"پرسی ڕۆژئاوا پرسێکی نەتەوەییە و دەبێت هەمووان بەرپرسیار بین"
گەشە دارا، چالاکوانی سیاسی، پێیوایە کە پرسی ڕۆژئاوا پرسێکی نەتەوەییەو وتی: پێویستە کوردانی هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان، بۆ ڕۆژئاوای کوردستان خۆیان بە بەرپرسیار بزانن و هەر جۆرێک لە هاوکارییان پێدەکرێت، پێشکەشی بکەن.
دیدار شەهلا
سلێمانی- هێرش و داگیرکارییەکانی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ٢٧ی تشرینی دووەمەوە بەردەوامی هەیە، بەهۆی ئەم دۆخەوە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ئەم ناوچانە ئاوارەبوون و ماڵ و گوزەرانی خۆیان لێشێواوە، بەم هۆیەوە لە باشووری کووردستان چەند هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ڕاگەیەندراوە، بەڵام بەهۆی داخستی سنووری سێمێلکا بە ڕووی کوردانی ڕۆژئاوادا لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە و ڕێنەدان بە کردنەوەی سنوورەکە، وەرگرتنی هاوکارییەکان سنوردارە، هەروەها ئاوارە و کۆچبەرەکان، وێڕای ئەو دۆخە ناخۆشەی کە هەیانە، ناتوانن دەربازی باشووری کوردستان ببن.
"پێویستە هەمووان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بین"
گەشە دارا، چالاکوانی سیاسی، لەبارەی دۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان و هەبوونی هێرشی چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەریان، بە گرنگی زانی کوردان لە هەر سێ پارچەکەی تری کوردستان بەرامبەر بەم دۆخە یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن و وتی: ڕۆژئاوای کوردستان لە ئێستادا لە دۆخێکی قورس و لەبەردەم هەڕەشەیەکی گەورەدایە، ئێمەی کورد لە هەموو پارچەکانی تری کوردستان پێویستە لەم دۆخەدا یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی خۆمان پیشانی دۆست و نەیارەکانیشمان بدەین، چونکە ئەمە پرسێکی گرنگی نەتەوەییە و ئێمە گەلێکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیەین، دەبێ لەسەر مێزی گفتوگۆی دۆستەکانیشمان بەم یەک دەنگییە پرسێکی گرنگ بین، بەتایبەت کورد لە باشووری کوردستان پێویستە بەرپرسیارانە هەر کارێکمان لە ڕووی مرۆڤایەتی و سیاسیی و بانگەوازی کردن لە ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ پێدەکرێت بیکەین.
"با منداڵەکانی ئەوان وەک منداڵی خۆمان ببینین"
هاوکات لەبارەی داخستنی سنووری سێمێلکا بە ڕووی ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا، باسی لەوە کرد کە ئەم کێشەیە زۆر کۆنە و ١١ ساڵ پێش ئێستا، لە کاتی شەڕی داعش و ئاوارەبوونی کوردانی ڕۆژئاوا، خۆی و چەند پەرلەمانتاریکی تر بۆ هەمان کێشە چوونەتە ئەو سنوورە، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فشارەوە سنوورەکە بەڕووی ئاوارەکاندا بکرێتەوە، لەو بارەیەوە وتیشی: ئەوکات ئێمە توانیمان لە ڕێی پەیوەندی و فشار درووستکردنەوە، سنورەکە بکەینەوە و بەشێکی زۆری ئاوارەکان لە سلێمانی و هەندێکی تریان لە کامپێکی هەولێر نیشتەجێ بوون، لە ئێستاشدا پێویستە سنوورەکە بەڕووی ئاوارە و کۆچبەرەکاندا بکرێتەوە، چ بۆ هاتنیان بۆ باشووری کوردستان بێت، چ بۆ گەیاندنی هاوکاریی و کۆمەکەکان بێت بەدەستییان، با ئێمە منداڵەکانی ئەوان وەک منداڵی خۆمان ببینین، لەو سەرمایە بە بێ جلوبەرگ و خواردنی پێویست چۆن دەتوانن بمێننەوە، بۆیە دەبێت دەسەڵاتداران بزانن کە لەم پرسە نەتەوەییانەدا کورد لە هەر پارچەیەک بێت یەک دەنگە.
"داخستنی سنووری سێمێلکا پێشێلکردنی دەستوورە"
هەروەها باسی لەوەشکرد کە داخستنی سنووری سێمێلکا پێشێلکردنی دەستوور و یاسایە، چونکە بە بڕیاری پەرلەمان ئەو سنوورانە کراونەتەوە و دەبێت بەس بێت پێشخستنی بەرژەوەندی تاکە دەسەڵاتدارەکان، هەر هەبوونی ئەم ململانێ سیاسییانەیە وایکردووە جیاوازی لەنێوان هەردوو شاری سلێمانی و هەولێر بکرێت و لە سلێمانی ڕێگە بە هەبوونی خۆبەڕێوەبری ڕۆژئاوا بدرێت، بەڵام لە هەولێر ڕێگەی پێنەدرێت، لە کاتێکدا لە یاسادا ئەو دوو شارە هەردووکیان شاری باشووری کوردستانن و جیاوازییان نییە.
"لە بەرخۆدانی کۆبانێ و عەفریندا، کورد یەکڕیزی خۆی نیشاندا"
لە کۆتاییدا گەشە دارا ئاماژەی بەوەدا، کە کوردانی باشوور بە تەواوەتی بەرپرسیارێتی خۆیان بەرامبەر بەم پرسە نەتەوەییە پیشانداوە وتیشی: ئەم یەکگرتووییەی کورد لەم پرسە نەتەوەییەدا هێزێکە کە دەسەڵاتداران دەتوانن بیقۆزنەوە بۆ بانگکردنی ڕێکخراوە جیهانییەکان بۆ پرسی کورد، گەر بیرمان بێت کوردەکان زۆرباش ڕووبەڕووی ڕژێمی تورک بوونەوە کاتێک جینۆسایدی کوردی دەکرد لە عەفرین، هەروەها لە بەرخۆدانی کۆبانێشدا بە هەمان شێوە یەکڕیزی خۆیان پیشاندا.