قەتحە؛ ئەو ژنەی لە زیندانی نوگرەسەلمان ڕۆژی چوار بۆ پینج تەرمی دەشت و بەخاک دەسپارد
قەتحە عەلی مەحمود شایەتحاڵی تاوانەکانی ناو زیندانی نوگرە سەلمان دەڵێت: ڕۆژی چوار بۆ پێنج تەرمم بەخاک دەسپارد کە زۆینەی ژن و منداڵ بوون.

میهرەبان سەلام
هەڵەبجە-هەڵەبجە لەسەرجەم ئەو ڕووداوە نەخوازراوانەی بەسەر کوردستاندا جێبەجێ کراوە، زیانی بەرکەوتووەو کەسوکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان هەمیشە لە بیرەوەری ئەو ڕۆژە تاڵانەدان.
لە ساڵی ١٩٨٨ دا لە هەڵمەتێکی سەربازی گەورەو پلان بۆ داڕێژراوی ڕژێمی بەعسدا لە رێی ٨ قۆناغی جیاوازەوە پرۆسەی ئەنفالی دەستپێکرد، وەکو جێبەجێ کردنێکی وردی سیاسەتی جینۆسایدی کورد و سوتماککردنی گوندەکانی کوردستان.
بەپێی گێڕانەوەی ئەوانەی لە پرۆسەی ئەنفالدا رزگاریان بووە، سەرجەم ئەوانەی کە لە ئەنفالدا دەستگیرکران لە تۆپزاوا کۆکراونەتەوەو دواتر گەنجەکان لەلایەک و ژنان و منداڵ و کەسنای بەتەمەن لە لایەکی دیکە جیا کراونەتەوە، گەنجەکان بە پاسی تایبەتی بەرەو چاڵەکانی مەرگ رەوانە کراون و ئەوانی دیکەش بەرەو زیندانی ترسناکی نوگرە سەلمان گواستراونەتەوە،
ئەوانەی بەرەو نوگرە سەلمان گواسترابوونەوە زیاتر لە ٥ مانگ لەو زیندانە ترسناکە دەستبەسەر بوون، دواتر زۆربەی ئەو خێزانە هەڵەبجەییانەش، کە لە ئێران دەگەڕانەوە دەبرانە نوگرە سەلمان، ئەو هەزاران کەسەی لە زیندانی نوگرە سەلمان دەستبەسەر بوون رۆژانە ئازاری دەستی جەلادێکیان دەچێشت، کە ناوی حەجاج تکریتی بوو، سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرە سەلمان بوو،
لە سەروبەندی دەستگیرکردنی "حەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی" ناسراو بە جەلادەکەی نوگرە سەلمان کە ڕۆژی ٣١ی تەمووزی ٢٠٢٥ دەستگیر کرا، دووبارە چیرۆکە نەبیستراوەکانی هەڵەبجە سەر هەلدەدەنەوە، چیرۆکی نەهامەتی و ڕۆژگارە تاڵەکانی ناو زیندانی نوگرە سەلمان دووبارە دێنەوە یادو کەسوکاری قوربانیان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕیی سزادانی تاوانبارانن.
دوای دەستگیرکردنی "عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی" کە چەندین تاوانی دژی گەرمیانی و بارزانیەکان و هەڵەبجەییەکان ئەنجام داوە، وابریارە سبەی ٣ی ئاب، داوای یاسایی لەدژی ئەو تاوانبارە بەرز بکرێتەوەو وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دۆسیەکە بجولینیت و کاری لەسەر بکات.
"جەستەکان بەدەمی سەگە ڕەشەکانی بیابانەوە بوون"
قەتحە علی مەحمود بە هۆی هەڵکشانی تەمەنی زۆربەی بیرەوەریەکانی لەدەستداوە بەڵام پیمان راگەیاند کە "عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی" جەلادەکەی ئەنفال دەسگیر کراوە، دوای ئەوەی سوپاسی خوای کرد وتی: رۆژ نەبووە سێ بۆ چوار جەستە نەشۆم و بەخاکی نەسپێرین، کە زۆرترین ژن و منداڵ بوون، بۆ شۆردنی جەستەیان ئاومان بە پارە دەکری و جەستەکانم دەشت و بە جلەکانی خۆیان سپاردەی خاکمان دەکردن، تا چەند جەستەیەکمان بەخاک دەسپارد، بۆ وەجبەی دووەم سەیرمان دەکرد جەستەکان بەدەمی سەگە ڕەشەکانی بیابانەوەن.
"مەگەر لە قیامەت نارەحەتیەکانمان وەربگرینەوە"
قەتحە دایکی سێ منداڵی شەهید بە حەسرەتەوە درێژەی بە قسەکانی داو وتی: ئەو نارەحەتییەی بینیمان مەگەر لە قیامەت حەقمان بسەنن، ئەم حەجاجە بە شەق قسەی لەگەل دەکردین و کە رووبەڕوومان دەبوو لە ترسا بێهۆش دەبوین، کراسێکی سپی لە بەر دەکرد و کەس نەیدەتوانی خۆی بشارێتەوە، دەستپارێزی نەدەکرد لەهەڵەبجەییەکان، قەرەداغی و هەڵەبجەیی زۆر بوون بە قوربانی، سەرجەمیان لە زیندانی نوگرەسەلمان بەدەم سەگە ڕەشەکانەوە جەستەکانیان خورا.
"حەجاج لەگەل گەنج وژنان زۆر خراپ بوو"
سەبارەت بەتاوانەکەی حەجاج تکریتی دەرهەق بە کوردی کرد، قەتحە ئەو ژنە ئەوەی بەچاوی خۆی بینیویەتی لە زیندان دەیگێڕێتەوەو وتی: لەگەڵ ژن و کوڕی گەنج خراپ بوو، یەک کوری گەنج مابویەوە بەشەق ئەیخستە ناو پیسایی و بە قاچ دەکەوتنە سەر پشتی، ژنەکانیان ئازار دەدا، ناتوانین پێناسەی بکەین، بەڵام ئازارەکان تا باس بکرێن کەمە.