قامچی لێدان، زیندانیکردن، و بەرخۆدان...ئازارەکانی ژنانی ئەفغانی لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا

لە سەردەمی حکومەتە پاوانخوازەکاندا ژن بوون تاوانە، لە ئەفغانستان لە سەردەمی تاڵیباندا ژنان بە هیوای بێدەنگکردنیان سەرکوت دەکرێن، بەڵام ئەم سەرکوتکردنە تەنها سووتەمەنی بەرخۆدانەکە دەدات.

بەهاران لەهیب

 

باکووری ئەفغانستان- ترس لە حکومەتە پاوانخوازەکانی ژنان بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە بناژۆخوازە ئیسلامییەکان حوکمڕانی دەکەن، ڕەوا و مانادارە. ئەوان درک بەوە دەکەن کە ئەگەر ژنان پێشەنگایەتی ڕاپەڕین و خەبات بکەن، ئەوا دەسەڵاتەکەیان هەڵدەوەشێننەوە. ژنان لە کۆمەڵگە پیاوسالاری و ستەملێکراوەکاندا ژیانێکی زەلیلکەر دەژین، ئەم ئەزموونە زیندووەی ستەمکاریش وایان لێدەکات زیاتر لەوانی دیکە بەرەنگاری ستەمکاری ببنەوە.

 

نموونەی مێژوویی ئازایەتی ژنان لە بەرامبەر ڕژێمە ستەمکارەکاندا زۆرن، لەوانە ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادی لە ئێران، کە تێیدا بە سەدان ژن زیندانی کران و تەنانەت حوکمی لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرا، تەنها بەهۆی نەپۆشینی باڵاپۆشی یان ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نادادپەروەری. شانبەشانی ئەوان ژنە ئازاکانی کۆبانی لەبیر ناکەین کە داعشیان ڕووخاند.

 

مێژووی جیهان پڕە لە چیرۆکی ئازایەتی ژنان؛ چیرۆکەکان کە هەندێکیان لە قووڵایی مێژووی پیاوسالاریدا لەبیرکراون. ژنانی ئەفغانستان نموونەیەکیان بۆ ئەوانی دیکە داناوە کە پەیڕەوی لێبکەن، بێ ترس و بێ وەستان شەڕیان کردووە، ڕۆڵێکی گرنگیان لە کۆمەڵگەدا گێڕاوە. تاڵیبان کە زیاتر لە سێ ساڵ بە ئایدۆلۆژیای ژنکوژی و خراپ بەکارهێنانی فێرکارییە ئاینییەکان دەسەڵاتی گرتە دەست، ٣٠ ملیۆن کەسی لەم وڵاتەدا بە دیل گرتووە. بۆ بێدەنگکردنی دەنگی دادپەروەری، بەتایبەتی ژنان، لە هەموو گۆشەیەکی کۆمەڵگەدا بە تۆمەتی ئەخلاقی سەرکوت دەکرێن.

 

سەرەڕای تاوانەکانی وەک دەستدرێژی، ئەشکەنجەی سێکسی، دەستدرێژی دەروونی و قامچی لێدانی گشتی، تاڵیبان نەیتوانیوە دەنگی ژنانی ئەفغانستان بێدەنگ بکات. ژنانی بوێر، لەنێویاندا ئەو ژنەی بۆ هەڕەشەکردن و بێدەنگکردنی گرتەیەکی ڤیدیۆیی دەستدرێژیەکەی بۆ نێردرا، ئازایانە بە لابردنی ئەو باڵاپۆشیەی تاڵیبان گرتبووی، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە، ڕاستییەکانی ئاشکرا کرد. ئەو ژنانە نەک هەر بە ئاشکرا تاوانبار کران، بەڵکو بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازیی لێکرا، ئەمە زیاتر شەرمەزارکەر بوو بۆ تاڵیبان.

 

لە ١٦ی نیساندا گۆڤاری 'غاردیان' بە هاوبەشی لەگەڵ گۆڤاری 'وومنز تايمز'، چیرۆکی دڵتەزێنی سێ ژنی بڵاوکردەوە کە بە قامچی لێیاندراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لەم ماوەیەدا زیاتر لە هەزار کەس بە ئاشکرا بە قامچی لێدراون، لەنێویاندا نزیکەی ٢٠٠ ژن.

 

یەکێک لەو ژنانە بە ناوی نەزیهە والی تەمەن ٢٨ ساڵ و هاوڵاتی پارێزگاکانی باکووری وڵاتەکەیە، هاوینێک لەگەڵ هاوژینی خوشکەکەی بۆ بینینی پزیشک چووبووە شار. لە ڕێگادا لەلایەن ئەندامانی وەزارەتی فەزیلەت و خۆپاراستن لە خراپەکارییەوە ڕاگیران، بۆیان دەرکەوت کە هاوژینی خوشکەکەیەتی. جیایان کردەوە، بردیان بۆ زیندان. نەزیهە والی بۆ ماوەی چوار شەو لە ژوورێکی تاریکدا زیندانی کرا و دواتر بە تۆمەتی "تاوانێکی ئەخلاقی" سزای ٣٠ قامچیی بەسەردا سەپێندرا. لە شوێنی لەسێدارەدانەکەدا دەرکەوت کە ئەو ژنە نەخۆشە و سزای لێدانەکەش توڕەیی گشتی لێکەوتەوە. دوای دە شەو لە زیندان، ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا. ئێستا وەک هەزاران ژنی دیکەی ئەفغانی، بەدەست کابوسێکەوە دەناڵێنێت کە پڕن لە یادەوەریی ئازاربەخشی زیندانیکردن و شەق لێدان. خۆشبەختانە بە پاڵپشتی خێزانەکەی وردە وردە دەگەڕێتەوە بۆ ژیانێکی ئاسایی.

 

فەوزیە خەلیل، چالاکوانی مافەکانی ژنان و هاوڵاتی هەمان پارێزگای نەزیهە والی دەڵێت، "مەلا هەیبەتوڵا ئەخوانزادە سەرۆکی تاڵیبان دوای ساڵێک لە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتی فەرمانی جێبەجێکردنی یاسای شەریعەت لەسەر زیندانیان دەرکرد، لەو کاتەوە جگە لە قامچی لێدانی سەدان ژن و پیاو، سزای قەیسیش بەهەمان شێوە ئەنجامدراوە، بەرپرسانی تاڵیبانیش بە شانازییەوە ئامادەی لەسێدارەدانەکان بوون بۆ ئەوەی کە کابوسەکە بڵاوببێتەوە."

 

وتیشی: تاڵیبان لەبیریان دەچێت هەرچەند فشارێک بخرێتە سەریان، ڕۆژێک دێت کە ژنان هۆکاری سەرەکی ڕووخانیان دەبن، ئەوان بە شانازییەوە بانگەشەی شکستی ئەمریکا دەکەن، بەڵام ڕاستیەکە ئەوەیە کە تەنیا بوکەڵەکان ئەو هەنگاوەیان کردووە. بەبێ پاڵپشتی دارایی بیانی حکومەتی تاڵیبان وەکو هی ئەشرەف غەنی لە شەوێکدا دەڕووخا، بەڵام چەندە باشترە ئەگەر گەلی ئەفغانستان خۆیان و بەتایبەت ژنانی ئازا بەشداری ئەم داڕمانە بکەن.

 

سەرەڕای چەوساندنەوە و زیندانیکردن و دەستدرێژی و قامچی لێدان، ژنانی ئەفغانستان بێدەنگ نەبوون. ئەوان نەک هەر لە ستەمی تاڵیبان نەترسان، بەڵکو لە ڕێگەی ئاشکراکردن و بەرخۆدان و بوێری خۆیانەوە ئاڵەنگاری شەرعیەتی ڕژێمەکەیان کرد. ئەم چیرۆکانە تەنها نموونەی دەنگی ژنانن کە ئامادەن هەر باجێک بدەن بۆ کەرامەت و دادپەروەری و ئازادی. هیوادارە ڕۆژێک بێت، دوور نەبێت، کە ئەم ئازایەتییە بەرهەمی هەبێت، تاریکی ستەمکاری لەسەر دەستی ژن و پیاوە ئازادەکانی ئەم خاکە کۆتایی پێبێت.