی نیشان بدات.
ئەوەی لە ناو پۆلەکان ڕوودەدات، لەوەی لە دەرەوە ڕوودەدات جیا ناکرێتەوە
مامۆستایان خۆیانیش ئەزموونی شەڕ و ئاوارەبوونیان تێپەڕاندووە و ئەمڕۆ لەگەڵ دوو بەرپرسیارێتی ڕووبەڕوون: چاودێریکردنی خێزانەکانیان و بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی ڕۆڵی پەروەردەیی خۆیان لەگەڵ قوتابیان.
مامۆستایان لەگەڵ دوو ئەرک دەمێننەوە
مامۆستا مەریم حەمزەش وتی: من ئەمڕۆ لێرەم، هەم وەک دایک و هەم وەک مامۆستا. بیر لە منداڵەکانم دەکەمەوە و لە هەمان کاتدا دەزانم دەبێت ڕۆڵی خۆم بەرامبەر قوتابییەکانم جێبەجێ بکەم.
بۆ قوتابیان، گەڕانەوە بۆ قوتابخانە بەو واتایە نییە کە ژیان گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی ئاسایی خۆی. کاریگەرییەکانی هێرش و ئاوارەبوون هێشتا لە وردەکارییەکانی ژیانیاندا هەن، بەڵام بە پەروەردەوە دەبەسترێنەوە وەک شوێنێک بۆ بەردەوامبوون و بنیادنانەوەی داهاتوو.
وڵات بە زانین بنیات دەنرێتەوە
مامۆستا ماریانا سالوم بارودۆخی ئێستای پەروەردە بەم شێوەیە باس دەکات: هێشتا ئاوارەین، لەنێوان دوو ماڵدا دەژین و لە ناوچەیەکەوە دەچین بۆ ناوچەیەکی دیکە. بەڵام باوەڕ و هیوامان هەیە کە ئەم وڵاتە تەنها بە زانین و پێشکەوتن دەتوانێت دووبارە بنیاد بنرێتەوە.
قوتابخانەکانی باشووری لوبنان تەنها پەروەردە دووبارە دەست پێ ناکەنەوە، بەڵکوو هیوا بە داهاتووش زیندوو دەکەنەوە. قوتابیان سەرەڕای برینەکانی هێرشەکان دەگەڕێنەوە بۆ پۆلەکانیان و پشتڕاستی دەکەنەوە کە پەروەردە هێشتا شوێنێکە بۆ ژیان و خاڵێکی دەستپێکە بۆ سەردەمی دوای شەڕ.