نیزام خەلیل: بێکاری و هەژاری لە سووریا دەگاتە ئاستی خۆکوشتن
نیزام خەلیل، ئەندامی ماڵی ژنانی قامیشلۆ دەڵێت: قەیرانە ئابوورییەکانی سووریا کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، ڕێژەی بێکاری ژنان زۆر زیاترە لە پیاوان و ئەگەر ڕێوشوێن نەگیرێتەبەر، توندوتیژی و هەژاری و ڕووداوەکانی خۆکوژی زیاتر دەبن.
سۆرگول شێخۆ
شنگال- سووریا لە هەموو کاتێک زیاتر ڕووبەڕووی قەیرانی ئابووری بووەتەوە، گەل چاوی لە حکومەتی کاتی سووریایە کە بڕیار بوو ژێرخانی ناوچەکە بەهێز بکات و کێشە کۆمەڵایەتییەکانی وەک سووتەمەنی و دروستکردنی ڕێگاوبان و دابینکردنی خۆراک و ئاو چارەسەر بکات و کاتژمێرەکانی کارەبا درێژبکاتەوە بە نرخێک کە لە هێزی ئابووری کۆمەڵگە تێنەپەڕێت، بەڵام ئەوەی لە سووریا و هەموو پارێزگاکانیدا ئەزموون دەکرێ، زیادبوونی ڕۆژانەی قەیرانە ئابوورییەکانە.
نیزام خەلیل، ئەندامی ماڵی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان لە شاری قامیشلۆ سەبارەت بە کاریگەرییەکانی قەیرانە ئابوورییەکان لەسەر ژنان و داواکارییەکانی بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کرد.
”قەیرانە ئابوورییەکان ڕێگە خۆش دەکەن بۆ زیادبوونی چەوساندنەوەی ژنان”
نیزام خەلیل سەرەتا سەرنجی بۆ ئەو قەیرانە ئابوورییە ڕاکێشا کە لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە و ڕایگەیاند، کە ئەمە نەک تەنها لە سووریادا ئەزموون دەکرێت، بەڵکو لە هەموو جیهاندا ئەزموون دەکرێت، وتی: لە ڕێگەی قەیرانە ئابوورییەکانەوە هەوڵ دەدرێت زیاتر ئیرادە و دەسەڵات و بوونی ژنان کۆنترۆڵ بکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کێشەی خێزانی و هەندێکجار دەگاتە ئەو ئاستەی کە دایک لەبەر بێدەسەڵاتی واز لە منداڵەکەی دەهێنێت، چونکە ناتوانێت شیر و خۆراک دابین بکات.
نەبوونی سەرچاوەی دارایی و قەیرانی بێکاری
نیزام خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا، دوای دۆسیەی جیابوونەوە، بەشێک لە دایکان ناچار دەبن بۆ ماوەیەک منداڵەکانیان ڕادەستی باوکیان بکەن وتی: چونکە ژنان سەرچاوەی داراییان نییە بۆ بژێوی ژیانی خۆیان و منداڵەکانیان، پشت بەم ساتەوەختە دەبەستن، لە هەفتەیەکدا نزیکەی ٣-٤ حاڵەتی کێشەی خێزانی، کێشەی هاوسەرگیری، فشارە دەروونی و ئابوورییەکان، جگە لە سەختییەکانی ژیانمان پێدەگات، کار بوونی نییە و ژن کەوتوونەتە ژێر کاریگەری قەیرانی ئابووری، بەڵام قەیرانی بێکاری لە سووریا لە بەرزترین ئاستدایە.
’نەبوونی ژنان لە بازاڕدا فشارە ئابوورییەکان زیاد دەکات”
نیزام خەلیل ڕایگەیاند، تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو قەیرانی ئابووریدایە، بەڵام فشارەکان لەسەر گەلی سووریا توندترن، هەروەها کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەم دۆخەی لەسەر ژیانی ژنان وتی: زۆر حاڵەتی جیابوونەوە ڕوودەدات و هۆکاری سەرەکی ئەمەش زیادبوونی توندوتیژییە دژی ژنان، زۆربەی ژنان لە کاتی قەیرانە ئابوورییەکاندا هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوە دەدەن، بەهۆی لاوازییەوە ڕوو لە کارەکانی ماڵەوە دەکەن، لە پاککردنەوەی ماڵەوە تا شۆردنی شەقامەکان، نەبوونی ژنان لە کەرتی بازاڕ و بازرگانی و هەروەها نەبوونی کارگە و کۆمپانیا و دوکانی تایبەت، بۆتە کێشەیەکی جیددی بۆ ژنان، ئەگەر ژنان ئابوورییەکی سەربەخۆیان هەبوایە و لە کەرتی ئابووریدا بەهێز بوونایە، قەیرانە ئابوورییەکان نەیاندەتوانی ئەوەندە کاریگەرییان لەسەر ژیانیان هەبێت.
”بێکاری ژنان زۆر زیاترە لە پیاوان”
نیزام خەلیل سەرنجی بۆ دیاردەیەک ڕاکێشا کە لەم دواییانەدا لە زۆرێک لە پارێزگاکانی سووریا زیادی کردووە و وتی: بێکاری ژنان زۆر زیاترە لە پیاوان، ئەمڕۆ ژنان بە جانتای بەتاڵەوە بەدوای شتێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی بیخەنە ناو جانتاکانەوە و بیفرۆشن، بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی منداڵەکانیان دابین بکەن، ئەمەش خۆی لە خۆیدا جۆرێکە لە توندوتیژی، لە هەمان کاتدا هیچ یاسا و ڕێسایەک نییە کە مافە یاسایی و تەندروستی و کۆمەڵایەتییەکانیان بپارێزێت، پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان (NY) و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ یاسا بۆ ئەو ژنانە دەربکەن بۆ ئەوەی مافی ژیانیان پارێزراو بێت و بوارەکانی ژیان و ئابوورییان پەرەی پێبدرێت.
ڕووداوە دڵتەزێنەکان لە سووریا
نیزام خەلیل سەرنجی بۆ ڕووداوی ئەو ژنە ڕاکێشا کە لە نهۆمی سێهەمی شاری حەلەبەوە خۆی هەڵداوە، هەروەها مەترسییەکانی ڕووبەڕووی ژنانی بەم شێوەیە هەڵسەنگاندووە: شوێنی ئازار و خەم و پەژارەیە کاتێک ژنان بەهۆی برسێتی و توندوتیژی و هەژارییەوە لە باڵەخانە بەرزەکانەوە خۆیان هەڵدەدەن و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن، داگیرکردنی ماف و ژیان و ئیرادە نادادپەروەرییەکی گەورەیە بەرامبەر بە ژنان، نەک هەر ئەم ڕووداوە، زۆر حاڵەتی خۆکوشتن و کوشتن و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی ڕوودەدات ژنان بناغەی ژیانی خێزان و کۆمەڵایەتین، بۆیە ئەوانەن کە زۆرترین کاریگەری ئەم دۆخەیان لەسەرە.
”دەبێت چارەسەری دەستبەجێ بدۆزرێتەوە”
نیزام خەلیل ئاماژەی بەوەدا، کە دەبێت حکومەتی کاتی خۆی بە بەرپرسیار ببینێت بەرامبەر بە گەل و پابەندبوونی خۆی بەرامبەر بە گەل جێبەجێ بکات، لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: دەبێت حکومەتی ئێستا کۆتایی بە قەیرانە ئابوورییەکان بهێنێت، بەهۆی ئەم قەیرانەوە پیاوێک کە منداڵێکی بەدەستەوە بوو، بەنزینی بەسەر خۆیدا ڕشت و تا ئاگری لە خۆی بەدا، ئەگەر حکومەتی کاتی دەستبەجێ قەیرانی ئابووری چارەسەر نەکات، زۆرێک لە تاوانەکانی وەک کوشتن، خۆکوشتن، سووتاندن و لەشفرۆشی زیاتر دەبن، زۆر گرنگە ئەم قەیرانە بە خێرایی چارەسەر بکرێت و ئازارەکانی گەل دوا نەخرێت، ڕێگای گەیشتن بە یەکسانی و دادپەروەری لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەدایە.