پشتگوێخستنی دۆسیەی داعش هەڕەشەیە بۆ دووبارە کۆمەڵکوژی هاوشێوەی فەرمانی ٧٤

هەرچەندە ١٠ ساڵ بەسەر فەرمانی ٧٤ دژی ئێزیدییەکان تێپەڕیوە، بەڵام پشتگوێخستنی دۆسیەی داعش هەڕەشەیە بۆ دووبارە کۆمەڵکوژی و فەرمانی هاوشێوە.

 

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە- لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا داعش هێرشی کردە سەر شەنگال و هەزاران ژن و خێزانی کوشت، ژنانی ڕفاندو لە بازاڕەکانی کۆیلە لە ڕەققە و موسڵ فرۆشران، ئێزیدییەکان ئەم کۆمەڵکوژییەیان بە فەرمانی ٧٤ ناوبرد، و دوای ئەوەی چەند ساڵێک بەسەر ئەم کۆمەڵکوژییە و کۆتایی جوگرافیای داعشدا تێپەڕیبوو، بەڵام هێشتا مەترسی بۆ سەر هەموو جیهان دروست دەکات.

 

فەیروز خەلیل، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکراتیک لە ڕەققەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاماژەی بەوەکرد، هلە ساڵی ٢٠١٤دا کۆمەڵکوژی شەنگال ڕوویدا، دواتر حکومەتی عێراق و پەدەکە دەستبەرداری گەلەکە بوون، قێزەونترین تاوان بوو دژی مرۆڤایەتی، ئەو وڵاتانەی بێدەنگ بوون لە بەرامبەر ئەوەی ئێزیدییەکان لە شەنگال تووشی چی بوون، هەر ئەو وڵاتانەن کە ئەمڕۆ چاویان لە دۆسیەی داعش دادەخەن، و بەردەوامی بێدەنگی ڕوودانی کۆمەڵکوژی و فەرمانی دیکەیە لە دژی گەلان و کەمینەکان و ئایینەکان لە ناوچەکە و جیهاندا.

 

"ئامانجیان شکاندنی ئیرادەی کورد بوو"

ڕوونیشی کردەوە، دوای ئەوەی داعش هێرشی کردە سەر شەنگال، ژنان لە بازاڕەکانی کۆیلە لە عێراق و سووریا و شاری ڕەققە بەتایبەتی بە دیل گیران و فرۆشران، وتی: من شاهیدی تاوانی فرۆشتنی ژنێکی ئێزیدی بووم کە تەمەنی لە ٨ ساڵ زیاتر نەبووە بە پیاوێک لە حەفتاکانی تەمەنیدا بوو، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایەی کە کاڵایەک بوو بۆ کڕین و فرۆشتن، ئەم دیمەنانە وای لێکردین هەست بە ئازار بکەین لە ترسناکیی ئەو شتانەی کە دەیبینین، زۆربەی بازاڕەکانی کۆیلە لە یاریگای شارەوانی شاری ڕەققە بوو، دواهەمینیشیان لە گەڕەکی کوردنشین بوو ئامانجیان شکاندنی ئیرادەی کورد بوو.

 

فەیروز خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک ژنی ئێزیدی هەن کە چارەنووسیان نادیارە، ژمارەیەکیشیان لە کامپی هۆل ئازادکران، ئەمەش ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە داعش هێشتا بەدوای گەڕاندنەوەی کیانەکەیدایە و ژنانیش وەک دیلی خۆیان دەبینێت، هەندێک ژن هەن ناچار بوون واز لە ئایین و کولتوور و پێکهاتەکەیان بهێنن و ببنە موڵکی داعش لە ئەنجامی ئەو پراکتیزە قێزەونانەی کە بەرامبەریان دەکرێت.

 

"ئایدۆلۆژیای داعش لەڕووی جوگرافییەوە نەماوە، بەڵام هێشتا مەترسییە لەسەر ناوچەکە و جیهان"

ئاشکراشی کرد، ئەو وڵاتانەی داعشیان دامەزراندووە، ئەو وڵاتانەن کە ئەمڕۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دەیانەوێت بەرەنگاریی بکەنەوە و کۆتایی پێبهێنن، بەو پێیەی کە ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی و داواکارییەکانیان لە ناوچەکەدا، وتی؛ ئێمەش وەک گەلانی ناوچەکە، هێشتا بەدەست ئەم تیرۆرەوە دەناڵێنن و ئایدۆلۆژیای داعش لەڕووی جوگرافییەوە نەماوە، بەڵام هێشتا مەترسی لەسەر ناوچەکە و جیهان دروست دەکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فەیروز خەلیل دووپاتی کردەوە، ئەو وڵاتانەی بێدەنگ بوون لە ئاست ئەوەی بەسەر شەنگال و گەلەکەی هاتووە، ئەمڕۆش بێدەنگن و چاویان لە دۆسیەی داعش و مەترسییەکانی بۆ سەر ناوچەکە و جیهان کوێرە، لەم قۆناغەدا و لە ژێر ڕۆشنایی ئەو مەترسییەی داعش دروستی کردووە، پێویستە هەموو گەلان دیدگا و هۆشیاریی سیاسییان هەبێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم مەترسییە کە هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکات.